نەبەز مصطفی
لە مێژووی بیری سیاسیدا، زۆربەی بزووتنەوە و حزبە گەورەکان لە چرکەساتی تەنگانە و خەباتی سەختدا لەدایک دەبن، بەڵام کاتێک دەگەنە لوتکەی دەسەڵات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی، بەرەبەرە تووشی جۆرێک لە ماندووبوونی ڕۆحی، خۆبەگەورەزانین و دابڕان لە خەڵک دەبن.
فەلسەفەی سیاسی ئەم دیاردەیە بە )سووڕی مێژوویی( ناو دەبات، سووڕێک کە تێیدا هێزەکان لە نێوان سەرکەوتن و داڕمان، یان ڕێکخستن و پەرتەوازەییدا دەخولێنەوە. پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، چۆن دەکرێت ڕێکخراوێکی سیاسی بۆ زیاتر لە سەدەیەک وەک جەستەیەکی زیندوو بمێنێتەوە، نەک هەر دانەڕمێت، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توانای خۆنوێکردنەوەی هەبێت؟
خوێندنەوەی ئەزموونی فکری و ڕێکخراوەیی حزبی شیوعیی چین و ئەو تێڕوانینە تیۆرییانەی لە سەردەمی شی جین پینگدا گەڵاڵە کراون، وێنەیەکی ورد دەداتە دەست سەبارەت بەوەی چۆن سیاسەت دەتوانێت ببێتە هونەری خۆپاراستن و هاوسەنگی لە نێوان تیۆر، کەلتور، دیسپلین و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا.
هەر فکرێکی سیاسی کاتێک دەبێتە دەقێکی وشک و دابڕاو لە زەمینەی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، توانای وەڵامدانەوەی بۆ پرسیارە نوێیەکانی مرۆڤ لەدەست دەدات. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی هێزی فکری لە ئەزموونی چیندا، مامەڵەکردن بوو لەگەڵ مارکسیەت نەک وەک کۆمەڵێک دۆگمای نەگۆڕ، بەڵکو وەک میتۆدێک کە دەبێت بەردەوام لەگەڵ ڕۆحی سەردەم و ڕەسەنایەتیی نیشتمانیدا هاوتەریب بکرێت.
لە تێڕوانینی فکریی شی جین پینگدا، نهێنی قەناعەتپێکردنی کۆمەڵگایەکی فرەچەشن و خاوەن مێژوویەکی دێرین لە سەدەی بیست و یەکدا، لەسەر بنەمای دوو تێکەڵکردن دامەزراوە، یەکەمیان گرێدانی بنەما گشتییەکانی تیۆرە بە واقیعی زیندوو و گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان، دووەمیشیان ئاوێتەکردنی ئەو تیۆرەیە بە فەرهەنگ و کەلتوری دێرینی گەلەوە. کاتێک تیۆرێکی سیاسی وەک مارکسیەت لەگەڵ بەها ڕەوشتییە باڵاکانی ناو کەلتوری چینیدا تێکەڵ دەکرێت، بەهاگەلێکی وەک وەفاداری، دەستپاکی، مەردایەتی، ڕاستگۆیی، خۆڕاگری و خۆشەویستیی خێزان و نیشتمان، ئیتر ئەو فکرە وەک شتێکی نامۆی هاوردەکراو دەرناکەوێت، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە یادەوەری و ویژدانی نەتەوەیی و هێزێکی پاڵنەر بۆ بووژانەوە. بەم جۆرە، ئایدیۆلۆژیا لە قاڵبە چەقبەستووەکەی دەردەچێت و دەبێتە زمانێکی هاوبەش لە نێوان سەرکردایەتی و نەوە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا.
لە ئەزموونی سیاسیی چیندا، بۆ تێپەڕاندنی ئەو سووڕە مێژووییەی کە دەسەڵاتەکان بەرەو پوکانەوە دەبات، پشت بە دوو وەڵامی تەواوکەری یەکتر بەستراوە. یەکەمیان ڕێگەدانە بە چاودێریی جەماوەر بەسەر دەسەڵاتەوە، کە لە سەردەمی ماو تس تۆنگدا وەک پرەنسیپێکی سەرەکی خرایە ڕوو. دووەمیان کە لە دەیەی ڕابردوودا وەک چەمکێکی ناوەندی گەشەی پێدراوە، (شۆڕشی خودی)یە، واتە ئەوەی حزب بەر لەوەی چاوەڕێی فشاری دەرەکی یان ناڕەزایەتیی خەڵک بکات، خۆی تیغی ڕەخنە و پاکسازی بەرەو ناوخۆی خۆی ئاڕاستە بکات.
