
سه‌ره‌تا به پێویستی ده‌زانم ئاماژه بۆ ناونیشان‌و میتۆدی خستنه‌ڕووی ئه‌م بابه‌ته بكه‌م. ئاماژه‌كردن به سه‌رده‌می توندڕه‌وی له ناونیشانی بابه‌ته‌كه نزیكه له‌و ناونیشانه‌ی ئیریك هۆبسباوم له به‌شی چواره‌می چوارینه‌كه‌ی به‌كارهێناوه‌ی، كه ناونیشانه‌كه‌ی The age of extremes سه‌رده‌می توندڕه‌وی‌و، پێش ئه‌و به‌شه هۆبزباوم سه‌رده‌می شۆڕش 1789ـ1848، سه‌رده‌می سه‌رمایه1848ـ 1875و سه‌رده‌می ئیمبراتۆری 1875ـ 1914 نوسیوه.
به بۆچوونی من ئه‌و بابه‌ته‌ی له هه‌ر چوار به‌رهه‌مه‌كی هۆبزباوم واته له هه‌ر چوار سه‌رده‌مه‌كه، هاوبه‌شه و بوونی هه‌بووه و ئێستا هه‌یه، بابه‌تی توندوتیژی و توندڕه‌وه‌ییه كه سیفه‌ت و مۆركی هاوبه‌شی هه‌ر چوار سه‌رده‌مه‌كه‌یه.
بنه‌مای بیركردنه‌وه له‌م باسه‌مدا له چوارچێوه‌ی بیرۆكه‌یه‌كی گرنگی ماركسه كه پێی وایه ده‌كرێ مێژوو به هه‌مووكی (كلی) ببینرێت و شیبكرێته‌وه. ئه‌م بۆچوونه له سه‌رده‌می ئێستادا بنه‌مای شیكردنه‌وه و داڕشتنی بیروبۆچوونه له جیهانێكی گرێ‌دراو به یه‌كتر، كه هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك له دوورگه‌یه‌كی دابڕاو له ژیانی ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تی نییه.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م بۆچوونه ئه‌م خاڵانه سه‌باره‌ت به تابلۆی توندتیژی‌و توندڕه‌وی ده‌خه‌مه ڕوو:
1ـ خوێندنه‌وه بۆ شه‌ڕ له ڕِوانگه‌ی شوناسی كۆمه‌ڵگاكان‌و ململانییه لۆكاڵییه‌كان‌و هۆكاره ناوخۆییه‌كان، جیاناكرێته‌وه.
2ـ ته‌ماشانه‌كردنی شه‌ڕ‌و ڕووداوه‌كان به شێوه‌یكی تجریدی‌و جیاكردنه‌وه‌ی له ناكۆكی‌و ململانییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چ ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی به پاشخانی مێژوویی ململانییه‌كان هه‌یه، یان گۆڕانكارییه نوێكانی دوای كۆتایهاتنی دوو جه‌مسه‌ری‌و زه‌مینه‌خۆش بوون بۆ په‌یدابوونی جه‌مسه‌ری ئیقلیمی، كه بۆ نموونه یه‌كێك له‌و جه‌مسه‌رانه كارتێكردنی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه، ئێرانه وه‌ك جه‌مسه‌رێكی ئیقلیمی‌و كارتێكردنی له لوبنان و سوریا و یه‌مه‌ن و عێڕاق و بوونی ململانێ له گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل، هه‌روه‌ها توركیا وه‌ك جه‌مسه‌رێك كه كارتێكردنی له‌سه‌ر شه‌ڕی ئازه‌ربێجان‌و ئه‌رمینیا‌و ڕه‌وشی لیبیا، جگه له ڕواڵه‌ته‌كانی په‌یدابوونی فره‌جه‌مسه‌ری كه به بۆچونی من ئێستا جیهان له قۆناغی گواستنه‌وه بۆ فره‌جه‌مسه‌ریدایه.
3ـ جیانه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م بابه‌ته له پاشخانی ڕه‌وشی جیهانی و گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كێشه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م.
له تێكڕای ئه‌م خاڵانه‌ی باسم كردن ئایا كۆمه‌ڵگای نێوه‌وڵه‌تی توانای ئیداره‌كردنی قه‌یرانه‌كان و ڕێگاگرتن له شه‌ڕ و توانای چاره‌سه‌ركردنی هه‌یه؟
یه‌ك/ سه‌ده‌ی بیست كۆتایهات، به‌ڵام كێشه و قه‌یرانی زۆری بۆ سه‌ده‌ی بیسته‌یه‌كه‌م گواسته‌وه، كه دزێوترینیان شه‌ڕه و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به قه‌یرانی ئێستای سه‌رمایه‌دارییه‌وه هه‌یه به‌تایبه‌تی نیولیبرالیزم‌و ئۆلیگارشی ده‌سه‌ڵاتدار له ناوه‌نده سه‌رمایه‌داره‌كان‌و ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانیان له ئۆلیگارشی سه‌رمایه‌داری وابه‌ست له باشوردا په‌نا بۆ به‌رده‌وامبوونی چاوگه‌كانی بارگرژی‌و به‌رپاكردنی شه‌ڕ ده‌به‌ن.
