ئامادەکردنی: نەبەز مستەفا

لە جیهانێکدا کە تەکنەلۆژیا بە خێراییەکی بێ وێنە سنوورەکان دەبەزێنێت و گوتارەکەی سەرۆکی چین، شی جینپینگ، لە کۆنفرانسی جیهانیی ژیریی دەستکرد ٢٠٢٦ لە شانگهای، تەنها وەک نەخشەڕێگەیەکی تەکنیکی دەرنەکەوت، بەڵکو وەک فەلسەفەیەکی سیاسی و مرۆیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم شۆڕشە نوێیە خۆی نواند.
شی جینپینگ لە ڕێگەی چوار تێبینیی بنەڕەتییەوە، هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لە نێوان پێشکەوتنی خێرا و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و سیاسیدا دروست بکات.
لە تەوەری یەکەمدا، سەرۆکی چین جەخت لەسەر بنەمای هاوکاریی بەرژەوەندیی هاوبەش دەکاتەوە. ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ جیهان کە ژیریی دەستکرد نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ قۆرخکاری یان دروستکردنی دیوار لەدەوری زانست.
بە بڕوای ئەو داهێنان کاتێک دەگاتە لووتکە کە دەرگاکان کراوە بن و زانیارییەکان هاوبەش بکرێن، ئەم دیدگایە دەیەوێت تەکنەلۆژیا لە کێبڕکێیەکی وێرانکەرەوە بگۆڕێت بۆ کەرەستەیەکی گەشەپێدانی جیهانی کە هەمووان تێیدا براوە بن.
لە لایەکی دیکەوە تێبینیی دووەم ئاماژەیە بۆ ئاسایش و کۆنترۆڵ، لێرەدا شی جینپینگ پەنجە دەخاتە سەر مەترسییەکی گەورە، ئەویش ئەوەیە کە نابێت مرۆڤ کۆنترۆڵی ئەم هێزە لەدەست بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدات لەوەی کە چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی نەکرێتە بیانوویەک بۆ ڕێگریکردن لە وڵاتانی تر و پەکخستنی گەشەیان. ئەمە هاوسەنگییەکی وردە لە نێوان پاراستنی مرۆڤایەتی لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاسایش وەک چەکێکی سیاسی.
یەکێک لە قووڵترین ڕەهەندەکانی ئەم ڕوانگەیە پاراستنی تەبایی و هەمەجۆریی شارستانییەکانە، شی جینپینگ هۆشداری دەدات کە ژیریی دەستکرد نابێت ببێتە هۆی سڕینەوەی ناسنامە کولتوورییەکان لە سەردەمێکدا کە مەترسیی یەکڕەنگکردنی جیهان لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانەوە لە ئارادایە و چین داوای ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی هەر نەتەوە و شارستانییەتێک دەکات تاوەکو تەکنەلۆژیا لە خزمەت دەوڵەمەندکردنی کولتوورەکاندا بێت نەک لەناوبردنیان.
سەرۆکی شی جین پینگ پەیامێکی مرۆیی و دادپەروەرانە بۆ باشووری جیهانی (وڵاتانی تازەپێگەیشتوو) دەنێرێت. ئەو داوا دەکات کە نابێت جیاوازییە دیجیتاڵییەکان ببنە هۆی زۆردارییەکی مێژوویی نوێ. داوای ڕۆڵی سەرەکی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات تاوەکو حوکمڕانیی ژیریی دەستکرد دادپەروەرانە بێت و وڵاتە هەژارەکان نەبنە قوربانیی ئەم پێشکەوتنە.
پەیامی ئەو دیدگایەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٦، هەوڵێکە بۆ ئەوەی ژیریی دەستکرد وەک موڵکێکی گشتیی مرۆڤایەتی بناسێنرێت، کە تێیدا تەکنەلۆژیا لە خزمەت ئاشتەوایی، دادپەروەری و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤدا بێت، نەک ببێتە ئامرازێک بۆ قووڵکردنەوەی ناكۆكییە نێودەوڵەتییەکان.

پەیوەندیکردن

   تەلەفۆن:  ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٤٩٢٢٨٢

   ئەدرێس:  كوردستان - هەولێر - گەرەکی ئازادی

   ئیمێل  info@global-civilization.org