
وەرگێرانی : نەبەز مصطفى
لە ڕێکەوتی ٨ی ئاداری ساڵی ٢٠٢٦، چوارەمین خولی ١٤یەمین کۆنگرەی نیشتمانی نوێنەرانی گەلی چین، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە "میدیا سەنتەر" ساز کرد، تێیدا وانگ یی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی لێژنەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چین و وەزیری دەرەوە، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانی چینی و بیانی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی چین و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دایەوە.

وانگ یی: هاوڕێیانی ڕۆژنامەنووس، بەیانیتان باش! زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی تر لەگەڵتان کۆدەبمەوە. ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی ژنانە، لە سەرەتادا بەم بۆنەیەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و هیوای باشی خۆم ئاراستەی هەموو خانمە هاوڵاتییان دەکەم. هەروەها دەمەوێت ئەم هەلە بقۆزمەوە بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەم بۆ هاوڕێیانمان لە میدیاکان و کەسایەتییە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە بۆ گرنگیدان و پشتگیریکردنتان لە دیپلۆماسییەتی چین.
جیهانی ئەمڕۆ گۆڕانکاری خێرای بەخۆیەوە بینیوە کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە، وێڕای تێکەڵبوون و دەستوەردانی وەرچەرخان و نائارامییەکان، و بەردەوامی زنجیرەی جەنگ و ململانێکان. لە هەمان کاتدا، چین ئەمڕۆ گەشەیەکی خێرا بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز، و گوڕوتینێکی بێوێنە بۆ ڕێنسانس و بوژانەوەی نەتەوەکە بەخۆیەوە دەبینێت، و کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن. لەژێر سەرکردایەتی بەهێزی لێژنەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چین و بە سەرۆکایەتی هاورێ " شی جین پینگ"، دیپلۆماسییەتی چین لە دەوری ئەرکی سەرەکی پارت و وڵات دەخولێتەوە، و پەیڕەوی لە ڕێنماییە زانستییەکانی هزری شی جین پینگ سەبارەت بە دیپلۆماسی دەکات، و بە هەموو هێزێک بەرگری لە سەروەری و ئاسایش و بەرژەوەندییە گەشەپێدانییەکانی وڵات دەکات، و بە توندی پارێزگاری لە سەروەری یاسا لە جیهان و دادپەروەری و یەکسانی دەکات، و دژایەتی هەموو ڕەفتارە تاکلایەنەکان و سیاسەتی هێز و چەوساندنەوە دەکات، و پابەندە بە بەڵێنە نێودەوڵەتییە پێویستەکان و جێبەجێیان دەکات، و بە توندی لە لایەنی دروستی مێژوودا دەوەستێت.
ئێمە متمانەی تەواومان بە داهاتووی مرۆڤایەتی هەیە وەک گرنگترین هێزی ئاشتی و سەقامگیری و دادپەروەری لە جیهاندا، و ئامادەین لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە هەمان دیدگا و ئاواتیان هەیە کار بکەین بۆ بەردەوامبوون لە تۆمارکردنی لاپەڕەیەکی سەردەمیانە کە تایبەتمەند بێت بە ئاشتی و گەشەپێدان و هاوکاری و سوودی هاوبەش بەرەو ئامانجی باڵای بنیاتنانی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی.
بۆیە، من ئامادەم وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە.

