نووسینی : نەبەز مصطفى
وەڵامەکانی وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کۆمۆنیست لە کۆنفرانسی
راگەیاندندا کە سیاسەتی دەرەوەی چین وەک نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژیی قووڵ بۆ پێگەی چین لە ساڵی ٢٠٢٦ و داهاتوودا خستەروو.
دەستپێکردنی کۆنفرانسەکەی وانگ یی لە "ڕۆژی جیهانیی ژنان" تەنها ئاماژەیەکی پڕۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو گۆڕینی زمانەوانییە لە زمانی "بارووت و هەڕەشە"وە بۆ زمانی "کۆمەڵگە و ژیان".
پەیامی ئەو بۆ مرۆڤایەتی جیهان بوو کە چیتر چین تەنها وڵاتێک نییە کە پارە و کاڵای هەبێت، بەڵکو دەوڵەتێکە کە "دیدگای" هەیە. دیدگایەک کە تێیدا ئاشتی نەک لە ڕێگەی "سەپاندنی دیموکراسیی زۆرەملێ"، بەڵکو لە ڕێگەی "تێربوونی سک و پاراستنی شکۆ"وە بەدی دێت. ئەمە مانیفێستی جیهانێکە کە تێیدا پەکین ناوەندی بڕیار و ویژدانی نوێی مرۆڤایەتییە.
ئەگەر ئاورێک لە مێژوو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بدەینەوە ، هەمیشە دەوڵەتە زلهێزەکان وەک مەکینەیەکی هێز و بەرژەوەندی پێناسەو وێنا کراون. بەڵام وتەکانی وانگ یی لە ساڵی ٢٠٢٦دا، هەوڵێکی ئەکادیمی و فەلسەفی جیدییە بۆ "ئینسانییکردنی" سیاسەتی دەرەوە.
وانگ یی چەمکێک پێشکەش دەکات کە دەتوانین ناوی بنێین "دیپلۆماسییەتی مرۆڤدۆستی". ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە دیپلۆماسییەتی چین لە دەوری "مرۆڤ" دەسوڕێتەوە. چین دەیەوێت "گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی جیهانی" نوێ پێشنیاز بکات؛ دەڵێت ئەگەر ڕۆژئاوا بەناوی "مافی مرۆڤ"ەوە جەنگ و گۆڕینی ڕژێمەکان دەهێنێت، ئەوا چین بەناوی "پاراستنی مرۆڤ و سەقامگیری"یەوە گەشەپێدان و ئاشتی دەهێنێت. ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەیە لە تیۆری "ئاسایشی نێودەوڵەتی"دا، کە تێیدا ئاسایشی تاک و کۆمەڵگە دەخرێتە پێش بەرژەوەندیی جیۆپۆلیتیکییە تەسکەکان. چین لێرەدا وەک "ئەندازیارێکی ئەخلاقی" دەردەکەوێت کە دەیەوێت ویژدانی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە نادادپەروەرییەکانی سیستەمی کۆن بجوڵێنێت.
لە ڕووی ئابوورییەوە، بە پێی پلانی پێنج ساڵەی ١٥یەمی چین ، ئەم پلانە کە لە وتەکاندا وەک نەخشەڕێگا باس کرا، نیشانەی گۆڕانی جۆریی ئابووریی چینە. چین چیتر پێویستی بە کڕینی تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوا نییە؛ ئەو دەیەوێت لە ڕێگەی "گەشەپێدانی کوالێتی بەرز"ەوە ببێتە سەرچاوەی داهێنان
گوتاری چین لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەچێتە قۆناغی نوێوەو ، چیتر وەک بازاڕێکی هەرزان کار ناکات، بەڵکو وەک "سەنتەری بەخشین" خۆی دەناسێنێت. کاتێک ئاماژە بە بڕیاری "گومرگی سفر" بۆ وڵاتانی ئەفریقا دەدا، ئەمە تەنها بڕیارێکی بازرگانی نییە، بەڵکو "کودەتایەکی سپی"یە بەسەر دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی وەک بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.
دیپلۆماسییەتی "گومرگی سفر": بڕیاری بەخشینی گومرگ بۆ ١٠٠٪ی بەرهەمەکانی ئەفریقا، بومەلەرزەیەکی
ئابوورییە. ئەمە وا دەکات وڵاتانی ئەفریقا بە تەواوی وابەستەی بازاڕی چین بن. چین لێرەدا وەک "ڕزگارکەرێکی ئابووری" دەردەکەوێت کە جێگەی یارمەتییە مەرجدارەکانی ڕۆژئاوا دەگرێتەوە.
