
پکین : ١٠-٤-٢٠٢٦
لە چوارچێوەی بەردەوامی چالاکییەکانی سەردانە زانستی و دیپلۆماسییەکەمان بۆ کۆماری چینی میللی، ڕۆژی چوارەم وێستگەیەکی گرنگ و ستراتیژی بەخۆیەوە بینی، ئەویش سەردانی "قوتابخانەی حیزبیی لیژنەی ناوەندیی حیزبی شیوعی چین (ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ حیزب)" بوو. لەلایەن بەرێز پڕۆفیسۆر لی وێنتانگ (Prof. LI Wentang): جێگری سەرۆکی ئەکادیمیا ، دۆنگ چینگ (Ms. DONG Qing) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و شاندی یاوەریان پێشاوزی کران.
لەم کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ لەسەر بیری دیپلۆماسی شی جین پینگ و چوار دەسپێشخەرییە جیهانییەکە و شیکردنەوەی وردی بۆ بارودۆخی جیهانی و ڕۆڵی فیکری سیاسی نوێ کرا.
هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی سەنتەرەکەمان کرایەوە لە پێگەیاندنی کادیری پێشکەوتوو و مامناوەند و ئاشناکردنیان بە نوێترین تیۆرییەکانی بەڕێوەبردن و بە دیدگایەکی ستراتیژییەوە باس لە میکانیزمەکانی هاوکاری نێوان هەردوولا کرا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گرنگ بۆ ئەوەی "سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی" ببێتە شەریکێکی فیکری کاریگەر.
ئەم هاوبەشییە لە ڕێگەی کارکردن لەسەر چەمکەکانی سەرۆک شی جینپینگ دەبێت، بەتایبەت ئەو دیدگایەی کە ئامانجی "بونیاتنانی ئایندەیەکی هاوبەشە بۆ مرۆڤایەتی".



