كاوە مەحموود
لە 5ی تەمووز، كۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر بەبۆنەی ١٠٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی كۆمۆنیستی چین سیمینارێكی ساز كرد. ئەوەی خوارەوە دەقی وتارەكەمە لە سیمینارەدا:
پارتی كۆمۆنیستی چین لە یەكی تەمووزی ساڵی ١٩٢١دا دامەزرا‌و لە پارتێكەوە، كە چەند دە ئەندامێكی تێدابوو، گەشەی كرد بۆ گەورەترین پارتی دەسەڵاتدار لە جیهاندا، كە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن ئەندامی هەیە.
بە هەوڵەكانی پارتەكە، چین لە وڵاتێكی هەژارەوە گۆڕا بۆ دووەم گەورەترین ئابووری جیهان، چونكە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە گەلی كردە پێشینەی كارەكانی لە ڕێگەی دەستگرتن بە پرەنسیپی "گەل لەپێش هەموو شتێكەوەیە".
پارتەكە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە خەونی گەلی هەڵگرتبوو بۆ تێپەڕاندنی سەردەمی داڕمان و ڕووكردنە سەردەمی ئاگابوون‌و بوژانەوە.
كاتێك وێنەی پێشەنگە یەكەمەكانی پارتەكە دەبینیت، كە بەشدارییان لە یەكەمین كۆنگرەی پارتەكەدا كردووە لە مۆزەخانەی پارتەكەدا، ئەو هەستەت بۆ دروست نابێت، كە ئەم پارتە بچووك بووە. ڕەنگە پارتەكە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ڕووی ژمارەی ئەندامانەوە بچووك بووبێت، بەڵام لە سەرەتای دامەزراندنییەوە گەورە بوو بە گەورەیی ئەو ئەركانەی كە خرابوونە سەر شانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركاری، چەوساندنەوەی بیانی و ئەو شەڕانەی، كە دژی بەرپا كرابوون بۆ سوكایەتیكردن بە شارستانییەتە دێرینەكەی.
پارتەكە گەورە بووە و هێشتاش گەورەیە بە باڵای سەركردە و تێكۆشەرانی.
نهێنی سەركەوتن و باڵادەستی لە شەڕە جیاوازەكاندا، لەوانەش گۆڕانی لە وڵاتێكی هەژارەوە بۆ دووەم گەورەترین ئابووری جیهان، لە داهێنان و نوێگەریی پراكتیكی و تیۆریی پارتەكەدا خۆی دەبینێتەوە، لە ڕێگەی پەرەپێدانی تیۆری بە كاركردنی پراكتیكی‌و، پشتبەستن بە واقیع‌و، ناسینی ڕادەی گەشەسەندنی، و ناسینی لێدانی ترپەی دڵی گەلی جین و پێداویستییە بنەڕەتییەكانیان.
پارتی كۆمۆنیستی لە ڕێگەی پراكتیكەوە سەركەوتوو بوو لە گەڵاڵەكردنی تیۆریی "پەیوەندی بە شێوازی چینی"؛ پەیوەندی بەردەوامی پارتەكە بە گەلەوە‌و، پەیوەندی سەركردایەتی پارتەكە بە كادیران‌و بنكەی حزبییەوە‌و، كۆبوونەوەی ئەندامانی پارتەكە لە دەوری ناوۆكی سەركردایەتی‌و، دۆزینەوەی ئەو میكانیزمانەی، كە زامنی فراوانكردنی كایەی گشتی‌و چالاككردنی بەشداریی گەل دەكەن. هیچ دەرفەتێكی ڕاستەقینە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكارییە قووڵەكان نەدەبوو ئەگەر پارتی كۆمۆنیستی چین و سەركردەكانی توانای ئیلهاموەرگرتنیان لە بەها و دانایی شارستانییەتی چینییان نەبوایە، كە لە سەرەتای گەشەسەندنییەوە گرنگیی بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی بۆ گەل چەسپاندووە.
پارتەكە لەم بابەتەدا سەركەوتوو بوو و ئەمڕۆش دەتوانێت ئەزموونی خۆی پێشكەش بكات، لەوانەش كە چین بە پشتبەستن بە چینیكردنی ماركسیزم، و ناسینی واقیعی نیشتمانی و بارودۆخی مێژوویی، كولتووری و شارستانی خۆی، مۆدێلی گەشەپێدانی خۆی نەخشاندووە، بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆی و بەبێ كۆپیكردنی ئەزموونی كۆمەڵگای دیكە.
چین مۆدێلی خۆی بەرهەمهێناوە، كە لە لایەكەوە موڵكی چینە، و لە لایەكی تریشەوە میتۆدۆلۆژیای ئەم گەشەپێدانە پێشكەشی جیهان دەكات بۆ ئەوەی دەوڵەتانی دیكە تایبەتمەندییە نیشتمانییەكانی خۆیان تێبگەن و ئەركەكانیان لە ڕێگەی دانانی خزمەتكردنی گەلەكانیان لە پێشینەی سیاسەتەكانیاندا بەپێی واقیعی خۆیان و بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان دیاری بكەن. ئەمە ئەو وانەیەیە كە چین پێشكەشی جیهانی دەكات.
