٨ی نیسانی ٢٠٢٦:
سەردانی بەیانی: ناوچەی گەشەپێدانی ئابووری و تەکنەلۆژیای پەکین ، پێشانگای قيادەی زاتییەو پێشانگای رۆبۆت
لەم سەردانەدا تیشک خرایە سەر چەمکی گەشەپێدانی کوالێتی بەرز (High-Quality Development). تێڕوانینی نوێی چین بۆ تەکنەلۆژیا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؛ لە ئامرازێکی کۆنترۆڵ ەوە بۆ ئامرازێکی ڕزگاری و ئاسودەیی بۆ مرۆڤ. هارمۆنی نێوان مرۆڤ و تەکنەلۆژیا ؛ بەو واتایەی داهێنانەکان دەبێت لە خزمەت پاراستنی ژینگە و بەها مرۆییەکاندا بن، نەک تەنها بۆ قازانجی مادی.
چالاکی پاشنیوەڕۆ:: بەشداریکردن لە وانەیەکی تایبەت سەبارەت بە دەسپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی و تاوتوێکردنی گرنگیی ئەم دەسپێشخەرییە بۆ جیهان بە گشتی. ئەوەەی خستەروو کە لە جیهانێکی ئاڵۆزی پڕ لە ململانێدا، کە تێیدا جیاوازییە کولتوورییەکان زۆر جار وەک هۆکاری گرژی دەبینرێن، دەسپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی (GCI) وەک پەیامێکی مرۆیی و ستراتیژی بۆ کۆکردنەوەی جیهان لەژێر چەترێکی هاوبەشدا دێتە ئاراوە. ئەم دەسپێشخەرییە تەنها پلانێکی سیاسی نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەما ڕەسەنەکانی مرۆڤایەتی.
گرنگیی ئەم بابەتە لەوەدابوو کە جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی شارستانیەتەکان دەکاتەوە. لە جیاتی ئەوەی مۆدێلێکی تاقانەی گەشەپێدان یان کولتوورێکی دیاریکراو بەسەر جیهاندا بسەپێنرێت، ئەم دەسپێشخەرییە پێمان دەڵێت کە هەموو نەتەوە و شارستانیەتێک خاوەنی مێژوو و بەهای تایبەت بە خۆیەتی و دەتوانێت بەشداربێت لە دەوڵەمەندکردنی کاروانی مرۆڤایەتی. ئەمە ڕێگایەکە بۆ کۆتاییهێنان بەو تێڕوانینە باوەی کە باس لە پێکدادانی شارستانیەتەکان دەکات، و گۆڕینی بۆ دیالۆگی شارستانیەتەکان.
خاڵێکی تری گرنگیی ئەم دەسپێشخەرییە، پەیوەستە بە بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی وەک ئاشتی، گەشەپێدان، دادپەروەری، و دیموکراسی. ئەم بەهایانە موڵکی هیچ لایەنێکی دیاریکراو نین، بەڵکو ئامانجی هەموو مرۆڤایەتین. لەم چوارچێوەیەدا، تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی ماددی تەنها کاتێک مانیان دەبێت کە لە خزمەت شکۆ و ئاسودەیی مرۆڤ و پاراستنی ژینگەکەیدا بن.
٩ی نیسانی ٢٠٢٦:
شاندەکە سەردانی یەکەمی بۆ پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ڕۆژئاوای ئاسیا و ئەفریقا بوو کە سەر بە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی چینە. ئەم پەیمانگایە وەک ناوەندێکی بڕیارەبەدەست و ستراتیژی بۆ لێکۆڵینەوە لە کاروباری ناوچەکە هەژمار دەکرێت. لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کە پسپۆڕانی باڵای پەیمانگاکە و نوێنەرانی پەیمانگای چین بۆ لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان و فەرمانگەی نێودەوڵەتی لە پارتی کۆمۆنیستی چین (IDCPC) تێیدا بەشدار بوون، گفتوگۆی چڕ دەربارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و ئەفریقا لە داهاتوودا دەبنە جێگەی بایەخی سەرەکی توێژینەوە ستراتیژییەکان، هەروەها تیشک خرایە سەر فیکری دیپلۆماسیی نوێی چین و ڕەنگدانەوەی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. لایەنی چینی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ بوونی سەنتەرێکی لەم شێوەیە، ئەم هەنگاوەیان وەک هۆکارێکی گرنگ بۆ نزیککردنەوەی دیدگای هەردوولا لە قەڵەم دا. ئەم دیدارە ڕێگەی خۆشکرد بۆ لێکتێگەیشتنی زانستی، بە ئامانجی ئەنجامدانی کۆنفرانسی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی توێژەر، تاوەکو سەنتەرەکە ببێتە ناوەندێکی پێشەنگ لە ناوچەکەدا بۆ شیکردنەوەی ستراتیژییەتە جیهانییەکان و بەهێزکردنی دیپلۆماسیی فیکری. دواتر لە درێژەی بەرنامەکەدا، شاندەکە سەردانی پەیمانگای چین بۆ لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان (CIIS) کرد.
لە دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا، شاندەکە سەردانی قوتابخانەی حیزبیی لیژنەی ناوەندیی حیزبی شیوعی چین (ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ حیزب) یان کرد. لەوێ لەلایەن بەڕێز پڕۆفیسۆر لی وێنتانگ (Prof. LI Wentang)، جێگری سەرۆکی ئەکادیمیا، و خاتوو دۆنگ چینگ (Ms. DONG Qing)، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و شاندێکی یاوەریان پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆیەکی ورد و چڕ لەسەر بیری دیپلۆماسی شی جینپینگ و چوار دەسپێشخەرییە جیهانییەکە کرا، لەگەڵ شیکردنەوەی بارودۆخی جیهانی و ڕۆڵی فیکری سیاسی نوێ. و ئەرکی ئامادەکردنی کادیرانی سەرکردایەتی بۆ ئیدارەی دەوڵەت و حزب لە ١٣ بواری جیا ، هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی سەنتەرەکەمان کرایەوە لە پێگەیاندنی کادیری پێشکەوتوو و مامناوەند و ئاشناکردنیان بە نوێترین تیۆرییەکانی بەڕێوەبردن. بە دیدگایەکی ستراتیژییەوە باس لە میکانیزمەکانی هاوکاری نێوان هەردوولا کرا و لە کۆتاییدا هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گرنگ بۆ ئەوەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی ببێتە شەریکێکی فیکری کاریگەر.