کەناڵی CCTV: ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی زۆر نائاسایی بوو بۆ دیپلۆماسییەتی چین. ئایا دەتوانن تیشک بخەنە سەر ئەو دەستکەوتانەی کە دیپلۆماسییەت لەسەر ئاستی لوتکە لە ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە؟ و خاڵە نوێیە دیارەکان لەم ساڵەدا چین؟
وانگ یی: دیپلۆماسییەت لەسەر ئاستی لوتکە بە لەنگەری دیپلۆماسییەتی چین دادەنرێت. سەرۆک شی جین پینگ لە ساڵی ڕابردوودا کاروچالاکی دیپلۆماسی پڕ لە دەستکەوتی لەسەر ئاستی لوتکە ئەنجامدا، لە کاتێکدا بارودۆخی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی ڕەشەبا و شەپۆلە توندەکان ببووەوە، ئەمەش زنجیرەیەک ساتەوەختی مێژوویی گرنگی خولقاند.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، سەرۆک شی جین پینگ چاوپێکەوتنی گرنگی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتە سەرەکییەکانی جیهان ئەنجامدا و پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵیاندا هەبوو، ئەمەش ئەزموونێکی نوێی لە گفتوگۆ و هەماهەنگی لە نێوان وڵاتە گەورەکاندا دروستکرد؛ هەروەها سەردانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ڕووسیا، ئاسیای ناوەڕاست و کۆماری کۆریای کرد، کە دیمەنێکی نوێی لە دراوسێیەتی باش لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ چەسپاند؛ و سەرۆکایەتی لوتکەی تیانجينی بۆ ڕێکخراوی شانگهای بۆ هاوکاری و کۆڕبەندی چین-سیلاک (کۆمەڵەی دەوڵەتانی ئەمریکای لاتین و کاریبی) کرد، کە هێزێکی پاڵنەری نوێی بۆ هاوپشتی "باشووری جیهانی" کۆکردەوە؛ هەروەها بەشداری لە زنجیرەیەک چالاکیدا کرد بە بۆنەی ٨٠یەمین ساڵیادی سەرکەوتنی بەرگری گەلی چین دژی دەستدرێژی ژاپۆن و سەرکەوتنی جەنگی جیهانی دژی فاشیزم، کە دەنگێکی بەهێزی نوێی بۆ بەرگریکردن لە ئاشتی و دادپەروەری بەرزکردەوە.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەتی ئاستی لوتکەوە چینیان ناسی و لێی نزیک بوونەوە و متمانە و چاوەڕوانی زیاتریان لەسەر هەڵچنی. ژمارەیەکی ڕوو لە زیادبوونی وڵاتان درکیان بەوە کردووە کە دیپلۆماسییەتی چینی، کە سەرۆک شی جین پینگ خۆی پلانی بۆ دادەڕێژێت و ڕێبەری دەکات، هۆکارەکانی سەقامگیری و دڵنیایی دابینکردووە، کە بە بەهێزترین و بەهادارترین شت دادەنرێت لەم جیهانە پڕ لە شڵەژانەدا، و بووەتە بڕبڕەی پشتێکی بێ جێگرەوە لە ژێر سێبەری ئەو نائارامییانەی جیهان بەخۆیەوە دەبینێت. بەتایبەتی ئەو دەسپێشخەری و چەمکە گرنگانەی کە سەرۆک شی جین پینگ خستیە ڕوو، ڕەنگدانەوەی دووربینی ستراتیژی ناوازە و دیدگای جیهانی بەرفراوانی ئەون، و ئاراستەی دروستیان بۆ پەرەسەندنی ئەو گۆڕانکارییانە دیاریکرد کە لە ماوەی سەد ساڵدا هاوشێوەیان نەبووە.
لەم ساڵدا، سەرۆک شی جین پینگ پێشوازی لە میوانانی جیهان دەکات لە چین، و سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی نافەرمی سەرکردەکانی وڵاتانی ئاپیک (APEC) و دووەم لوتکەی چین-عەرەب و چەندین چالاکی گەورەی تر دەکات کە چین میواندارییان دەکات، هەروەها چەندین سەردانی گرنگ ئەنجام دەدات، کە بە دڵنیاییەوە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان چین و وڵاتانی جیهان بەرەو ئاراستەیەکی ئەرێنیتر دەبات، و بێگومان ئاسۆیەکی نوێ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەشی مرۆڤایەتی دەکاتەوە، و پاڵنەر دەبێت بۆ نەتەوەی چین تاوەکو بەشداری نوێ پێشکەش بە پرسی ئاشتی و گەشەپێدانی جیهان بکات.


سپۆتنیک: لەژێر سێبەری بارودۆخە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەکاندا، چین و ڕووسیا وەک دوو دەوڵەتی گەورە چۆن ڕووبەڕووی هەوڵەکانی دووبارە داڕشتنەوەی یاسای نێودەوڵەتی و یاساکانی بازرگانی جیهانی دەبنەوە؟
وانگ یی: ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ٣٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەیوەندییەکانی هاوبەشیی ستراتیژی بۆ هەماهەنگی نێوان چین و ڕووسیا، و ٢٥یەمین ساڵیادی واژۆکردنی "پەیماننامەی دراوسێیەتی باش و دۆستایەتی و هاوکاری نێوان چین و ڕووسیا". پەیوەندییەکانی چین و ڕووسیا لە نێوەندی ڕەشەبا و گەردەلوولەکاندا "وەک چیا بە جێگیری ماونەتەوە"، ئەمەش لە سایەی ئەو گۆڕانکاری و نائارامییە تێکەڵاوانەی کە بارودۆخی نێودەوڵەتی بەخۆیەوەیان دەبینێت.
