نەبەز مصطفى 
بەرێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشجەری شارستانی جیهانی

دیدار و سەردانی سەرۆکی چین، شی جینپینگ، بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترامپ، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە داڕشتنەوەی ئەندازیاریی سیستەمی نێودەوڵەتی. ئەم ڕووداوە تەنیا دیدارێکی پرۆتۆکۆلی نەبوو، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بوو بۆ سەلماندنی توانای چین لە تێپەڕاندنی گریمانە کلاسیکییەکانی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ناچارکردنی واشنتۆن بە مامەڵەکردن لەگەڵ پێگەیەکی نوێی جیهانیدا.
سەردانەکەو شێوەی پرۆتۆکۆلی پێشوازییە شاهانە تایبەتەکەی ترامپ (چ لە هاوینەهەواری مارئەلاگۆ بێت یان کۆشکی سپی). پەیامێک بوو کە ئەمریکا چیتر وەک باڵادەست لەگەڵ چین دانانیشێت، بەڵکو دان بە چیندا دەنێت وەک زلهێزێکی هاوتای یەکسان لە پایە، کەرامەت، و سەروەریدا.ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە شێوازی بازرگانانە و پراگماتیکی ترامپ دەرفەتێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە جەمسەربەندییە تەقلیدییە ئایدۆلۆژییەکانی ڕۆژئاواو وەک نیشانەی ئامادەیی واشنتۆنە بۆ مامەڵەکردن لەسەر بنەمای دەستکەوتی بەرجەستە .

لە سەردانەکەی ترامپ بۆ چین لە مانگی ١٣ی مایۆی رابردووی ئەمساڵ،  شی جین پینک لە وتارێکی لەبەردەم ترامپ و شاندی گەورە بازرگان و کەسانی دیبلۆماسی  تیشکی خستە سەر مۆدێلێکی نوێ لەپەیوندییە نێودەوڵەتتیەکانی واشنتون  و پکین، کە ڕێزگرتنی دوولایەنەیە و هاوکاریە لەسەر بنەمای بردنەوە-بردنەوە (Win-Win Cooperation). لە هەمان کاتدا ڕکابەری ناکاتە پێکدادان، بەڵکو دەکرێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە ئاراستە بکرێت. هەروەها دوورکەوتنەوەیە لە ( تەڵەی ثوسیدیدس ) . 
چین ڕوونی کردەوە کە هاوکێشەی جیهانی مەرج نییە هاوکێشەیەکی (Zero-Sum Game) بێت، بەڵکو قەبارەی بازاڕ و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەرفەتی بەرفراوانیان تێدایە بۆ ئەوەی هەردوو لا سوودمەند بن. بەم کارە، چین بە شێوەیەکی نەرم ڕێگری لە داڕشتنی سیاسەتێکی شەڕانگێزانەی ڕاستەوخۆ کرد.
سەرۆکی چین لەم دیدارەیدا بۆ واشنتۆن، سەڵماندنی راستی وتارەکەیەتی کاتێک پەیامی فیکری و دیسکۆرسی (Win-Win Cooperation) و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی  دەکاتە کردار، وەک پەیامێک کە گەشەی چین ناکاتە لەناوچوونی ئەمریکا.  
هەروەها لەم سەردانەدا بناغەی تیۆریی سیاسەتی دەرەوەی خۆی خستە ڕوو، کە بریتییە لە چەمکی مۆدێلی نوێ لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتە گەورەکان کە لەسەر سێ پایەی بنەڕەتی ڕاوەستاوە:
یەکەم: نەبوونی ململانێ و پێکدادان وکەمکردنەوەی مەترسیی شۆکە لەناکاوەکان و هێشتنەوەی دیپلۆماسیی هێڵی سوور بۆ قەیرانەکان.
دووەم : ڕێزگرتنی دوولایەنە و داننان بە سیستمە سیاسییە جیاوازەکان و ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییە، بەتایبەت پرسی سەروەریی خاکی چین و دۆسیەی تایوان.
سییەم : هاوکاری لەسەر بنەمای بردنەوەی دوولایەنە و دوورکەوتنەوە لە ستراتیژیی تەنیا قازانجکردنی یەک لایەن لەسەر حیسابی لایەنەکەی تر.