ئەم هەنگاوە لە گۆشەنیگایەکی ئینسانییەوە، واتای "دابینکردنی شکۆ" دەگەیەنێت بۆ گەلان جیهان. وانگ یی ئاماژە بەوە دەکات کە جیهانگیری نابێت تەنها دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر بکات. "کێکە جیهانییەکە" دەبێت بە یەکسانی دابەش بکرێت. ئەمە تەحەدایەکی ڕاستەوخۆیە بۆ "پارێزگاریخوازیی ڕۆژئاوا. لە کاتێکدا ئەمریکا و ئەوروپا دیوار لە دەوری ئابوورییەکانیان هەڵدەچنن، چین دەرگاکانی دەکاتەوە.
ئەمە ستراتیژیی "پەیوەستکردنی چارەنووسەکانە". کاتێک چین بازاڕی خۆی بۆ بەرهەمی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین دەکاتەوە، لە ڕاستیدا "ئاشتیی ئابووری" بەرهەم دەهێنێت. لێرەدا، چین تەنها "مامۆستا" نییە، بەڵکو وەک "هاوبەشێکی خەمخۆر" دەردەکەوێت کە مۆدێلێکی نوێی مۆدێرنە پێشکەش دەکات؛ مۆدێلێک کە تێیدا پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و پیشەسازی نابێت ببێتە هۆی لەدەستدانی سەروەریی نەتەوەیی. ئەمە وەڵامێکی ئینسانییە بۆ ئەو مێژووە تاڵەی کۆلۆنیالیزم کە وڵاتانی باشووری جیهانی چەشتوویانە.
وتەکانی وانگ یی لە ٨ی ئاداری ٢٠٢٦دا، خاڵی کۆتایی دەخەنە سەر ئەو قۆناغەی کە چین تەنها وەک "کارگەی جیهان" دەبینرا. ئەمڕۆ چین وەک "ئەندازیاری نەزمی نوێ" دەردەکەوێت. کاتێک وانگ یی باس لە "گۆڕانکارییەکی سەد ساڵەی بێ وێنە" دەکات، ئاماژە بە کۆتایی هاتنی باڵادەستیی ڕەهای ڕۆژئاوا دەکات.
وانگ یی مێژوو وەک "چەکێکی ئەخلاقی" بەکاردەهێنێت. هێنانەوەی یادی ٨٠ ساڵەی "دادگاییکردنی تۆکیۆ" و کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، پەیامێکی قووڵی تێدایە: "ئەو کەسەی لە مێژوو تێنەگات، شایستەی داهاتوو نییە". چین لێرەدا خۆی وەک پارێزەری "ڕاستی مێژوویی" نیشان دەدات لە دژی ئەو هێزانەی (وەک ژاپۆن و ئەمریکا لە دیدی پەکینەوە) کە دەیانەوێت یاسا نێودەوڵەتییەکان بە ئارەزووی خۆیان بگۆڕن.
چەمکی "کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی"، کە لوتکەی هزری سیاسیی "شی جین پینگ"ە، لە ڕاستیدا وەڵامێکی فەلسەفییە بۆ "پشێویی جیهانی". وانگ یی دەڵێت جیهان وەک "کەشتییەک" وایە؛ ناکرێت بەشێکی کەشتییەکە نوقم بێت و بەشەکەی تری پارێزراو بێت. ئەمە بانگەوازێکی ئینسانییە بۆ کۆتاییهێنان بە "سیاسەتی جەمسەرگیری" و "سەردەمی جەنگە ساردەکان".
چین لە ساڵی ٢٠٢٦دا، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە هێزی سەربازی بە تەنیا جیهان بەڕێوە نابات. بۆیە پەکین خەریکی بنیاتنانی "هێزێکی نەرمی ستراتیژییە" کە لەسەر بنەمای (ئەخلاق، مێژوو، و هاوکاریی ئابووری) دامەزراوە. چین دەیەوێت ببێتە "ناوچەی ئارام" بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە "هەژموونی تاکلایەنە" بێزارن. وانگ یی بە زمانی گوڵ و بە ئیرادەی ئاسنین، بەجیهان دەڵێت: "سەردەمی مامۆستایەتی ڕۆژئاوا کۆتایی هات، ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە وەک یەک خێزان چیرۆکی داهاتوو بنووسنەوە، بەو مەرجەی پەکین وەک دڵسۆزترین ئەندامی ئەو خێزانە، نەخشەڕێگاکە بکێشێت."