بۆچی ئەم پەیوەندییانە گەیشتنە ئەم ئاستە؟ پێم وایە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی هاوبەشیی ستراتیژی بۆ هەماهەنگی نێوان چین و ڕووسیا لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای یەکسانی، ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراون، و ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی جۆرێکی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن، و نوێنەرایەتی ئاراستەی گەشەکردنی جۆرێکی نوێی پەیوەندی نێوان دەوڵەتە گەورەکان دەکەن.
چین و ڕووسیا لەسەر ئاستی ستراتیژی خاوەن سەربەخۆیی خۆیانن. ئێمە هەمیشە ڕێز لە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی لایەنی بەرامبەر دەگرین، و ئیرادە و ئەجێندای خۆمان بەسەر لایەنی بەرامبەردا بەسەپاندن فەرز ناکەین، پابەندین بە هاوپەیمان نەکردن و ڕووبەڕوونەبوونەوە و نەکردنە ئامانجی لایەنی سێیەم.
چین و ڕووسیا لەسەر ئاستی سیاسی خاوەن متمانەیەکی ئاڵوگۆڕی بەرزن. پشتگیریکردنی یەکتر شان بەشانی یەک، سیفەتێکی بنەڕەتی پەیوەندییەکانی چین و ڕوسیایە، و ئەم پەیوەندییە خاوەن نەرمییەکی ستراتیژی گەورەیە بەرامبەر بە هەر هەوڵێک بۆ نانەوەی دووبەرەکی یان سەپاندنی فشار لە دەرەوە.
چین و ڕووسیا لەسەر ئاستی پراکتیکی خاوەن هاوکارییەکی چڕوپڕن. چین و ڕووسیا خاوەنی زۆرترین ڕێککەوتنی ستراتیژی و نزیکترین هاوکاری ستراتیژین سەبارەت بە پرسە گرنگە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، لەوانەش ئەو پرسەی کە باست کرد سەبارەت بە بەرگریکردن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سیستەمی نێودەوڵەتی.
سیستەمی نێودەوڵەتی کە دوای جەنگی جیهانی دووەم دامەزرا، جارێکی تر لەبەردەم وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەدایە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ لەبەردەم تاقیکردنەوەی ئاڵنگاری و سەختییەکاندا خۆی گرت. لە ساڵی ڕابردوودا، هەردوو سەرۆکی چین و ڕووسیا بەشدارییان لە چالاکییە یادگارییەکانی سەرکەوتنی جەنگی دژی فاشیزم کرد کە لە لایەنی بەرامبەر بەڕێوەچوو، تێیدا هەردوو لایەن سێ بەیاننامەی هاوبەشی پڕبایەخیان دەرکرد سەبارەت بە قووڵکردنەوەی هاوکاری ستراتیژی گشتگیر و چەسپاندنی سەقامگیری ستراتیژی لە جیهاندا و بەرگریکردن لە سەروەری یاسای نێودەوڵەتی، ئەمەش پەیامێکی ڕوونی بۆ جیهان نارد کە پێویستە چەمکی دروست سەبارەت بە مێژووی جەنگی جیهانی دووەم بپارێزرێت و بەرگری لە ئەنجامەکانی سەرکەوتنی جەنگ بکرێت و بە ئیرادەیەکی نەهەژاوەوە ڕەفتارە تاکلایەنەکان و چەوساندنەوە ڕەت بکرێنەوە. پێش ٨٠ ساڵ، ئێمە "بەشداری چینی-ڕووسی"مان پێشکەش کرد لە پێناو دامەزراندنی سیستەمی دوای جەنگ، بەڵام ئەمڕۆ و دوای ٨٠ ساڵ، "وزەی چینی-ڕووسی" دەبەخشین بۆ پێشوازیکردن لە جیهانێکی فرەجەمسەر.