مرۆڤ و حزبەکان کاتێک تووشی پاشەکشە دەبن کە نەوەی نوێ لە سایەی ئارامی و سەرکەوتنەکاندا پەروەردە دەبێت و خەبات و ماندووبوونی سەرەتای لەبیر دەچێتەوە. لێرەدا مەترسییەکان لە شێوەی سستبوونی پابەندبوونی فکری، بیرۆکراسییەت، خۆشگوزەرانیی زیادەڕۆ، ڕووکەشگەرایی و دابڕان لە ژیانی سادەی خەڵکدا سەرهەڵدەدەن. لە ڕوانگەی حزبی شیوعیی چینەوە، چارەسەری ئەمە تەنها لە ڕێگەی دیسپلینێکی گشتگیرەوە دەبێت کە هیچ جومگەیەکی ڕێکخراوەیی بەدەر نەکات و بەرژەوەندیی تایبەت بخاتە ژێر پێی بەرژەوەندیی گشتییەوە.
گرنگترین و مرۆییترین وانە کە لەم ئەزموونە ڕێکخراوەییەدا دەبینرێت، فەلسەفەی پێشگرتنە بە هەڵە پێش ئەوەی بگاتە قۆناغی سزا و لێپرسینەوەی توند. لەم دیدگایەدا، حزب وەک جەستەیەکی تەندروست سەیر دەکرێت کە هەڵە و گەندەڵی وەک ڤایرۆس هەڕەشەی لێ دەکەن، بۆیە ئەرکی سەرەکی ئەوە نییە چاوەڕێ بکەیت تا نەخۆشییەکە تەشەنە دەکات و پەنا بۆ نەشتەرگەریی بڕینەوە ببەیت، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی بەهێزکردنی بەرگریی ناوخۆیی و چارەسەری پێشوەختەوە ڕێگری لێ بکرێت.
بۆیە پەروەردەکردنی ویژدانی ناوخۆیی، لە بری ئەوەی کادر تەنها لە ترسی چاودێریی دەرەکی خۆی لە هەڵە بپارێزێت، کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە مرۆڤ هەست بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی بکات تەنانەت لە کاتی تەنهایی و لە وردەکارییە بچووکەکاندا. کاتێک بەهاکانی دەستپاکی و شەرمکردن لە گەندەڵی دەبنە کەلتور، بەرگریی ناوخۆیی دروست دەبێت.
بنەمای چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە بۆ ڕزگارکردنی نەخۆشەکە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک سەرەتای لادانێک لە هەڵسوکەوتی ئەندامێکدا دەبینرێت، پێش گەورەبوونی، لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاشکاوانە، ڕەخنەلەخۆگرتن و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئامانج لێرەدا دروستکردنی هەستێکی ئاسایی شەرم و پەشیمانییە لای مرۆڤ تاوەکو بەخۆیدا بچێتەوە و ڕێڕەوەکەی ڕاست بکاتەوە، بەر لەوەی پێویست بە سزای قورس و دادگایی بکات.
خۆپاراستن تەنها قسەی سەر کاغەز نییە، بەڵکو چاودێریکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کەسەکەیە لە کاتی چوونە ناو حزب، وەرگرتنی پۆست، پەیوەندیی خێزانی و دوای خانەنشینبوونیش. هەروەها بڕینی دەستی ڕێسا شاراوەکان وەک خزمایەتی، دەستەگەری، بازنەی داخراو، و تێکەڵبوونی ناشەفافی نێوان دەسەڵات و سەرمایە.