له ماوه‌ی نێوان كۆتایهاتنی دووه‌مین جه‌نگی جیهان تا ساڵی 2020 توێژینه‌وه‌كان له بواری پێكدادانه سه‌ربازییه‌كان ئاماژه بۆ 285 پێكدادانی سه‌ربازی ده‌كه‌ن 122یان شه‌ڕی ئه‌هلی بووه و 35یان جه‌نگ نێوان ده‌وڵه‌تان، 45 جه‌نگ دژ به ڕێكخراوێكی بیانی و 83 له شه‌ڕه ئه‌هلییه‌كان بۆته شه‌ڕی نێوده‌وڵه‌تی.
ئاماره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چی ده‌ڵێن؟
ــ له ماوه‌ی ساڵی ٢٠٢٤دا، ٦١ شه‌ڕی چه‌كداری له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت له ٣٦ وڵات‌دا تۆماركردووه،.
ــ به‌پێی ڕاپۆرتی دامه‌زراوه‌ی توێژینه‌وه‌ی ئاشتی ئۆسلۆ (PRIO) كه له ساڵی ٢٠٢٦دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ژماره‌كه بۆ ٦٥ شه‌ڕی چه‌كداری له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت له ٣٥ وڵات‌دا به‌رزبووه‌ته‌وه.
ــ ڕاپۆرتی ئۆپسالا/PRIO ژماره‌ی كوژراوانی په‌یوه‌ست به شه‌ڕه چه‌كدارییه‌كان له ساڵی ٢٠٢٥دا به زیاتر له ٢٥٥ هه‌زار كه‌س خه‌مڵاندووه.
ــ ئۆپسالا له ساڵی ٢٠٢٠دا ٥٦ شه‌ڕی چه‌كداری له‌سه‌ر ئاستی ویلایه‌ته‌كان و له ساڵی ٢٠٢١دا ٥٤ شه‌ڕی چه‌كداری تۆماركردووه.
ــ : دیارترین شه‌ڕ و ململانێكان چین كه پێویسته بخرێنه ناو وێنه‌ی گشتییه‌وه؟:
ئه‌وروپا: شه‌ڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و پێكدادانه‌كانی په‌یوه‌ندیدار له ناو خاكی ڕووسیادا.
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست: غه‌ززه و ئیسرائیل، سودان (به كه‌ڵك وه‌رگرتن له پۆلێنبه‌ندی جوگرافیای فراوانی ناوچه‌كه)، یه‌مه‌ن، سوریا، عێراق، لوبنان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل و ئێران.
ئه‌فریقا: سودان، ئه‌سیوپیا، سۆماڵ، ڕۆژهه‌ڵاتی كۆماری دیموكراتی كۆنگۆ، مالی، بوركینافاسۆ، نه‌یجه‌ر، نه‌یجیریا و مۆزه‌مبیق.
ئاسیا: میانمار و ئه‌فغانستان و گرژی و پێكدادانه‌كانی نێوان هیندستان و پاكستان و له نێوان ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا له باشووری قه‌فقاز.
ئه‌مریكا: توندوتیژی چه‌كداری له هایتی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گروپه چه‌كداره‌كان و ده‌وڵه‌ت له مه‌كسیك و كۆڵۆمبیا، له‌گه‌ڵ پێویستی جیاكردنه‌وه‌ی تاوانی ڕێكخراو و شه‌ڕ به مانا ئامارییه‌كان.
ــ زۆر گرنگه هه‌موو ئه‌م حاڵه‌تانه وه‌ك شه‌ڕی نێوده‌وڵه‌تی نه‌زانرێت؛ هه‌ندێكیان شه‌ڕی ناوخۆن، هه‌ندێكیان ململانێی ناوخۆیین له‌گه‌ڵ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی، هه‌ندێكیان پێكدادانی نێوان دوو ده‌وڵه‌تن، هه‌ندێكیشیان توندوتیژی چه‌كداری سیاسی یان تاوانكارین.
پێنجه‌م: ئه‌نجامی مێژوویی و سیاسی چییه؟
1- زیادبوونی ژماره‌ی ململانێكان: گۆڕان له 56 شه‌ڕی چه‌كداری به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت له ساڵی 2020 بۆ 65 شه‌ڕ له ساڵی 2025، به‌پێی داتاكانی دامه‌زراوه‌ی توێژینه‌وه‌ی ئاشتی ئۆپسالا ئۆسلۆ (UPI)، ئاماژه‌یه بۆ فراوانبوونی دیمه‌نی ململانێكان، نه‌ك ته‌نها چڕبوونه‌وه‌ی یه‌ك شه‌ڕ.
