
نەبەز موستەفا/ بەرێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشجەری شارستانی جیهانی 
سەرکەوتنی بێوێنەی چین لە سەدەی بیست و یەکەمدا، بەرهەمی ئەندازیارییەکی فکریی قووڵ و تێڕوانینێکی سیاسیی پتەوە کە حزبی کۆمۆنیستی چین لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەک تێکۆشاندا دایڕشتووە. لە کاتێکدا زۆرێک لە مۆدێلە تەقلیدییەکانی حوکمڕانی لە جیهاندا تووشی پەرتەوازەیی و قەیرانی ناسنامە هاتوون، پەکین لە ڕێگەی پێنجەمین کۆبوونەوەی گشتیی کۆمیتەی ناوەندیی بیستەمی خۆیەوە جارێکی تر سەلماندی کە گەورەترین سەرچاوەی هێز و پێشکەوتنی دەوڵەت، لە بوونی پارتێکی پێشڕەوی پاک، خاوەن دیسپلین و یەکگرتوودا بەرجەستە دەبێت، پارتێک کە چاکسازی و نوێبوونەوەی بەردەوامی کردووەتە یاسای مانەوەی خۆی. هەربۆیە، تەوەرەی سەرەکیی تەواوی ئەم کۆبوونەوانە لەسەر یەک چەمکی بنەڕەتی چڕ دەبێتەوە ، ئەیش بەڕێوەبردنی گشتگیر و دیسپلینێکی پۆڵایین حزب لە ڕێگەی شۆڕشی خودییەوە بەرجەستە دەبێت.
ئەم کۆبوونەوەیە خوێندنەوە بۆ دەستکەوتەکانی حزب دەکات لە دوای کۆنگرەی هەژدەهەم لە ساڵی ٢٠١٢ەوە، ئەو وێستگەیەی شی جینپینگ دەسەڵاتی گرتە دەست. سەرکردایەتیی چین پێیوایە لەم دەیەی ڕابردوودا توانراوە بەستێنێکی نوێ لە چاکسازیی خودی بۆ حزبێک کە تەمەنی لە سەد ساڵ تێپەڕیوە بێتە کایەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا دان بەوەدا دەنێن کە بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان و دۆخی ناوخۆیی، حزب ڕووبەڕووی تەحەددیاتی نوێ دەبێتەوە، بۆیە چارەسەر لە دیدی ئەواندا سازش نییە، بەڵکو بەرزکردنەوەی پێوەرەکانی چاودێری و دیسپلینە.
سەرکەوتنی چین لەوەدا بوو کە نەکەوتە داوی لاساییکردنەوەی کوێرانەی مۆدێلە دەرەکییەکان. چین توانی بیرۆکەی مارکسیزم لەگەڵ مێژوو، فەلسەفەی قووڵی شارستانی و واقیعی کۆمەڵگەکەی خۆیدا ئاوێتە بکات و چەمکی «سۆسیالیزم بە تایبەتمەندیی چینی لە سەردەمی نوێدا» بهێنێتە بەرهەم. ئەم سەربەخۆییە فکرییە، ژێرخانێکی پتەوی بۆ گەلی چین ڕەخساند تا بە متمانەبەخۆبوونێکی مێژووییەوە سەیری داهاتووی خۆیان بکەن و بیسەلمێنن کە ڕێگای پێشکەوتن و مۆدێرنیزاسیۆن تەنها لە یەک دەروازەی ڕۆژئاواییدا قەتیس نەکراوە، نەبۆتە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی حزبی، بەڵکو سەرکردایەتیی نوێی چین، تەکنەلۆژیا و داهێنانە نوێکانی کردە ئامرازێک بۆ قایمکردنی پایەکانی کۆنترۆڵی حزبی بەسەر تەواوی جومگەکانی ژیان و دەوڵەتدا.