چین پرۆسەی مۆدێرنیكردن لەژێر سەركردایەتی پارتی كۆمۆنیستی چیندا بە شێوازێكی سیستماتیك بەڕێوەدەبات، بەدوور لە خۆڕسكبوون‌و شڵەژان.
پرۆسەی مۆدێرنیكردن لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە دەستی پێكردووە و تا ساڵی ٢٠٣٥ بەردەوام دەبێت، بەپێی پلانەكانی گەشەپێدان لە قۆناغێكدا، كە بە پلانی چواردەیەم دەستی پێكردووە‌و، ئێستا پلانی پازدەیەم وەك قۆناغێكی ڕاگوزەر جێبەجێ دەكرێت بۆ ئەوەی بە پلانی شازدەیەم تەواو بكرێت.
لە دوا سەردانەم بۆ لە پەكین و شەنگهای، گەشەپێدانی كوالیتی بەرز دەبینین. ژیریی دەستكرد لە زۆرێك لە دامەزراوەكاندا دەبینین. گەشەپێدان لە چین تەنها لە پردە ناوازەكان، گواستنەوەی پێشكەوتوو و باڵەخانە ئاسمانبڕەكاندا كورت نابێتەوە، بەڵكو گەشەپێدان لە چین پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە بە پێداویستییە ماددی، ڕۆحی و كولتوورییەكانییەوە. گەشەپێدان لە چین بریتییە لە بنبڕكردنی هەژاری، بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون، ئاسمانی شین و ئاوی پاك. لەو شارانەی كە سەردانم كردن، خەڵكم بینی كار دەكەن بۆ بنیاتنانی سۆسیالیزم.. گۆرانی دەڵێن.. سەمادەكەن.. ئەوان دڵخۆشن و ناترسن لە نەبوونی بژێوی ژیان یان خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان.. ناترسن لە بێكاری و هەژاری.. بەدەست نامۆبوونەوە نانالێنن. پەنجا و شەش نەتەوەی جیاواز نیشتمانێك و پارتێك كۆیان دەكاتەوە، ئەوان گەلێكی یەكگرتوو بوون و هەن و دەمێننەوە.
تیۆری حوكمرانی لە چین پشت بە حوكمڕانی باشی گشتگیر دەبەستێت لە بەڕێوەبردنی پارت و دەوڵەت‌و، لە مامەڵەكردن لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە‌و، ئاڕاستەكردنی ئاسۆكانی گەشەپێدان و نەخشاندنی سیاسەتە ناوخۆییەكان بە گشتی.
فەلسەفەی حوكمڕانی و گەشەپێدانیش تەنها لە ڕێگەی كۆبوونەوە لە دەوری گەل و لەپێشینەبوونی گەل بەدی دێت. بە دیدی حزبی شیوعی چیندا مرۆڤ بە بەهادارترین سەرمایە دادەنرێت‌و، پرۆسەی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەام لە چین جیاوازە لە چەمكی گەشەی ئابووری بازاڕی دەوڵەتە سەرمایەدارەكان كە پارە بۆ باڵانسی ئۆلیگارشە دەسەڵاتدارەكان لە وڵاتە سەرمایەدارییەكاندا زیاد دەكات.
تەوەرەكانی گەشەپێدانی گەل لەو میكانیزمانەدا ڕەنگدەداتەوە، كە لە بەربڵاوكردنی دیموكراسی میللیدا پەیڕەو دەكرێن، بە گوێگرتن لە ڕای گەل، و بەستنەوەی پڕۆژەكانی گەشەپێدان بە پێداویستییە بنەڕەتییەكانی گەلەوە.
سەردەمی بووژانەوە (ڕێنیسانس) لە چین هەنگاوی گەورەی بەرەو پێشەوە ناوە و قۆناغی سەرەتایی تەواو كردووە بۆ چوونە ناو قۆناغی مۆدێرنیكردنی شێوازی چینی، كە یەكێتی گەلی چین و چارەنووسی هاوبەشیانی چەسپاندووە، كە سەرچاوەی سەرەكی خۆی لە شارستانییەتی چینییەوە وەردەگرێت‌و، ڕەسەنایەتی و دانایی چینی بە واقیع و ئێستاوە دەبەستێتەوە‌و، بەم جۆرە پرۆسەی دانایی شارستانیی چین لە ڕێگەی كەڵەكبوونی پراكتیكەوە، بە هەلومەرجی ئێستا‌و شرۆڤەكردنی ئاراستەی پەرەپێدانی ئایندە دەبەستیچتەوە‌و، ئەمەش وای كرد چەندین دەسپێشخەری نوێ لە چوارچێوەی چەمكی چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتیدا لە سەردەمی ئێستادا ڕابگەینرێت. ئەم دەستپێشخەرییانە لە دەستپێشخەری ئاسایشی هاوبەش، گەشەپێدانی هاوبەش، دەستپێشخەری شارستانییەتی جیهانی و دەستپێشخەری حوكمڕانی جیهانیدا ڕەنگدەدەنەوە، و لە ئاسۆكانی سیاسەتی چینیشەوە ئەوە هەڵدەهێنجێنین كە دەستپێشخەرییەكی نوێ ڕابگەیەنرێت سەبارەت بە حوكمڕانی ئیكۆلۆژی.
بەم جۆرە حزبی شیوعی چین حزبێكە بۆ ئایندەی سۆشیالیستی‌و بنیاتنانی كۆمەڵگای عەدالەتی كۆمەڵایەتی.

وتارەكان

پەیوەندیکردن

   تەلەفۆن:  ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٤٩٢٢٨٢

   ئەدرێس:  كوردستان - هەولێر - گەرەکی ئازادی

   ئیمێل  info@global-civilization.org