2- كاڵبوونه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان: زۆرێك له شه‌ڕه‌كانی به‌ڕواڵه‌ت ناوخۆیی په‌یوه‌ست بوون به ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌ره‌كی، یان دابینكردنی چه‌ك و پاره و پشتیوانی هه‌واڵگری، ئه‌مه‌ش وایكردووه جیاوازی نێوان شه‌ڕی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی كه‌متر ڕوون بێت.
3- گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی ده‌وڵه‌تان: شه‌ڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، پێكدادانه‌كانی نێوان هیندستان و پاكستان، په‌ره‌سه‌ندنی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هه‌ندێكی دیكه‌ش ئاماژه‌ن بۆ دابه‌زینی توانای میكانیزمی ڕاگرتن و دیپلۆماسی بۆ ڕێگریكردن له هه‌ندێك ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی.
4- به‌رزبوونه‌وه‌ی تێچووی مرۆیی: خه‌مڵاندنه‌كانی ساڵی 2025، كه به‌پێی ئاماری ئۆپسالا 255 هه‌زار مردن به‌هۆی ململانێی تێپه‌ڕاندووه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی توندی توندوتیژییه‌كانه. گرنگه ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه ئه‌م ژمارانه پۆلێنه تایبه‌ته‌كانی مردن له‌خۆده‌گرن و مه‌رج نییه نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو قوربانییه مه‌ده‌نی و ناڕاسته‌وخۆكان بكه‌ن.
5- گۆڕانی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی: فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و هێرشی دوور مه‌ودا و ئامانجگرتن به یارمه‌تی AI و شه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی تادێت ده‌بنه توخمێكی دیار له ململانێكانی هاوچه‌رخدا.
دوو/ یه‌كێك له بابه‌ته گرنگه‌كانی شه‌ڕی ئه‌م سه‌رده‌مه گۆڕانكارییه به مانای سیاسی و ته‌كنه‌لۆجیكه‌ی.. له شه‌ڕی ئێستادا بۆمبی زیره‌ك به‌كارده‌هێنرێت، هه‌ڕه‌شه‌كردن و مه‌ترسی له‌سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و تێكدانی ژێرخانی كۆمه‌ڵگایی و باڵاخانه‌ی شاره‌كان و دامه‌زراوی ئابووری له شه‌ڕه‌كاندا زیاتر فراوان ده‌بێت.
بۆ نموونه با بڕوانینه شه‌ڕی ئۆكرانیا.. گرتنی دیلی مه‌ده‌نی و ژن و منداڵ له لایه‌ن حماس و شاڵاوی خاپوركردنی غه‌زه و بالاخانه‌كانی و مردنی خه‌ڵكی سیڤیل و مندالان له غه‌ززه. له هه‌مان كاتدا با شه‌ڕی داعش و ڕه‌وشی ژنه ئێزیدییه‌كانمان له بیر نه‌چێت.
سێ ــ له‌م شه‌ڕانه‌دا هێزی ته‌قلیدی ده‌وڵه‌ت به‌لاوازی ده‌رده‌كه‌وێت‌و میره‌كانی شه‌ڕ (ئه‌میره‌كانی جه‌نگ) و میلشیا و كۆمپانیاكان سه‌ربازییه‌كان ڕۆڵ ده‌بینن.
بۆ نموونه: فاگنه‌ر. پشتبه‌ستن به میلشیا له جیاتی سوپا (حشد).. كۆمپانیا تایبه‌ته‌كانی بواری ئه‌منی ...داعش.
چوار/ ده‌كرێ گروپێك یان میلشیایه‌كی ژماره كه‌م‌و ڕاسته‌وخۆ له ژێر كۆنتڕۆڵی هیچ ده‌وڵه‌تێك نه‌بێت شوێن و جوگرافیایه‌ك یان پانتاییه‌كی فراوان داگیر بكات وه‌ك نموونه‌ی داعش.
پێنج/ په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆجیای مه‌ترسیدار و بازرگانی به چه‌ك ئه‌گه‌ری وه‌ده‌سهێنانی چه‌كی په‌ره‌سه‌ندوو یان كوشنده‌ی بۆ گروپێكی توندڕه‌وی میلشیایی درووست كردووه.
بۆ نموونه: داعش و قاعیده و ڕه‌وته ئیراهبییه‌كان ..ته‌قینه‌وه‌ی ناوه‌ندنی بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی.
به گشتی له سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌و تا ئێستا جیهان له سایه‌ی شه‌ڕی سارد‌و گه‌رمدایه‌و سه‌رده‌می جه‌نگ كۆتایی نه‌هاتووه‌و له چاره‌گه یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مدا شه‌ڕ به‌رده‌وامه.