تەلەڤزیۆنی شێنژن: لایەنی چینی ڕایگەیاندووە کە ٣٣یەمین خولی کۆبوونەوەی نافەرمی سەرکردەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن (ئاپیک - APEC) لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو لە شاری شێنژن بەڕێوەدەچێت، گرنگترین ئەو ئەنجامانە چین کە کۆبوونەوەکەی ئەمساڵ بەدەستیان دەهێنێت؟
وانگ یی: چین ئەمساڵ دەوڵەتی میوانداری ئاپیک دەبێت، و ئەمە سێیەمین جارە بۆ چین کە سەرپەرشتی ئەم کارە بکات. ٢٥ ساڵی پڕ لە ڕووداو لە مێژووی گەشەکردنی ئاپیکدا تێپەڕیوە، لەوانەش کۆبوونەوەکانی لە شەنگهای لە ساڵی ٢٠٠١، لە پەکین لە ساڵی ٢٠١٤، و ئەمساڵ لە شێنژن؛ ئەم ڕێکخراوە بە ناو هەوراز و نشێوی هاوکارییەکانی ناوچەکەدا تێپەڕیوە، و هەروەها گەواهی مەبەستی ڕەسەنی چینیش بووە کە نەگۆڕاوە بۆ هەنگاونان لەگەڵ ئاسیا و زەریای هێمن.
بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی دەوڵەتی میواندار بە شێوەیەکی باش، تەواوی کارەکانی چین لەمساڵدا لە دەوری یەک چەق دەسوڕێنەوە، ئەویش بریتییە لە گۆڕینی ئامانج و هێڵە گشتییەکانی دامەزراندنی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش لە ئاسیا و زەریای هێمن بۆ کار و ڕاستی. چەندین دەیەیە چەمکی دامەزراندنی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش لە ئاسیا و زەریای هێمن خراوەتە ڕوو، بەڵام ناکرێت ئەم چەمکە تەنها لەسەر کاغەز بێت یان تەنها وەک دیدگایەک بمێنێتەوە. هیوادارین لە شاری شێنژن وەڵامێک بدۆزینەوە بۆ گەڵاڵەکردنی ڕێککەوتنی گشتی و دیاریکردنی بوارە لەپێشینەکان و گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی، بە جۆرێک دامەزراندنی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش لە ئاسیا و زەریای هێمن ببێتە ڕێککەوتنێکی باو و ئەزموونێکی زیندوو بۆ گەلانی ناوچەکە.
دوای پەیوەندییە چڕەکان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان، ناونیشانی سەرەکی کۆبوونەوەی ئاپیک بۆ ئەمساڵ دیاریکرا، ئەویش بریتییە لە "بنیاتنانی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش لە ئاسیا و زەریای هێمن و برەودان بە خۆشگوزەرانی هاوبەش". ئەم کۆبوونەوەیە کە بڕیارە لە شاری شێنژن بەڕێوەبچێت، سەرنج دەخاتە سەر سێ بواری لەپێشینە: "کراوەیی، داهێنان و هاوکاری"، و ئاراستە دیاری دەکات و جارێکی تر هێز بۆ هاوکاری لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن کۆدەکاتەوە کە لەبەردەم دووڕیانێکی گرنگدا وەستاوە. ئێمە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دامەزراندنی ئەم کۆمەڵگەیە بنیات دەنێین، و ڕێڕەوە جیاوازەکان بۆ بنیاتنانی ناوچەی بازرگانی ئازاد لە ئاسیا و زەریای هێمن ڕێکدەخەینەوە، و پلانی گونجاو بۆ پەیوەندی و تێکەڵاوبوون لە ناوچەکەدا دادەڕێژین، و بە هێزەوە پاڵ بە گۆڕانکاریی دیجیتاڵی، زیرەک و ژینگەییەوە دەنێین. زیاتر لە ٣٠٠ چالاکی لە شارە جیاوازەکاندا بە بەشداری چەندین پارێزگا و شارەوانی ڕێکدەخەین.
لە چینەوە، دەرفەت بۆ هەموو ئابوورییەکانی ئەندام ڕەخساوە تاوەکو بەشدارییەکانی خۆیان پێشکەش بکەن. شاری شێنژن پەنجەرەیەکی گرنگی چاکسازی و کرانەوەی چینە، و ئایکۆنێکی دیاری سۆشیالیزمە بە تایبەتمەندی چینی، و پێشەنگێکی داهێنەرە لە ناوچەی کەنداوی گەورەی (گوانگدۆنگ-هۆنگ کۆنگ-ماکاو). ئێمە سوورین لەسەر کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ هاندانی "ئاپیک" تاوەکو جارێکی تر لە شێنژنەوە دەست پێ بکاتەوە، بەرەو ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش لە ئاسیا و زەریای هێمن.