ئەم سەردانانەی هەردوولا دامەزراندنی کەناڵی پەیوەندیی کەسی دیبلۆماسی (Personal Diplomacy)  ڕاستەوخۆی نێوان شی و ترامپ،  بووە هۆی کەمکردنەوەی هەڵەتێگەیشتنە سەربازییەکان لە ناوچە هەستیارەکانی وەک دەریای باشووری چین و گەرووی تایوان و هاوبەشی لە ئیدارەدانی قەیرانە ناوچەییەکان، یەمەش  ئەمریکا ناچار بوو دان بەوەدا بنێت کە بۆ چارەسەری کێشە نێودەوڵەتییەکان (وەک پرۆگرامی ئەتۆمی کۆریای باکوور) ناتوانێت بێ ڕۆڵ و کاریگەریی پەکین هیچ هەنگاوێک بنێت. ئەم کەناڵە پەیوەندییە دەرخەری ڕێکخستنەوەی ڕکابەریە  لە ڕێگەی دانوستانەوە لە بری پێکدادان ، هاوکات گەیشتنە بە ڕێککەوتنی بازرگانی و سەلماندنی توانای چینە لە بەرگەگرتن و چەسپاندنی هەلومەرجی خۆی لە دانوستاندا.
پێشوازیی هاوشان لە سەرۆکی چین لە واشنتۆن، بە کردەوە پەیامێک بوو بۆ جیهان کە قۆناغی بڕیاردانی یەکلایەنەی ئەمریکا کۆتایی هاتووە و جیهان بەرەو پێکهاتەیەکی دووجەمسەری-فرەجەمسەری هەنگاو دەنێت لە پێناوبەهێزکردنی بلۆکە نێودەوڵەتییە بەدیلەکان ،  بەمەش ئەمەریکا ناچار دەکات پێداجوونەوە بکات بە سەردەمی ستراتیژی ئەمریکا  «ئەمریکا لە پێشینەیە» ، لەلاکەی دیکەوە چین توانی خۆی وەک داکۆکیکاری سیستەمی نێودەوڵەتی و کراوەیی ئابووری نیشان بدات. ئەمەش وای کرد پێگەی هاوپەیمانییە فرەجەمسەرییەکان بەهێز بکات، وەک:
•    فراوانکردنی ڕێکخراوی بریکس (BRICS) وەک جەمسەرێکی ئابووریی بەهێز.
•    پەرەپێدانی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگهای (SCO) لە بواری ئەمنیدا.
•    بونیادنانی ژێرخانی جیهانی لە ڕێگەی دەستپێشخەریی (یەک پشتێن، یەک ڕێگە) (BRI).
•    ئازادکردنی بژاردەکانی باشووری جیهانی (Global South) وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا، و ئەمریکای لاتین لە ژێر سایەی ئەم هاوسەنگییە نوێیەدا فێربوون چۆن لە نێوان واشنتۆن و پەکین مانۆڕ بکەن و بەرژەوەندییەکانیان فرەچەشن بکەن.

دەرەنجام 
سەردانەکەی شی جینپینگ و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ترامپ، سەرکەوتنێکی تاکتیکی و ستراتیژی بوو بۆ دیپلۆماسیی چینی. چین توانی ڕێگری لە تەقینەوەی خێرای ململانێکە بکات و «تەڵەی ثوسیدیدس» دوابخات یان بێکاریگەر بکات. هەروەها گوتاری «بردنەوە-بردنەوە» وەک بەدیلێک بۆ گرژییە سەربازییەکان بەسەر بیرکردنەوەی ستراتیژیی ئەمریکادا بسەپێنێت. وا لە واشنتۆن بکات کە بە شێوەیەکی نەرم دان بە کۆتاییهاتنی تاکجەمسەری و سەرهەڵدانی حەتمیی سیستەمێکی فرەجەمسەری جیهانیدا بنێت.

وتارەكان

پەیوەندیکردن

   تەلەفۆن:  ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٤٩٢٢٨٢

   ئەدرێس:  كوردستان - هەولێر - گەرەکی ئازادی

   ئیمێل  info@global-civilization.org