ــ له تێكڕای ئه‌م خاڵانه‌ی باسم كردن، بابه‌تێك دێته پێشه‌وه ئه‌ویش تیرۆری ده‌وڵه‌ت‌و تیرۆری ڕێكخراوه‌ی سیاسییه‌و، پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن په‌لاماردانی حماس له 7ی نۆڤه‌مبه‌ر و شاڵاوه‌كانی سوپای ئیسرائیل و، گروپه فاشیسته‌كانی ئۆكرانیا كه له 2014وه چالاكی سه‌ربازی ده‌كات و كاره‌كانی فاگنه‌ر و ڕه‌فتاری سوپا‌و هێزه سه‌ربازییه‌كانی ده‌وڵه‌ت دژ به نه‌یاره سیاسییه‌كانیان له شوێنی جۆراجۆردا چۆن پۆلێن ده‌كرێن، به‌تایبه‌تی كه حاڵه‌تی كوشتنی به كۆمه‌ڵ ئه‌نجام ده‌درێت.
بۆچی بارگرژی‌و شه‌ڕ به‌رده‌وامه
ئه‌وه‌ی ڕچاو ده‌كرێت، له چاره‌كه یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مدا جه‌نگ و پێكدانانه سه‌ربازییه‌كان به‌رده‌وامه و، پێم وایه‌به‌شێك له هۆكاره‌كان ئه‌مانه‌ن:
1ــ شكستیبوونی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌كان و نه‌بوونی میكانیزمێك بۆ سه‌پاندنی چاره‌سه‌ره‌كان. به نیسبه‌ت مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستینه‌وه له 1948وه بڕیاڕی دوو ده‌وڵه‌ت هه‌یه و جگه له ڕێكه‌وتنه‌كانی ئۆسلۆ نێوان ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل.
2ــ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ڕه‌وتی ڕۆشنفیكری و گرفته‌گانی مۆدیرنه و فراوانبوونی هه‌ژموونی ڕه‌وته ئاینییه‌كان. نموونه: ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی حه‌ماس به‌سه‌ر غه‌ززه و ده‌ركردنی ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی له 2007 و، هه‌ژموونی ڕه‌وته ئایینه جووه‌كان و ڕاستڕه‌وه‌كان له ئسرائیل.
3ــ لاوازی ڕه‌وتی چه‌پ له جیهان و نه‌بوونی ئاراسته‌ی هاوبه‌ش له تێڕوانین و بۆچوون و، درووستنه‌بوونی بزوتنه‌وه‌یكی جیهانی بۆ ئاشتی، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕای گشتی جیهان هه‌بێت. بۆ نموونه سه‌باره‌ت به شه‌ڕی ئۆكرانیا حزبه كۆمۆنیسته‌كانی جیهان سێ بۆچوون‌و هه‌ڵوێست جیاوازیان هه‌یه. حزبه شیوعییه‌كانی ده‌وڵه‌ته عه‌ربییه‌كان سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی دۆزی فه‌له‌ستین به‌شێكیان له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تن و به‌شێكیان باس له یه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن.
ئه‌م لاوازییه له كاتێكدایه، شه‌ڕ له وڵاتانی باشور یان سه‌رمایه‌داری وابه‌ست كارتێكردنی نه‌رێنی له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئه‌وروپادا هه‌یه و، شه‌ڕ له ئۆكرانیاش نه‌بوو به هانده‌ری بزافی دژه شه‌ڕ له ئه‌وروپادا.
4ـ ڕۆڵی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له وروژاندنی گوتارێكی پۆپۆلیستی، كه پشت به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ده‌به‌ستێت، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له چوارێوه‌ی ڕاده‌ڕبڕینی بۆچونێكی جیاوازبێت. بۆ نموونه ڕاگه‌یاندن و نوسه‌رانی عه‌ره‌ب پۆپۆلیستانه دژ به هه‌ڵویستی میانڕه‌وی (هابرماس) سه‌باره‌ت به شه‌ڕی غه‌ززه، بوون.
5ــ ئه‌م خاڵه هاوكاته له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی ڕاستڕه‌وه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌وروپا. نموونه: سوئید و هۆڵه‌ندا‌و هه‌نگاریا‌و ئیتاڵیا‌و دانمارك‌و بوونی هه‌ژمونی دژه بیانی‌و په‌ناهه‌نده له ئه‌وروپا.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وشه له ناوه‌نده سه‌رمایه‌داره‌كان‌و سه‌رمایه‌داره وابه‌سته‌كان حاڵه‌تی په‌نابردنه به‌ر هێزی ڕاستڕه‌و و كۆنه فاشی‌و هێزی ئاینی سیاسی‌و گروپی توندڕه‌و تیرۆری خوڵقاندووه، له ڕه‌وشێكدا سیستم‌و یاسای نێوده‌وڵه‌تی ئیفلیجه.
سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌م له فه‌وزاییه‌كی جیهانیی گشتگیردایه و، تا ئێستا میكانیزمێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی یان كۆنتڕۆڵكردنی قه‌یرانه‌كان له ئارادا نیه.
به‌شێك له‌و بێسه‌روبه‌رییه بۆ هۆكاری ئابووری ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌وانه:
1ــ فراوانبوونی كه‌لێن نێوان باكوڕی ده‌وڵه‌مه‌ند‌و باشوری هه‌ژار.
