
نەبەز مستەفا
بەرێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانی جیهانی
ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی فەرمیی حکومەتی چینە بۆ ڕێکخستنەوە و گونجاندنی بازاڕی کار لەگەڵ شۆڕشی ژیریی دەستکرد (AI) و تەکنەلۆژیا نوێیەکان.
لە سیستمە سیاسییەکەی چیندا، هیچ بڕیارێکی ئابووری یان تەکنەلۆژی لە ئایدۆلۆژیا و ستراتیژی باڵای دەوڵەت جیا ناکرێتەوە. هەروەها لە فەلسەفەی حوکمڕانیی حیزبی کۆمەنیستی چیندا ، سەقامگیری هێڵی سوورە. بێکاری و لەدەستدانی بەکۆمەڵی کار بەهۆی ژیریی دەستکردەوە دەکرێت ببێتە هۆی ناڕەزایەتی ، بەتایبەت لەناو گەنجان و دەرچووانی زانکۆکاندا. بۆیە دەستپێشخەرییەکە وەک بەرگریکارێک کار دەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر ئاڵۆزییەکی کۆمەڵایەتی.

شەرعییەتی سیاسیی دەسەڵات لە چین پەیوەستە بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی کە دەسەڵات ژیانێکی ئاسوودە، هەلی کار و گەشەی ئابووری دابین دەکات وەک مافێک، لە بەرامبەردا هاووڵاتییان وەک ئەرکێک پابەندی سیستمە سیاسییەکەن. لە هەمان کاتدا پاراستنی هەلی کار لە سەردەمی AI ئەم شەرعییەتە دەپارێزێت.
چین دەیەوێت لە پێشبڕکێی تەکنەلۆژیای جیهانیدا پێشەنگ بێت. بۆیەش ئامانجی گونجانی ژینگەیەکی تەندروستە لە رێگەی ئەم دەسپێشخەرییەوە، ئامانجیەتی تەکنەلۆژیاکە خێراتر بچێتە ناو هەموو جومگەکانی بەرهەمهێنان بەبێ پشێوی. لە هەمان کاتدا پەیامێکی سیاسییە بۆ دەرەوە کە لە کاتێکدا لەوڵاتانی سەرمایەداریدا کۆمپانیا زەبەلاحەکان بەبێ پلان کرێکاران دەردەکەن و نایەکسانی دروست دەکەن، دەوڵەتی چین توانای هەیە بە پلانێکی ناوەندی ئاراستەی تەکنەلۆژیا بکات و هاوسەنگی ڕابگرێت.
ئەم چەمکە کە لەلایەن بەرێز شی جینپینگ ەوە خراوەتە ڕوو، ڕەهەندێکی مارکسی نوێیە ، بەو مانایەی کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و ژیریی دەستکرد دەبێت ببنە هێزی سەرەکیی گەشەکردنی ئابووری، بەڵام هاوکات دەبێت لەگەڵ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هاوسەنگ بکرێن نەک مرۆڤ پەراوێز بخەن.
بەو مانایەی لە تیۆریی فەرمیی حزبی کۆمەنیستی (فیکری شی جینپینگ)، ئامانجی کۆتایی سۆشیالیزم خزمەتکردنی خەڵکە. لەم ڕوانگەیەوە، تەکنەلۆژیا ئامرازە نەک ئامانج نابێت تەکنەلۆژیا ببێتە هۆی پەراوێزخستنی مرۆڤ، بەڵکو دەبێت لە خزمەت بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیان و شکۆی کاری مرۆڤدا بێت بۆیە لە دەقەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی بەرپرسیارانەی تەکنەلۆژیا کراوەتەوە.
یەکێک لە ستوونە ئایدیۆلۆژییە هەرە گرنگەکانی چینی ئێستا ڕێگریکردنە لە کەڵەکەبوونی سامانی دیجیتاڵی تەنها لە دەستی چەند دەوڵەمەند یان کۆمپانیایەکی گەورەدا. دەستپێشخەرییەکە دەیەوێت دەستکەوتەکانی AI لە ڕێگەی هەلی کار و پیشە نوێیەکانەوە بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دابەش ببێت.
لە هەمان کاتدا لە ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیستیدا، کار سەرچاوەی سەرەکیی بەها و ناسنامەی مرۆڤە. کاتێک دەوڵەت هەوڵ دەدات پیشە نوێیەکان بناسێنێت و بەفەرمییان بکات، دەیەوێت پێگەی کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار لە سەردەمی ئابووریی نوێدا بپارێزێت و نەهێڵێت مرۆڤ ببێتە پاشکۆی بێبایەخی ئامێر و ئەلگۆریتمەکان.
ئەم دەستپێشخەرییە لە ناوەڕۆکدا هەوڵێکی پلان بۆ داڕێژراوی حیزبی شیوعییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت لە مۆدێلی سۆشیالیزم بە تایبەتمەندیی چینی ، دەوڵەت ڕێگە نادات بازاڕی سەرمایەداری و تەکنەلۆژیا بە ئارەزووی خۆیان چارەنووسی مرۆڤ دیاری بکەن، بەڵکو دەوڵەت خۆی تەکنەلۆژیا دەخاتە خزمەت سەقامگیریی سیاسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.