١٠ی نیسانی ٢٠٢٦:
وێستگەی یەکەم: زانکۆی پەکین
لە درێژەی گەشتە زانستییەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی ، وێستگەی پڕبایەخی ئێمە، سەردانی زانکۆی پەکین (PKU) بوو. ئەم زانکۆیە لای سەنتەرەکەمان تەنها دامەزراوەیەکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو وەک پەڕلەمانێکی فکری و دڵ و ناوەندی مەعریفیی وڵاتی چین دەبینرێت. لێرەدا بوو کە مێژووی هاوچەرخی چین نەخشێنرا و زانکۆکە بوو بە لانکەی بزووتنەوەی چواری ئایار و گۆڕانکارییە کلتوورییە گەورەکان.
زانکۆی پەکین مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە لە پێگەیاندنی ئەو کەسایەتییانەی ڕەوتی مێژوویان گۆڕی؛ لە لی داژاو ی دامەزرێنەری حزبی شیوعی و ڕابەری مارکسیزمی ئەکادیمی، تا ماو تسی تۆنگ کە لێرەوە بناغەی فکریی دەوڵەتی نوێی چینیان داڕشت. هەروەها ڕۆڵی بێوێنەی چێن دوکسیو وەک ڕاگری کۆلێژی ئەدەبیات لە خۆشکردنی زەمینەی سیاسی و کلتووری وڵاتەکەدا ڕەنگدەداتەوە. تەنانەت لە مێژووی نوێشدا، ئەم زانکۆیە سەرکردەی کارامەی وەک لی کچیانگ ی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پێشکەش بە جیهان کردووە.
لە چوارچێوەی سەردانەکەماندا، پرسی خوێندنی زمانی کوردیمان لەم زانکۆیە تاوتوێ کرد. جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە ئەم بەشە لە چوارچێوەی تەنها فێربوونی زمان تێپەڕێت و ببێتە ناوەندێکی گشتگیری کوردۆلۆجی . ئامانجمان ئەوەیە مێژوو، فەلسەفە و شارستانیەتی زیندووی کورد بە گەلی چین بناسێنین، تا تێگەیشتنی ئەوان بۆ دۆزی کورد لە ئاستێکی قووڵتر و ئەکادیمیدا بێت.
ئەم سەردانە بۆ زانکۆیەک کە لە ڕیزی پێنج باشترینەکانی چین و پەنجا باشترینەکانی جیهاندایە، هەوڵێکە بۆ بنیاتنانی پردێکی مەعریفیی بەهێز. ئەم هاوکارییە دەرگایەکی گەورە بۆ کادیران و توێژەرانی سەنتەرەکەمان دەکاتەوە تا لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانستی و بەشداریکردن لە خول و سمینارەکاندا، ئاستی ڕاوێژکاری خۆیان بەرز بکەنەوە.
وێستگەی دووەم: کەناڵی CGTNی عەرەبی؛ پردی پەیوەندیی میدیایی
لە بەشێکی تری گەشتەکەماندا، سەردانی بارەگای سەرەکیی کەناڵی (CGTN)ی عەرەبیمان کرد. ئەم کەناڵە وەک یەکێک لە گرنگترین پلاتفۆرمە میدیاییە نێودەوڵەتییەکان، ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە گواستنەوەی ڕاستییەکان و دروستکردنی لێکتێگەیشتن لە نێوان شارستانیەتی چینی و جیهانی عەرەبی و ناوچەکەدا.
لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی کەناڵەکە، جەختمان لەسەر گرنگی هەماهەنگی نێوان سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی و ئەم دامەزراوە میدیاییە کردەوە. ئامانجی ئێمە دروستکردنی کەناڵێکی بەردەوامە بۆ ئاڵوگۆڕی هەواڵ، زانیاری و توێژینەوەکان، بە جۆرێک کە خزمەت بە تێگەیشتنی هاوبەش بکات.
بڕوامان وایە کە هاوکاری لەگەڵ (CGTN) دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەیاندنی دەنگی توێژەرانی ئێمە و ئاشنابوونی زیاتری ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی چین بە واقیعی ناوچەکە. ئەم لێکتێگەیشتنە تەنها لەسەر ئاستی میدیایی نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە هەوێنێک بۆ داڕشتنی گوتارێکی مەعریفیی نوێ کە دوور بێت لە شێواندنی میدیایی و خزمەت بە بەرژەوەندییە کلتووری و زانستییەکانی هەردوولا بکات.
ئەم گەشتە دووقۆڵییە (ئەکادیمی و میدیایی)، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ چەسپاندنی پێگەی سەنتەرەکەمان وەک ناوەندێکی نێودەوڵەتی کە توانای هەیە لەگەڵ گەورەترین دامەزراوەکانی جیهان گفتوگۆ بکات و پردی نوێ بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست
بکات.

پەیوەندیکردن

   تەلەفۆن:  ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٤٩٢٢٨٢

   ئەدرێس:  كوردستان - هەولێر - گەرەکی ئازادی

   ئیمێل  info@global-civilization.org