2ــ كارتێكردنی قه‌یرانه‌كانی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر چاره‌نووسی چینی ناوه‌ند له جیهاندا، ئه‌مه‌ش به هۆی وازهێنان له چه‌مكی "ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران" له ئه‌وروپا و وابه‌سته‌یی و ئابووری به‌رخۆر له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جگه له چین و ژاپۆن و كوریای باشور كه گه‌شسه‌ندنی تێدایه.
3ـ بوونی بزافی ناڕه‌زایی و قایل نه‌بوون، بێ ئه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌ی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان بخرێنه ڕوو. ئه‌مه‌ش نازیزم و ئیسلامی سیاسی توندڕه‌و و پۆپۆلیستی به‌رهه‌مهێنا. له كاتێكدا تێگه‌یشتنی شوناسی كێشه و قه‌یرانه‌كان بنه‌مای چاره‌سه‌ركردنێتی.
ـــ ئایا ئه‌م تابلۆیه به‌م جۆره بنبه‌ستییه ده‌مێنێته‌وه، یان له نێو خودی قه‌یرانه‌كاندا ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ركردن و ده‌رفت هه‌یه؟
بێگومان كۆمه‌ڵگا ناوخۆییه‌كان و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا، له دۆخی جه‌قبه‌ستوویی و وه‌ستاودا نین و، هه‌رده‌م واقع و خوێندنه‌وه‌ی ریالیستیانه خاڵی نوێمان ده‌خاته به‌رچاو له‌وانه:
1ــ فراوانبوونی جیهانگیری كه به پێی په‌یمانگای ئابووری سویسرا ژماره‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له ساڵی 1970 گه‌یشتونه‌ته پێوه‌ری جیهانگیری 14 ده‌وڵه‌ت بوو و له 2021، 98 ده‌وڵه‌ته.
ـ حاڵه‌تی تێكه‌ڵبوونی بانكه‌كان له 1985، 247 حاڵه‌ت بووه. له 2020 بریتییه له 1316 حاڵه‌ت.
ـ 338 كۆمپانیای ئه‌مه‌ریكی له چین كارده‌كات و 90 كۆمپانیا له‌وانه به‌رهه‌مه‌كانی له چیندا ده‌فڕۆشڕێت. هه‌روه‌ها 2400 كۆمپانیا له ئه‌مه‌ریكا كار ده‌كات كه سه‌رمایه‌كه‌یان چینیه.
ـ 19% قه‌رزی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لای چینه، كه 1,17 تریلۆن دولاره و 2,6 ملیۆن فه‌رمانبه‌ری ئه‌مه‌ریكی بۆ ئه‌و كۆمپانیانه كارده‌كه‌ن، كه به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ پێداویستییه‌كانی بازاڕی چینه.
ـ60 هه‌زار كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌ز نیوملیۆن لقی هه‌یه و نیوه‌ی بازرگانی جیهانییان كۆنتڕۆڵ كردووه.
2ــ ئه‌م خاڵانه‌ی په‌یوه‌ندییان به جیهانگیرییه‌وه هه‌یه كارتێكردنی له‌سه‌ر ئیداره‌كردنی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌یه له سایه‌ی گۆڕانكاری له هێزی ئابووری جیهان‌و گۆڕانكاری له هه‌ره‌می دانیشتوان‌و كه‌ڵه‌كه‌بوونی دانیشتوان له شاره‌كان‌و به‌خێرا په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنۆلۆجیا‌و گۆڕانكاری ژینگه‌و كه‌شوهه‌وا‌و گرفته‌كانی وزه.
3ـ په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تۆڕێكی جاڵجاڵۆكه‌یی درووست كردووه‌و، پێویستی به چه‌مكی نا سفری له یاری نێوده‌وڵه‌تی " Non zero -sun Game" هه‌یه. Zero sum game مانای وایه لایه‌ك ئه‌دۆڕێنی به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی لایه‌كه‌ی دیكه ئه‌یباته‌وه واته +1 یه‌كسانه به -1.
تێڕوانیی non zeroو گۆڕانكارییه‌كان له بواری سه‌رهه‌ڵدانی فره‌جه‌مسه‌ری و سه‌رنه‌كه‌وتنی نموونه‌ی نیولیبرالیزم دۆخێكی نوێ ده‌خاته ڕوو و جیهان ده‌خاته به‌رده‌م دوو ڕیاندا‌و، ئاراسته‌یه‌ك له نێوان تێڕوانینی یه‌ك بوون یان تێڕوانینی دابه‌شبوون هه‌ڵبژێرێت‌و، نێوان كرانه‌وه یان ڕووبه‌ڕووبونه‌وه. بۆیه چه‌مكی حوكمرانی باش " good Governance" له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی پێویسته.