چەمکی پێشەنگانەی «شۆڕشی خودی» لە ئەدەبیاتی سیاسیی چیندا لەدایک دەبێت، وەک وەڵامێکی تیۆری و ستراتیژی بۆ پرسی چاودێریکردنی دەسەڵات هەروەها وەک یەکێک لە بەرزترین فەلسەفەکانی حوکمڕانی دەردەکەوێت. پارتێک کە تەمەنی لە سەد ساڵ تێپەڕیوە، لە بری ئەوەی تووشی لەخۆباییبوون و سستی ببێت، بەوپەڕی بوێرییەوە ڕووبەڕووی کەموکوڕییەکانی ناوخۆی دەبێتەوە. ستراتیژیی «بەڕێوەبردنی گشتگیر و توندی حزب» و شەڕی بێپەروای دژ بە گەندەڵی لە سەردەمی شی جینپینگدا، حزبەکەی لە داڕزان و گەندەڵی پاراست و وایکرد پەیوەندیی متمانەی نێوان سەرکردایەتی و جەماوەر و پاراستنی شەرعیەتی دەسەڵات لە چاوی خەڵک لەهەموو کاتێک بەهێزتر بێت. ئەم خاوێنکردنەوە بەردەوامە و سەپاندنی دیسپلینی توند، ئامانجی دروستکردنی کادیرێکی خاوەن ڕەوشت، دڵسۆز و لێهاتووە کە بەرژەوەندیی گشتی بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی کەسییەوە، ئەمەش گەورەترین زامنی پاراستنی دەستکەوتە مێژووییەکانی نەتەوەکەیە.
سەرباری ئەوەش، بوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز و سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو بە ڕابەرایەتیی شی جینپینگ، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ چین ڕەخساندووە کە لە مێژووی هاوچەرخدا کەم وێنەیە، ئەویش بریتییە لە «سەقامگیریی سیاسیی درێژخایەن». لە سایەی ئەم یەکڕیزی و تۆکۆمەییە حزبییەدا بوو کە چین توانی لە ماوەیەکی کەمدا سەدان ملیۆن مرۆڤ لە هەژاری دەرباز بکات، بازدانی گەورە لەبواری زانست و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا بەدەستبهێنێت، و پڕۆژە ستراتیژییە بێوێنەکانی وەک پشتێن و ڕێگا بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بخاتە گەڕ. لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان بەهۆی ململانێی کورتخایەنی حزبییەوە ناتوانن پلان بۆ دەیەی داهاتوو دابنێن، حزبی کۆمۆنیستی چین لە پێگەی هێزێکی ڕێبەرەوە، نەخشەی گەشەپێدان بۆ پەنجا و سەد ساڵی داهاتوو دەکێشێت.
ئەم هاوئاهەنگییە فکری و مەعنەوییەی کە بە دروشمی «یەکخستنی بیرکردنەوە و تەرخانکردنی ڕۆح» گوزارشتی لێ دەکرێت، هێزێکی دەروونیی مەزنی بە گەلی چین بەخشیوە بۆ بەدیهێنانی «خەونی چینی» و گەیشتن بە ڕێنیسانسی مەزنی نەتەوەکەیان. ئەمڕۆ، بەهێزیی حزبی کۆمۆنیست وەک سەنگەرێکی پۆڵایین کار دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمان لە بەرامبەر گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان و ئەو فشارە نێودەوڵەتییانەی دەیانەوێت پێش بە ئایندەی گەلی چین بگرن. هاوکات حزبی کۆمۆنیست ئایدیۆلۆژیای مارکسیزمی بە شێوەیەکی لێزانانە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی چینیدا ئاوێتە کردووە و چارەنووسی مانەوەی خۆی بە ڕێنیسانسی مەزنی نەتەوەی چینەوە بەستووەتەوە
دەتوانین بڵێین سەرکەوتنی مۆدێلی چینی وانەیەکی فکریی بێوێنەیە لەوەی کە بەهێزیی دەوڵەت، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و چاکسازیی بەردەوام چۆن یەکدەگرن. حزبی کۆمۆنیستی چین بە تێکەڵکردنی تیۆریی پێشکەوتنخواز، دیسپلینی بەرزی حزبی و خۆبەڕێوەبەریی بێوچان، نەک تەنها توانیویەتی متمانەی گەلەکەی مسۆگەر بکات، بەڵکو مۆدێلێکی سەردەمیانەی لە حوکمڕانیی کارا، سەقامگیر و سەرکەوتوو پێشکەشی تەواوی جیهان کردووە، مۆدێلێک کە دەیسەلمێنێت کلیلی سەرکەوتنی گەورە، لە هەبوونی ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز و دڵسۆزانەدا خۆی دەبینێتەوە بۆ خزمەتکردنی نیشتمان و مرۆڤایەتی.
