وانگ یی بە شێوەیەکی ئەکادیمی تەحەدای چەمکی "نەزمی جیهانیی لەسەر بنەمای یاسا"دەکات کە ئەمریکا ڕێبەریی دەکات. ئەو پێی وایە ئەم یاسایانە تەنها بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی "تاقمە بچووکەکان" دانراون. بۆیەش چیتر هەوڵ نادات تەنها لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا ڕێکبکەوێت. ئەو خەریکی دروستکردنی بلۆکێکی زەبەلاحە لە وڵاتانی ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و ئاسیا. پەیامەکە ڕوونە: "ڕۆژئاوا کەمینەیە، ئێمە زۆرینەین".
ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژیی "جێگرەوە، نەک ڕووخێنەر": چین نایەوێت نەتەوە یەکگرتووەکان بڕووخێنێت،
چونکە خۆی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە. لە جیاتی ئەوە، دەیەوێت "ناوەڕۆکەکەی" بگۆڕێت. وانگ یی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت دەنگی وڵاتانی دواکەوتوو بەرزتر بێت. ئەمە جۆرێکە لە "دیموکراتیزەکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان" بە مۆدێلێکی چینی، کە تێیدا پەکین دەبێتە پارێزەری مافی وڵاتە لاوازەکان.
وانگ یی ئاماژە بە پەیوەندییان لەگەڵ ڕووسیا دەکات بە پەیوەندییەکی "چیا ئاسا" وەسفی دەکات، ئەم وەسفە نیشانەی هاوپەیمانییەکی ستراتیژیی قووڵە کە چیتر لە "فشارەکانی ڕۆژئاوا" ناترسێت. چین، ڕووسیا وەک "قەڵغانی ئەمنی" و ڕووسیاش چین وەک "بزوێنەری ئابووری" دەبینێت، پێکەوەش جەمسەرێکی بەهێز لە دژی هەژموونی تاکلایەنە پێکدەهێنن.
بۆ داڕشتنەوەی شەرعییەت، وانگ یی مێژوو بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بڵێت: "ئێمە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی ئاشتین، چونکە ئێمە قوربانیی فاشیزم بووین". ئەمە پەیامێکی ئەخلاقییە بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی کە دەڵێن چین هەڕەشەیە. ئەو دەڵێت "هەڕەشەی ڕاستەقینە ئەوانەن کە مێژوویان لەبیر کردووە" (مەبەستی ژاپۆن و ناتۆیە).
سەبارەت بە پرسی تایوان، وانگ یی بەکارهێنانی دەستەواژەی "هەرکەسێک دژی بێت لەناو دەچێت" بەکاردێنێت کە نیشانەی ئەوەیە کە چین لە ساڵی ٢٠٢٦دا گەیشتووەتە قۆناغی "ئامادەیی تەواو" بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە.
لە کۆتاییدا، وانگ یی تیۆری "کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی" (Community with a Shared Future) پێشکەش دەکات. ئەمە تەنها دروشم نییە، بەڵکو جێگرەوەی "دیموکراسیی لیبرالی"ی ڕۆژئاوایە.
ئەو بە ڕۆژئاوا دەڵێت: دیموکراسی بهێنە تا پێشکەوتوو بیت. با پێکەوە گەشە بکەین و دەوڵەمەند بین، بێ ئەوەی دەست لە کلتور و سیستەمی سیاسیی خۆت هەڵبگریت. ئەم مۆدێلە (Development First, Sovereignty Always) بۆ زۆرینەی وڵاتانی جیهان سەرنجڕاکێشترە، چونکە مەرجی سیاسیی تێدا نییە.
شیکردنەوەی ئەم دیمانەیە پێمان دەڵێت کە ساڵی ٢٠٢٦ ساڵی "تەواوبوونی متمانەی چینی" یە. چین چیتر داوای مۆڵەت لە کەس ناکات بۆ گەشەکردن. وانگ یی بە زمانی گوڵ و بە ئیرادەی ئاسنین، بە جیهانی ڕاگەیاند کە پەکین سەنتەری نوێی بڕیاری ئابوورییە. "باشووری جیهانی" سوپای نوێی دیپلۆماسیی چینە. ئەمریکا دەبێت فێری "پێکەوەژیان" بێت، چونکە سەردەمی "تاک جەمسەری" بووەتە مێژوو.