4ـ ئه‌و ئاڵانگارییه‌و ته‌حدیانه پێویستی به ستراتیجێكی نوێی جیهانی هه‌یه. سه‌رده‌می نوێ‌و گۆڕانكاری نوێ هزر‌و داهێنانی فیكری نوێی ده‌وێت. ئه‌م ئاراسته‌یه له سیاسه‌تی ده‌ره‌كی چیندا ئاماژه‌ی پێكراوه، كه سێ بابه‌تی گرێ‌دراو به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه: ئاسایشی هاوبه‌شی مرۆڤایه‌تی‌و گه‌شه‌كردنی هاوبه‌ش‌و بردنه‌وه‌ی هاوبه‌ش‌و پشتبه‌ستن به دیالۆگ‌و فره‌یی شارستانییه‌كانی جیهان نه‌ك بیانووهێنانه‌وه بۆ ململانێی شارستانییه‌كانی هنتكتۆن. هه‌روه‌ها ده‌ستپێشخه‌ری حوكه‌مه‌ی جیهانی.
5ـ ئه‌م ڕه‌وشه نوێیه پێویستی به میتۆدێكی نوێی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و ڕوویه‌كی نوێی حه‌وكه‌مه‌ی جیهانی‌و كردنه‌وه‌ی ئاسۆی نوێ ئاڵوگۆڕی نێوده‌وڵه‌تی‌و بنیاتنانی دیدێكی نوێی بۆ جیهانێكی باشتر هه‌یه.
حه‌وكومه‌ی نوێ له بواری ڕه‌وشی نێوده‌وڵه‌تیدا پێویستی به ویژدانزیندوویی‌و عه‌داله‌ت‌و هاوسۆزی‌و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان‌و ڕێزگرتنی فره‌یی‌و له یه‌كتر فێربوون‌و هاوكاری‌و ڕیزگرتنی ئیراده‌ی گه‌ڵان له ده‌ستنیشانكردنی چاره‌نووسی خۆیانیان هه‌یه.
له كۆتاییدا ڕه‌وشی نوێ كۆمه‌ڵیك پرسیاری نوێ ده‌خاته ڕوو، له‌وانه:
ئاینده‌ی بزوتنه‌وه رزگاریخوازه‌كان.. بابه‌تی به‌یكه‌وه ژیان.. بابه‌تی گه‌شه‌پێدان.. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی... پرۆسه‌ی ڕۆشنفیكری‌و مۆدێرنه.
چه‌ند بابه‌تێكی میتۆدی سه‌باره‌ت به توێژینه‌وه‌كانی ئاینده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست*
سه‌رجه‌م ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌چنه خانه‌ی لێكۆلێنه‌وه و خوێندنه‌وه و شیكردنه‌وه، سه‌باره‌ت به‌و بواری له خانه‌ی (توێژینه‌وه‌كانی ئاینده) پۆڵێن ده‌كرێن، گرنگییه‌كی تایبه‌تی له دانانی نه‌خشه‌ی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی ئاینده‌ی ئه‌و بواره هه‌یه، كه توێژینه‌وه‌كانی بۆ ته‌رخان ده‌كرێن.
توێژنه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به ئاینده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌نیا بواری خستنه‌ڕووی كێشه و گرفته ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه نییه، كه بێگومان په‌یوه‌ندی به ئاینده‌ی كوردستانه‌وه وه‌ك به‌شێكی زیندوو له‌و ناوچه‌یه هه‌یه. زۆر جار، كه باسی ئاینده‌ی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێت ڕاسته‌خۆ سه‌رنجه‌كان بۆ كێشه‌ی فه‌له‌ستین و ململانێی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل ده‌چێت و، كاتێكیش ئێمه وه‌ك لایه‌نی كوردستانی، كه باس له ئاینده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ین، جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه، كه ئاشتی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌نیا كێشه‌ی فه‌له‌ستین و ململانێی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل نییه و، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان له هه‌ر چوار پارچه‌ی نیشتمانه‌كه‌ی بوونی هه‌یه و، بێ چاره‌سه‌ری دیموكراتی عادیلانه‌ی ئه‌م دۆزه، ئاشتی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رقه‌رار نابێت.
ئه‌م ئاراسته‌یه له بیركردنه‌وه سه‌باره‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕاستی تێدایه، به‌ڵام باسكردنی ئاینده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره ته‌نیا ئه‌و بابه‌ته نییه. بابه‌ته‌كانی ئاشتی ناوخۆیی كۆمه‌ڵگاكان له نێو خودی خۆیدا و له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ردا و، دیارده‌ی په‌رشبوون‌و پارچه‌بوونی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه بنه‌مای یه‌كگرتنی هه‌یه و، نه‌بوونی ئازادییه‌كانی تاك و پێكهاته و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و، بوونی ئیستبدادی حوكمرانی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و نه‌بوونی بنه‌ماكانی حوكمرانی باش و، دوواكه‌وتنی گه‌شه‌سه‌ندن و دیارده‌ی هه‌ژاری و بێكاری و، نه‌بوونی پرۆسه‌ی به‌رچاوی كاریگه‌ر له بواری عه‌قلانیه‌ت و ڕۆشنفیكری و مۆدێرنه و زیادبوونی توندڕه‌وی و توندوتیژی، تێكڕای ئه‌م بابه‌تانه ده‌كرێ هێڵی سه‌ره‌كی بواری توێژنه‌وه‌كانی ئاینده له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پێكبهێنێت.