کاتێک بەرپرسەکان بۆ دەستخۆشیی خێرا پەنا بۆ پرۆژەی وەهمی و ئاماری هەڵبەستراو دەبەن، لە ڕاستیدا قەیران بۆ داهاتوو کۆدەکەنەوە. بۆیە سیستەمی هەڵسەنگاندن وا ڕێکدەخرێتەوە کە دەستکەوتی ڕاستەقینە و درێژخایەن بۆ ژیانی خەڵک بێتە پێوەر، نەک نمایشی میدیایی، لە هەمان کاتدا ئەم خۆپاراستنە نەرمی نانوێنێت لەگەڵ ئەوانەی بە ئەنقەست بەردەوام دەبن لەسەر گەندەڵی و دەیانەوێت دەسەڵات بکەنە موڵکی تایبەت، لێرەدا دەسەڵاتی چاودێری هەموو ئاستەکان دەگرێتەوە، چونکە پێشگیری ئەو کاتە مانای هەیە کە پشتێکی بەهێزی لێپرسینەوەی بێ جیاوازیی هەبێت.
لە هەر پێکهاتەیەکی سیاسیدا، دیسپلین و ڕەوشت لە خوارەوە بۆ سەرەوە دروست نابێت، بەڵکو لە سەرەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ خوارەوە. لە بیرکردنەوەی ڕێکخراوەیی چیندا، چەمکێکی ورد هەیە کە دەڵێت (کەمینەی یەکلاکەرەوە) واتە سەرکردە و بەرپرسانی باڵا دەبێت ببنە نموونە و پێشەنگ بۆ زۆرینەی مەزن کە بریتین لە کادیران و ئەندامانی ئاسایی. کاتێک بەرپرسانی باڵا ڕەخنەی ڕاستگۆیانە قبوڵ دەکەن، ڕێگە لە بڕیاری تاکڕەوانە دەگرن و دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتیان ناکەنە ئیمپراتۆرییەتی کەسی، متمانە لە ناو ڕیزەکانی خوارەوەدا بە شێوەیەکی سروشتی گەشە دەکات.
حزب هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی جیاواز لە بەرژەوەندیی خەڵک نییە. کاتێک کادیرانی حزب خۆیان لەخەڵکی سادە بە بەرزتر نازانن، بەڕۆحێکی خاکییەوە لەناو خەڵکدا دەژین، گوێ لە ئازار و داواکارییەکانیان دەگرن لە بوارەکانی کار، پەروەردە، تەندروستی و بژێویدا، و سیاسەتەکانیان تەنها بۆ خزمەتی ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک دادەڕێژن، ئەوا دیوارە دەستکردەکانی نێوان حزب و کۆمەڵگا دەڕووخێن. ئەم هاوسەنگییە ناوخۆییە دەبێتە دەروازەی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی گەورەترین بنەمای هەر حزبێکی زیندوو، بیناکردنی پەیوەندیی گۆشت و خوێن لەگەڵ جەماوەر.
ئەزموونی سەد ساڵەی بنیادنانی حزب لە چیندا پەیامێکی مرۆیی و سیاسیی گەردوونی هەڵگرتووە بۆ هەر بزووتنەوە و حزبێکی سیاسی لە جیهاندا ، حزبەکان بە ژمارەی ئەندامەکانیان یان بە دروشمە بەرزەکانیان ناژین، بەڵکو بە زیندوویی فکری و پاکیی ناوخۆیی و ڕاستگۆییان لەگەڵ خەڵکدا دەمێننەوە. هەر هێزێکی سیاسی کاتێک بتوانێت ئایدیۆلۆژیاکەی لە دەقی وشک دەربهێنێت و بە کەلتور و واقیعی گەلەکەی زیندووی بکاتەوە، کاتێک بوێریی ئەوەی هەبێت پێش تووڕەیی شەقام خۆی لێپرسینەوە لە کەموكوڕییەکانی خۆی بکات و ڕێگای خۆپاراستن پێش سزادان بگرێتە بەر، و کاتێک خەم و ئامانجی سەرکردە و هاوڵاتیی سادە دەبێتە یەک ئامانجی هاوبەش، لەو چرکەساتەدا ئیرادەی هاوبەشی حزب و جەماوەر دەبێتە هێزێکی مێژوویی کە هیچ بەربەستێک ناتوانێت ڕێگای پێشکەوتنیان لێ بگرێت.

















