د. كاوە مەحمود
لە كاتێكدا چاوەگەكانی بارگرژیو گۆڕەپانەكانی جەنگ هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهانو ڕێگرتن لە گەشەسەندنو پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی پێكدەهێنێتو، بۆ بیانووهێنانەوەو بەردەوامبوون بەم ئاراستەیە بیانووی جۆراجۆر بەكاردێتو، لە ناوەندێكی فراواندا بانگەشە بۆ گوتاری دەمارگیریو توندوتیژیو ململانێی شارستانییەكانو بەكەمتەماشاكردنو سڕینەوەی بەرامبەر دەكرێت، گوتارێكی نێونەتەوەییو نێودەوڵەتی ئەلتەرناتیف بە شێوەیكی زانستیو بە پشتبەستن بە لۆجیكو خوێندنەوەی مێژوو، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی مرۆڤایەتیو كرۆكی شوناسی ڕاستەقینەی شارستانییەكانی جیهان، بە ناونیشانی گوتاری دیالۆگی نێوان شارستانییەكان گەڵاڵە دەبێت.
ئەمساڵ كە ساڵێك تێپەردەبێت بەسەر بڕیاردانی 10ی حوزەیران وەك ڕۆژی نێودەوڵەتی دیالۆگی نێوان شارستانییەكان كە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاردراو، بۆ ڕێزگرتن لەم بۆنەیە كە دەبوایە چالاكی جۆراجۆر بكرایە هەروەك بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان داوادەكات، شەڕ لەبەر دەرگای ماڵەكانمانەو، خەریكە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گڕدەگرێتو، هەردەم بۆ جۆشدانی چاوگەكانی بارگرژیو بەرپاكردنی شەڕو ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان، هۆكاری جیاوازی ئایینیو كەلتووریو ناكۆكی شارستانییەكان بەكاردەهێنرێت، بەڵام لە ڕاستیدا هۆكاری سەرەكی ململانییەكان بریتین لە ناكۆكی بەرژەوەندییەكانو خولیای خۆسەپاندنو چەوساندنەوەو زەوتكردنی مافو ئیرادەی گەلان.
لەم جیهانە پڕ كێشەیەدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەردەوڵەتێك، كە دووچاری كێشەی ناوخۆیی دەبێتەوەو، لەسەر ئاستی كێشەكانی جیهانیش، دیالۆگی هاوسەنگو پشتبەستن بە فرەبوونو هەمەجۆریو هاوسەنگی شارستانییەكان ڕێگای ڕاگرتنی بە فیرۆدانی سامانی مرۆییو سروشتیو داهاتی ئابووری ئەم هەسارەیەیە، كە مرۆڤایەتی ژیانی تێدا بەسەر دەبات. ئەم هەسارەیە مرۆڤایەتی لە یەك كەشتی كۆكردۆتەوەو كەس مافی ئەوەی نییە ژێرخۆی چاڵ بكاتو قۆرت لێبدات، چونكە مەترسی لەسەر بوون پێكدەهێنێتو، بۆیە جگە لە پردی لە یەكتر تێگەیشتنو متمانەدرووستكردن، بژاردەی دیكە كارەساتبارە.
پاشخانی سیاسیو هزری ئەم بڕیارەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرۆسەی "دەستپێشخەری شارستانی جیهان" كە لەلایەن شی جین بینگ ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین لە ئاداری 2023 و لە كۆبونەوەیك لەگەڵ زیاتر لە دوو سەد پارتی سیاسیو كەسایەتی نێودەوڵەتی لە جیهاندا ڕایگەیاند.
گرنگی ئەم دەستپێشخەرییە هەر ئەوە نییە كە لەلایەن سیاسەتمەدارێكی شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتیو سەرۆكی دەوڵەتێكی كاریگەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی خراوەتەڕوو، بەڵكو گرنگی دەستپێشخەری شارستانی جیهانی لەوەدایە، كە دیدێكی ستراتیجی شی جین بینگە وەك بیرمەندێكو تیۆریستێك، كە چەندین داهێنانی هزری هەیە سەبارەت بە حوكەمەی نێودەوڵەتیو پەرەپێدانی چەمكەكانی كۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتیو، بابەتەكانی تایبەت بە مۆدێرنەكردن. لە هەمان كاتدا ئەم دەستپێشخەرییە تەواوكەری دوو چەمكو دەستپێشخەری دیكەیە سەبارەت بە ئاسایشی هاوبەشی مرۆڤایەتیو گەشەپێدانی هاوبەش.