گومان له‌وه‌دا نییه هه‌ر بوارێكی توێژینه‌وه تایبه‌تمه‌ندی خۆی و به‌م پێیه میتۆدی دیاریكراوی خۆی هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستییه، به پێویستی ده‌زانم ئاماژه به هه‌ندی خاڵی میتۆدی سه‌ره‌كی و گرنگ بكه‌م، كه ده‌كرێ به بنه‌مای سه‌ره‌كی و گشتگیری میتۆدی بۆ توێژنه‌وه‌كانی ئاینده‌ی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست دا بنرێت.
ئه‌و خاڵه میتۆدییانه به‌م جۆره ریزبه‌ند ده‌كه‌م:
ـ خوێندنه‌وه و تێڕوانین بۆ ڕه‌وشی گشتی له كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ته‌كانی ڕژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ڕوانگه‌ی یاسایه‌كی گشتی كه جه‌قبه‌ستوویی و مه‌نگبوون و مانه‌وه‌ی دۆخ و ڕه‌وشی گشتی وه‌كو خۆی كه گۆڕانكاری قه‌بوڵ ناكات به پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژووه‌و، ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه هه‌ڵه‌یه‌كی میتۆدی گه‌وره‌یه و توێژینه‌وه‌كان به‌ره‌و ئاقاری خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌شبینی و نائومێدی ده‌بات. هیچ شتێك و دۆخێك وه‌كو خۆی نامێنێت و گرنگه هه‌رده‌م بنه‌مایه‌كی میتۆیی سه‌ره‌كییمان له یادبێت، كه هزرمه‌ندی ماركسیستی ئه‌مه‌ریكی مارشال فریدمن بیرۆكه‌كه‌ی له ماركسه‌وه وه‌رگرتووه و، له‌و كتێبه‌یدا كه ده‌رباره‌ی مۆدێرنه‌ته‌یه، جه‌خت له‌وه ده‌كات كه (هه‌ر شتێكی توند ده‌بێته با)، (All that is solid melts into air).
به‌م جۆره گرنگه میتۆدی خوێندنه‌وه بۆ ئاینده پشت به ئه‌گه‌ری حه‌تمی گۆڕانكاری ببه‌ستێت، نه‌ك مانه‌وه‌ی ڕه‌وش له سه‌رجه‌م بواره‌كان وه‌كو خۆی.
ـ پشتبه‌ستن به خوێندنه‌وه‌ی واقیعی به‌رجه‌سته‌كراو وه‌ك بوونی خۆی و، ده‌ستنیشانكردنی هۆكار‌و هێزی گۆڕانكاری‌و نه‌یارانی پێشكه‌وتن‌و په‌ره‌سه‌ندن‌و گۆڕانكاری، دوور له پچرپچڕه‌یی و به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتنی كارتێكردنی یه‌كه و پێكهاته‌كانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌ك كۆمه‌ڵكا و وه‌ك ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر یه‌كتر. ئه‌م ئاراسته‌یه پێمان ده‌ڵێت هیچ ده‌ڤه‌رێكی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست دورگه‌یه‌كی داخراو و دابڕوا له یه‌كتر و له جیهاندا نییه و، ئه‌مه‌ش پێویستی به دیدێكی گشتگیری سه‌رانسه‌ری و به ڕچاوكردنی كارتێكردن و په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆی تێكڕای ناوچه‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌یه و، له ڕوانگه‌ی ئاڵۆزی و تێكڕژانی ناكۆكی و ململانییه‌كان بچینه نێو توێژینه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به ئاینده و ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانكاری له‌م ناوچه‌یه‌دا.
ـ به‌هه‌ندوه‌رگرتنی ڕه‌وشی ئێستای جیهان و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له ده ساڵی كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م و یه‌كه‌م چاره‌كی سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌م له بواری سیستمی نێودوڵه‌تی جیهانی و بابه‌تی جه‌مسه‌ربوون ڕوویان داوه و، به ڕچاوكردنی ئه‌وه‌ی، كه تا ئێستا هێزی چه‌پ و خوازیاری عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی له سه‌رده‌می پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی (ڤه‌گوتنه مه‌زنه‌كان)دان و، سه‌ڕه‌ڕای وه‌ده‌ركه‌وتنی ڕواڵه‌ته‌كانی گۆڕان له بواری به‌جه‌مسه‌ربوون، جیهان له هه‌ژموونی تاكه جه‌مسه‌ری دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانی جه‌مسه‌ری هه‌رێمایه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، تێنه‌په‌ڕیوه.
ـ به‌هه‌ندوه‌رگرتنی ناكۆكی و ململانییه‌كانی خودی و ناوخۆیی و لۆكاڵی هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاریكراوی تایبه‌ت و كارتێكردنی ئه‌و ڕه‌وشه لۆكاڵییه له بواری په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای به‌رامبه‌ر له بواری تێڕوانینی جیاوازه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه ناكۆكه‌كان.
