د. كاوە مەحمود
هەولێر ١٧/٦/٢٠٢٦
ئامادەبووانی هێژا
خۆشحاڵین بە ئامادەبوونتان لەم چالاكییە كە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی دیالۆگی شارستانییەكان سازكراوە.
سەنتەركەمان بە بەشداری‌و هاوبەشی لە گەڵ كۆنسڵگەری كۆماری چینی میللی لە هەولێر بە شانازییەوە، لە ئاستێكی نێودەوڵەتییەدا پێشەنگ بوو لە ئەنجامدانی ئەم چالاكییە، كە بە بۆنەی ڕۆژی نێودەوڵەتی دیالۆگی شارستانییەكان بە پێی بریاری كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان 78/286 لە 7 حوزەیرانی 2024، بە پێشنیازی كۆماری جینی میللی‌و بەشداری و پاڵپشتی زیاتر لە هەشتا دەوڵەت بڕیاردراوە 10ی حوزەیران ڕۆژی نێودەوڵەتی دیالۆگی شارستانییەكان بێت.
خودی ئەو بڕیارە داوا لە ناوەندەكان لە ئاستی جیهان دەكات كار بۆ بڵاوكردنەوە كەلتووری دیالۆگ بكەن، پێمان وایە كە پێویستە لە سەر ئاستی جیهان لە شوێنی جیاواز ئەو دامەزراو ‌و رێكخراوانەی بابەتی دیالۆگی شارستانییەكان بە هەند وەردەگرن بە هاوكاری زانكۆ‌و ڕێكخراوە نێودەوڵەتەكان كار بۆ فراوانكردنی بڵاوبوونەوە‌و قایلبوون بە كەلتووری دیالۆگی شارستانییەكان بكەن.
مەبەست لە سازكردنی ئەم چالاكییە، جەختكردنەوەیە لەسەر پێداویستی‌و گرنگی دیالۆگ لەم سەردەمەدا، كە جیهان بە وەرچەرخانێكی مەترسیدار تێدەپەڕێت‌و جەنگ‌و ناكۆكی‌و پێكدادانەكان بەرۆكی ناوچەیەكی فراوانی جیهانی گرتۆتەوە‌و، هەڵبەتە نەك تەنیا بەرەنگاربوونەوەی جەنگ‌و نەهێشتنی چاوگەكانی بارگرژی پێویستی بە دیالۆگ بۆ كۆتایپێهێنانی هەیە، بەڵكو سەرجەم كێشە‌و بەربەستەكان بەرامبەر پێشكەوتنی مرۆڤایەتی، پێویستی بە دیالۆگی دەوڵەتان‌و گەلان ‌ونەتەوەكانی جیهان هەیە، وەك میكانیزمێكی سەرەكی لەیەكتر تێگەیشتن‌و حاڵی بوون نێوان شارستانییەكان.
هەڵبەتە ئەمڕۆ پێویستمان بە ڕوانینە سەبارەت بە چەمكی شارستانی بە دیدێكی نوێ‌و بە شێوەیەكی گشتگیر كە پێناسەیەكی نوێ بۆ ئەم چەمكە لە هەزارەی سێیەم بكەینەوە‌و دیدمان بۆ شارستانی پێناسەكانی كۆنی ویل دیورات‌و توینی‌و شبلینگر‌و، پێناسەكانی ئێستای پێكدادانی شارستانییەكانی هنتكتۆن تێپەڕێنێت‌و، تەنیا لە چوارچێوەی مێژووە نەڕوانینە شارستانی جیهانی، چونكە پێویستمان بە پێناسەیەكی گشتگیری نوێیە كە پەیوەندی بە ئێستا‌و ئایندە وە هەبێت‌و، لەم كاروانەدا ئەلتەرناتیفی دیالۆگ هەر دیالۆگە‌و، لە هەمان كاتدا دیالۆگیش تەنیا لە پێناوی دیالۆگ نییە، بەڵكو بە مەبەستی وەڵامدانەوەی سەرجەم ئەو پرسیارانەیە ئاراستەی سەرجەم شارستانیەكان دەكرێت، كە پەیوەندییان بە ئاسایشی هاوبەشی مرۆڤایەتی‌و گەشەپێدانی هاوبەش‌و میكانیزمەكانی حوكمرانی هاوبەش لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، هەیە‌و، تێڕوانین بۆ ئەم سێ تەوەرە گرنگە، هۆكاری سەرەكی ئەو سێ دەستپێشخەرییە جیهانییە كە لە ساڵانی ڕابووردوودا سەرۆكی چین شی جین بینگ، جگە لە پێگەی وەك سەرۆكی دەوڵەتێكی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش نەتەوە یەكگرتووەكان، وەك تیۆرزانێك‌و بیرمەندێك، ئەو بابەتانەی خستۆتە ڕوو. هەڵبەتە ئەو سێ دەستپێشخەرییە كە بابەتێكی هزری‌و پراكتیكییە پابەندە بە دەستپێشخەری شارستانیی جیهانی، كە شی جین بینگ لە 15ی ئازاری 2023 لە كۆبوونەوەیك لە گەڵ سەدان حزبی سیاسی‌و چەندین سەركردەی وڵاتان ڕایگەیاند‌و، لە نێوان ئەو چوار بابەتەش پەیوەندییەكی دیالكیتیكیانەی بابەتی هەیە.
لە دووەمین ساڵرۆژی بڕیاردنی ڕۆژی دیالۆگی شارستانییەكان بە پێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەم خاڵانە سەبارەت بە تێڕوانینمان بۆ چەمكی دیالۆگی شارستانی بكەم:
1ــ دیالۆگ پێداویستی‌و پرسێكی حەتمی‌و ئەركێكی مرۆیی‌و مەرجێكی بێ چەندوچوونی بەیەكەوەژیانی ئاشتیخوازانەیە، كە بنەمایەكەی هاوسەنگی ئیرادە‌و پابەندبوونە بە نەریت‌و پرینسیپە مرۆییەكان، وەك بڕگەی هاوبەشی سەرجەم شارستانییەكان.
2ــ دیالۆگی شارستانییەكان بنەمای نزیكبوونەوەی گەلان‌و نەتەوەكانی جیهانە‌و ئامرازی لابردنی ئەو بەربەستانەیە، كە بە هۆی كەڵەكەبوونی دیدی پێشەوەخت‌و هەڵەتێگەیشتن لە بەرامبەر‌و قایلنەبوون پێی، لە بیر‌و یادەوەری گشتی لایەنێك جێنشینكراوە. لابردنی بەربەستەكان پێویستی بە بەردەوامبوون‌و فراوانكردنی بازنەی دیالۆگ‌و بەشداری كارای هێزی نەرم‌و دەستەبژێری هزری‌و ناوەندی كەلتووری توانا ئەكادیمیستەكانە.
لە سەردەمی هەزارەی سێیەمدا، پرنسیپ‌و بەهاكانی هاوچەرخی شارستانی تەنیا لە بواری دژایەتیكردنی جەنگ‌و كۆتایهاتن بە بارگرژییەكان نییە، هاوكات لەگەڵ ئەم بابەتە، ناكرێ باس لە بوونی نەریت‌و بەهای شارستانی بكەین بە بەردەوامبوون‌و قایلبوونی هەر لایەنێك بە مانەوەی بەشێك لە مرۆڤایەتی بە هەژاری‌و بەردەوامبوونی تێكدانی ژینگە‌و بوونی بۆشایی گەشەپێدان نێوان وڵاتان‌و چەوساندنەوەی گەلان‌و زەوتكردنی مافی بەرامبەر. قایلبوون بەم بابەتانە دەمانخاتە دەرەوەی بەها‌و نەریت‌و پرنسیپەكانی شارستانی هاوچەرخ.
4ــ مەبەستی سەرەكی لە دیالۆگی شارستانییەكان بەشداری سەرجەم شارستانییەكانە بە مانا هاوچەرخەكەی لە چارەسەركردنی گرفتەكانی ژیانی هاوچەرخی مرۆڤایەتی. لە میانەی ئەم كارەدا هیچ شارستانییەكی لە وەی دیكە باڵاتر نییە‌و، ناكرێ هیچ شارستانییەك خۆی بە سەنتەری جیهان بزانێت‌و نەریت‌و بەهاكانی خۆی بە پێوەر بۆ پێشكەوتن‌و مۆدێرنە دابنێت.
لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بۆ وتەیەكی شی بكەم كە دەڵێت: یەكسانی نێوان شارستانییەكان مەرجێكی سەرەكییە چونكە هیچ شارستانییەك لە جیهاندا كامل نییە‌و هیچ شارستانییەك لە بەها‌و نەریتدا بەتاڵ نییە‌و ناكرێ جیاكاری نێوان شارستانییەكان بكرێت‌و بە چاوی كەم تەماشای هیچ شارستانییەك بكرێت.
ئەگەر میّژووی مرۆڤایەتی بەرهەمی سەرجەم شارستانییەكان بێت ئەوا ئایندەی مرۆڤایەتی بێ بەرهەمی هاوسەنگ‌و بەشداری سەرجەم شارستانییەكان نایەتەدی.
5ــ بەشێك لە بابەتە گرنگەكانی دیالۆگی شارستانییەكان پرسی حوكمرانییەكی عادیلانەیە لە سیستمی نێودەوڵەتیدا. ئەم بابەتە لە خودی دەستپێشخەری حوكمرانی جیهانی كە لە ئەیلولی 2025 ڕاگەینڕا كە بریتییە لە ڕێزگرتنی یەكسانی سەروەری وڵاتان‌و بەشداری هاوسەنگ لە بەرێوبردنی كاروباری نێودەوڵەتی‌و، چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگای یاسای نێودەوڵەتی‌و دیالۆگی هەمە لایەن‌و پابەندبوون بە فرەییەكی ڕاستەقینە‌و، دانانی مرۆڤ بە ڕەهەندی گەشەپێدان‌و حوكمرانی باش‌و، دەرچوون لە بازنەی درووشم‌و، گواستنەوەی ئەو پرنسیپانە بۆ كاری پراكتیكی.
ئامادەبووانی بەڕێز:
لە كەلتووری چینیدا هاتووە كە بە پشكووتووی سەدان گوڵ هەست بە بەهار لە باخچەكاندا دەكەین. لە كەلتووری كوردەواریدا هاتووە بە خونچێكی بەهار نایەت.
بۆیە دەتوانین بلێن شارستانی جیهان لەم سەدەیەدا ئەو بەهارەیە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ لە خۆ بگرێت. فرەبوون‌و هەمەجۆری‌و هەمە چەشنی نیشانەی دەوڵەمەندی شارستانییەكانە.
بۆیە لەم بوارەدا جیهان پێویستی بە فرەجەمسەری‌و نەهێشتنی گەمەی سفرە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. دیالۆگ ڕێگای لە یەكتر فێربوون‌و بەیەكەوژیان‌و ڕێزگرتن لە فرەییە‌و، ئەمەش ڕێگای نوێخوازی‌و مۆدێرنەتەكردنی گۆمەڵگای مرۆڤایەتییە بەروە گەیشتن بە كۆمەڵگای چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی لە سەردەمی هاوچەرخدا.
ئامادەبووانی بەڕیز ئێمە ڕۆژی دیالۆگی شارستانییەكان بە هەلێكی گەورە دەزانیین بۆ جەخت كردنەوە لەسەر ڕێزگرتن لە یەكتر‌و ئاڵۆگۆركردنی ئەزموونەكان فێربوون لە یەكتر. هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لەسەر دیالۆگی ناوخۆیی دەكەینەوە بۆ وەڵامدانەوە پرسیارە ئاڵۆزەكان كە دووچاری كۆمەڵگای خۆمان دەبێتەوە

وتارەكان

پەیوەندیکردن

   تەلەفۆن:  ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٤٩٢٢٨٢

   ئەدرێس:  كوردستان - هەولێر - گەرەکی ئازادی

   ئیمێل  info@global-civilization.org