بنەمای ئەم دیدە بریتین لە داننان بە فرەبوونی شارستانییەكانو ڕێزگرتن لە جیاوازییەكانو پشتبەستن بە دیالۆگ لە جیاتی ململانێو، هەنگاونان بۆ گەشەپێدانو قازانجی هاوبەشو جەختكردن لەسەر نەریتی مرۆڤایەتی هاوبەشو بەهاكانی عەدالەتو یەكسانی و دیموكراسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانو جەختكردن لەسەر كۆمەڵگای هاوئاوازی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای عەدالەتو ئاشتیو پاراستنی ژینگە.
یەكەمین ساڵڕۆژی یادی رۆژی نێودەوڵەتی دیالۆگی شارستانییەكان هەلێكی باشە، كە ئاماژە بۆ ڕۆڵی شارستانییەكانی نیشتمانی خۆمان بكەین، كە ئەمڕۆ گەلی كوردستان هەڵگری میراتی زیندووی پڕشكۆی شارستانییەكانی زاگرۆسە، كە یەكەمین مەڵبەندی نیشتەجێبوونی مرۆڤو سەرەتای شارستانییە. كەڵەكەبوونی ئەزموونی ئەم شارستانییە كۆمەڵێك نەریتو بەهای گرنگی بۆ گەلی كوردستان جێهێشتووە، لەوانە نەریتی بەیەكەوژیانو دووربوون لە شەڕانگێزیو داگیركردنی خاكی گەلانی دیكەو ئامادەبوون بۆ دیالۆگو چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگای دانوستانو ئاشتیو، پاراستنی ئەم نەریتانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی كۆمەلگەی كوردستانو لە سەر ئاستی پەیوەندی لەگەڵ شارستانیەكانی گەلانی دیكە ئەركێكی هەنووكەییە. لەم ڕووناگەیەوە گەلی كوردستان دەتوانێ بەشداری كاریگەری لەسەر ئاشتی ناوچكەو جیهانو پاراستنی ئاسایشو وەدیهێنانی گەشەپێدانی هاوبەش بكات.
هەر بۆیە پەیامی سەرەكیمان لەو ڕۆژەدا بانگەشەكردنە بۆ كاركردنی هاوبەشو گۆیگرتن لە یەكترو ڕووبەڕووبونەی گوتاری قینەو قایل نەبوون بە بەرامبەرو، پشتبەشتن بە نەریتە مرۆییەكانو پشتگیریكردنی دیالۆگی نێوان شارستانییەكان.
ئەمڕو لە ڕەوشێكدا باس لە دیالۆگی نێوان شارستانییەكان دەكەین، جیهان هەنگاو بەرەو فرەجەمسەری دەنێتو، تەنانەت بە شێوەیەكی كردەیی فرەجەمسەرە. ژیانی ئەوەی سەلماندووە، كە ناكرێ شارستانییەك سەروەری بەسەر شارستانییەكانی دیكەی جیهان هەبێتو، خۆی بە سەنتەر بزانێت. تێگەیشتن لەم ڕاستەییە هۆكاری سەرەكییە بۆ خوێندنەوەی واقیعبینانەی جیهانی ئەمڕۆو سیستمی نێودەوڵەتی نوێ، كە ناكرێ لەسەر چەمكی قازانجی یەكلایەنەو زیانی بەرامبەر بنیاتبنرێتەوە. جیهانی ئەمڕۆ پێویستی بە چەمكی "حەوكەمەی نێودەوڵتییە" كە بنەماكانی عەدالەتو بە ویژدانیو یەكسانی شارستانییەكانو كاركردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستەكان لە بواری پیسبوونی ژینگەو فراوانبوونی دیاردەی هەژاری ببێتەوە.