ـ ڕچاوكردنی دیارده‌ی دابه‌شبوون و زۆنگه‌ری له نێو كۆمه‌ڵگایه‌ك كه چاوه‌ڕێی له‌یه‌كچوون و كاركردن بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه هاوبه‌شه‌كانی لێده‌كرێت، كه ئه‌مه ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌ی ڕه‌وتی پێشكه‌وتن و هه‌نگاونانه بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی یاسا و دامه‌زراوی ده‌ستوری.
ـ به‌هه‌ندوه‌رگرتنی دیارده سیاسییه نوێكان له نموونه‌ی بوونی ده‌وڵه‌تی قوڵ و ڕێكخستنی ژیانی حزبایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌ما نه‌ریتییه‌كان و ڕۆڵی ناوچه‌گه‌ری و پێگه‌ی خێزانی و تایفه‌گه‌ری له‌سه‌ر سروشتی ژیانی حزبایه‌تی و سیاسی.
ـ كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌یرانه سیاسییه‌كان، كه بوونه‌ته هۆی نه‌بوونی ئاسایش‌و ئاشتی‌و، قورسایی ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی كۆمه‌ڵگا‌و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌و نه‌بوونی چاره‌سه‌ری ئاماده‌كراو بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌و هێنانه‌دی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاسایش له ناوچه‌كه‌دا‌و، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ شكستی سیستمی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی‌و نه‌بوونی میكانیزمی گونجاو و له‌بار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه ئاڵۆزه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و، جگه له نه‌بوونی هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی كارای ناوخۆیی بۆ خستنه‌ڕوو و كاركردن به به‌رنامه‌یكی سیاسی شیاو بۆ هێوركردنه‌وه و گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری گونجاو.
ـ كارتێكردنی قه‌یرانی ناوه‌نده سه‌رمایه‌داره‌كان و قه‌یرانی ئۆلیگارشی حوكمران له ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌داره وابه‌سته‌كان به ناوه‌نده‌كانه‌وه، كه بوونه‌ته هۆی كاركردن بۆ مانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و بوونی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گۆڕه‌پانی ململانییه جیهانییه‌كان‌و به‌كارهێنانی شێوازی نوێ له ململانییه‌كان.
ئاماژه‌كردن به‌م خاڵانه وه‌ك میتۆدی گشتگیر سه‌ره‌تایه بۆ درووستكردنی په‌یوه‌ندی ئۆرگانی نێوان سیاسه‌ت‌و زانست‌و، دوورخستنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كان له ئاره‌زوو و خولیای سیاسی ده‌سه‌ڵات‌و، قورتاركردنی گوتاری سیاسی له درووشم‌و پۆپۆلیستی به‌ناو به‌رهه‌ڵستكار‌و هه‌نگاوانان به ڕچاوكردنی تایبه‌تمه‌ندیش له میتۆدی هه‌ر بوارێكی جیاواز له توێژینه‌وه‌كان بۆ ئاینده.
ئه‌م جیهانه باش نییه. با بیگۆڕین. هه‌ستن ده‌ی
ئه‌م ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه بۆ مایسترۆی ئۆركسترا "نیكۆلاوس هارناكۆرت" ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سه‌ركه‌وتووانه سه‌رجه‌م سیمفۆنیاكانی بیتهۆڤنی تۆماركردوه، كاتێك باسی پێنجه‌مین سیمفۆنیای بیتهۆڤن ده‌كات ده‌ڵێت: ئه‌م میوزیكه هاندانێكی سیاسی شۆڕشگێرانه‌یه.
ئه‌مڕۆ سه‌رجه‌م ڕووداوه‌كان له ئاستی نیشتمانی و جیهانیدا، جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌م جیهانه باش نییه‌و، فرسه‌ت‌و هه‌لی گۆڕانكاری هه‌رده‌م بژارده‌یه‌كه له‌به‌رده‌م گه‌لانی ستمه‌دیده‌و چینه چه‌وساوه‌كان.
هه‌روه‌كو له ریتمی ئه‌و سیمفۆنییه‌دا هاتووه تێكۆشانی شۆڕشگیری به شێوه‌یكی میتۆدی ده‌كرێت. میوزیكی قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌و سیمفۆنیایه به شاڵاوێكی سه‌رتاسه‌ری ده‌ستپێده‌كات كه هیچ به‌ربه‌ستێك له به‌رده‌می خۆیدا ناهێڵێت‌و، دوواتر له قۆناغی دووه‌می سیمفۆنییه‌كه‌دا چركه‌ساتی دوودڵى‌و ڕه‌شبینی رچاوده‌كرێت‌و، كۆتاییه‌كه‌شی ده‌ڕبڕینه بۆ سه‌ركه‌وتن.























