نەبەز مستەفا*

 هەژاری کۆت و بەندێکە کە ڕێگری لە شکۆ و ئیرادەی مرۆڤ دەکات. چین وەک گەورەترین وڵاتی لە حالەتی گەشەکردندا، لە ماوەی تەنها دە ساڵدا توانی ئاراستەی مێژوو بگۆڕێت.

ئەوەی لەوێ ڕوویدا تەنها ژمارە و گەشەی ئابووری وشک نەبوو، بەڵکو شۆڕشێکی ڕاستەقینە بوو کە تێیدا مرۆڤ و زانست ڕووبەڕووی هەژاریی ڕەها بوونەوە.

چین دەریخست کە ئەگەر پلانێکی تۆکمە هەبێت، دەکرێت مەحاڵەکان بکرێنە کردار. خاڵی جەوهەری لە مۆدێلی چینیدا، ئەو ڕەهەندە مرۆییە بوو کە زۆر کەم باسی لێوە دەکرێت.

سێ ملیۆن ئەندامی حزب، کە زۆربەیان گەنجانی دەرچووی زانکۆ و شارەزای بوارە جیاوازەکان بوون بۆ ماوەی چوار ساڵ لە گوندە هەرە دوورەدەستەکاندا گیرسانەوە. ئەمانە تەنها بۆ دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک نەچووبوون، بەڵکو وەک ئەندازیاری ژیان کاریان دەکرد.

ئەم سوپا گەنجە بۆ ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ هەژارەکان ژیان، تا لە نزیکەوە لەوە تێبگەن کە نەخۆشیی هەژاری لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت.

ئەوان بۆ هەر خێزانێک فایلێکی تایبەتیان دروست کرد دەیانزانی کێ بەهۆی نەخۆشییەوە پەکیکەوتووە و کێشەی کێ نەبوونی ڕێگاوبانە. ئەم گەنجانە بوونە ئەو پردە زیندووەی کە بودجەی ١.٦ تریلیۆن یوانیی دەوڵەتیان گەیاندە ئەو شوێنانەی کە پێشتر کەس ناویانی نەدەبیست. ئەوان نەک هەر هاوکارییان برد، بەڵکو خەڵکەکەیان فێری پشتبەستن بەخۆ کرد.

ستراتیژیی چینییەکان لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە هەژاری بەبێ پەیوەندی بنبڕ ناکرێت. دروستکردنی ٥٠ هەزار کیلۆمەتر هێڵی ئاسن تەنها بۆ گواستنەوە نەبوو، بەڵکو بۆ بەستنەوەی گوندە گۆشەگیرەکان بوو بە دڵە گەورە ئابوورییەکانی شارەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، گەیاندنی ئینتەرنێتی 5G بۆ لووتکەی چیاکان.

لادێنشینەکان بوونە بازرگانی ئۆنلاین ئەو جوتیارەی پێشتر بەرهەمەکەی لە کێڵگەدا دەڕزی، ئێستا لە ڕێگەی ڵایڤ و ڤیدیۆوە ڕاستەوخۆ بەرهەمەکەی دەفرۆشتە کڕیارانی شەنگەهای و پەکین. ئەمە وایکرد نێوەندگیرەکان نەمێنن و قازانجەکە بچێتە گیرفانی ڕاستەقینەی ڕەنجدەرانەوە.

یەکێکی تر لە سەرکەوتنەکان ڕزگارکردنی گروپە لاوازەکان بوو. لەو ١٠٠ ملیۆن کەسەی لە هەژاری ڕزگار بوون، ٥٠٪ی ئافرەت بوون کە لە ڕێگەی پیشەسازییە دەستییەکانەوە کرانە خاوەن کار.

هەروەها بۆ منداڵان سیستەمی سفر وازهێنان لە خوێندن پەیڕەو کرا و بۆ کەمئەندامانیش تەنها بەزەیی بەکارنەهات، بەڵکو تۆڕێکی پاراستنی کۆمەڵایەتییان بۆ دروست کرا کە بە سەربەرزییەوە بژین.

ئێستا ئەگەر سەیری ناوچەکەی خۆمان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، دەبینین لەسەر دەریایەک لە نەوت و وزەی مرۆیی وەستاوین، کەچی هێشتا هەژاری برینێکی قووڵە. بۆ ئەوەی ئێمەش سوود لەو ئەزموونە ببیبنین، پێویستمان بە نەشتەرگەرییەکی بونیادی هەیە لە سیستەمی بەڕێوەبردندا.

هەنگاوی یەکەم بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە. دەبێت وەک ئەوەی چین کردی، هەموو کەس خاوەنی ناسنامەیەکی ئابووریی دیجیتاڵی بێت تا هاوکارییەکان ڕاستەوخۆ بگەنە دەستی هەژارەکان، نەک لە فلتەری حزب و واستەی بەرپرسەکاندا ون ببن. شەفافییەت بناغەی کارەکەیە.

لەبری ئەوەی گەنجانمان بەرەو جەنگ یان کۆچ بەڕێ بکەین، پێویستە سوپای ئاوەدانی دروست بکەین. دەرچووانی زانکۆ دەکرێت ببنە ڕێبەر لە لادێکان و ناوچە پەراوێزخراوەکان. ئەندازیارێک کە لە گوندێکی کوردستاندا سیستمێکی ئاودێری مۆدێرن دادەنێت، خزمەتێکی زۆر گەورەتر بە نیشتمان دەکات وەک لەوەی لە فەرمانگەیەکدا تەنها چاوەڕێی مووچە بێت.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کانگای وزەی خۆرە. دەکرێت گوندەکانمان بکەینە ناوەندی بەرهەمهێنانی وزەی پاک و بەستنەوەیان بە بازاڕی جیهانییەوە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە. کاتێک گەنجێک لە لادێیەکی میسر یان کوردستان فێری کۆدینگ و دیزاین دەبێت، ئەو ئیتر بارگرانی نییە بۆ دەوڵەت، بەڵکو هەناردەکارێکی جیهانییە.

هەروەها دەبێت مۆدێلی کارگەی ناو گوند پەیڕەو بکەین. بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان، لە هەنگوین و هەنارەوە تا دەگاتە فەرش و دەستڕەنگینییەکان، ئەگەر بە براندێکی نیشتمانی و بازاڕێکی ئەلیکترۆنی ڕێکبخرێن، دەبنە باشترین جێگرەوەی نەوت.

لە کۆتاییدا، چین پێی وتین کە هەژاری چارەنووس نییە، بەڵکو ئەنجامی نەبوونی هەلە. کلیلی سەرکەوتن ئەوەیە کە هیچ کەس لە دواوەی کاروانەکە جێ نەمێنێت.

 ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە کۆپیکردنی کوێرانە نییە، بەڵکو پێویستی بەو ئیرادەیەیە کە مرۆڤ دەکاتە چەقی هەموو پڕۆژەیەک. ئەگەر تەکنەلۆژیا و شەفافییەت و هێزی گەنجانمان تێکەڵ بکەین، دەتوانین ئەم ناوچەیە لە جەنگەوە بەرەو پێشەنگی گەشەپێدان بەرین.

سەرچاوە:

 Cases of Poverty Alleviation ،Practices in Ningxia

 *بەرێوبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەسپێشخەری شارستانی جیهانی

 

وتارەكان

پەیوەندیکردن

   تەلەفۆن:  ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٤٩٢٢٨٢

   ئەدرێس:  كوردستان - هەولێر - گەرەکی ئازادی

   ئیمێل  info@global-civilization.org