تەلەڤزیۆنی فینێکس: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جارێکی تر هێرشی سەربازییان کردە سەر ئێران، و ئێستا ململانێکان پەل دەهاوێژن بۆ هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕای لایەنی چینی چییە سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆسیەی ئێران؟
وانگ یی: ئەمە پرسێکە کە جێگەی بایەخی هەموو لایەنەکانە، و هەروەها چەقی بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتییە. لایەنی چینی پابەندە بە هەڵوێستێکی بابەتییانە و دادپەروەرانە، و چەندین جار هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆی ڕوونکردووەتەوە، کە دەکرێت لە یەک ڕستەدا کورت بکرێتەوە: "ڕاگرتنی تەقە و ڕێگریکردن لە جەنگ". چینییە دێرینەکان دەڵێن: "جەنگ ئامرازێکی مەترسیدارە، بۆیە دەبێت وریای پەنابردن بین بۆی ". لەبەردەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە لە نێو ئاگری جەنگدا نوقم بووە، دەمەوێت جەخت بکەمەوە کە ئەم جەنگە نەدەبوو هەر لە بنەڕەتدا هەڵگیرسێت، و هیچ لایەنێکیش تێیدا سەرکەوتوو نابێت. مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جار لە دوای جار ئەوە بە خەڵک ڕادەگەیەنێت کە پەنابردن بۆ هێز چارەسەری کێشەکان نییە، و جەنگ تەنها دەبێتە هۆی ڕق و کینەی زیاتر و هیچ شتێکیش بەرهەم ناهێنێت جگە لە قەیرانی زیاتر. لایەنی چینی جارێکی تر داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی کردەوە سەربازییەکان و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی بەردەوامی بارودۆخەکە و دوورکەوتنەوە لە فراوانبوونی ئاگری جەنگ دەکات.
لایەنی چینی پێی وایە دۆزینەوەی چارەسەری دروست و گونجاو بۆ کێشەکانی پەیوەست بە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستی بە پابەندبوون بەم پرەنسیپە بنەڕەتییانەی خوارەوە هەیە:
یەکەم: ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان. سەروەری بە بەردی بناغەی سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستا دادەنرێت. ئێمە داوا دەکەین کە پێویستە ڕێز لە سەروەری و ئاسایش و سەلامەتی خاکەکەی ئێران و هەموو وڵاتانی ناوچەی کەنداو بگیرێت، بەبێ ئەوەی دەستکاری بکرێن.
دووەم: دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی هەڕەمەکی. هێزی مستەکۆڵە یەکسان نییە بە هێزی ماف، و دروست نییە جیهان بگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە "یاسای جەنگەڵ" حوکمی بکات. ئەوەی هێز بە هەڕەمەکی بەکاردەهێنێت ئەوە ناسەلمێنێت کە بەهێزە، و دروست نییە ڕۆڵەکانی گەلان ببنە قوربانی بێتاوانی جەنگ.
سێیەم: پابەندبوون بە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ. ڕۆڵەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن و سەروەری ڕاستەقینەی ئەم ناوچەیەن، و دەبێت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان بڕیار لەسەر کاروباری خۆیان بدەن. داڕشتنی "شۆڕشی ڕەنگاوڕەنگ" و ئەنجامدانی گۆڕینی ڕژێم لای گەلان کارێکی ڕەتکراوەیە.
چوارەم: چارەسەرکردنی سیاسییانەی پرسە گەرمەکان. چین هەمیشە داوای لەپێشخستنی ئاشتی دەکات، و پێویستە هەموو لایەنەکان لە زووترین کاتدا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگی یەکسانەوە چارەسەر بکەن، و هەوڵ بدەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاوبەش.
پێنجەم: پێویستە دەوڵەتە گەورەکان ڕۆڵێکی بونیادنەر بگێڕن و تواناکانیان بە نییەتێکی باشەوە بەکاربهێنن. پەندێکی تری دێرینی چینی دەڵێت: "لە غیابی دادپەروەریدا، هاوسەنگییەکان لە سەرکەوتنەوە بۆ شکستان دەگۆڕدرێن". بۆیە دەبێت دەوڵەتە گەورەکان پابەندبن بە دادپەروەری و بە ڕێگەیەکی ڕاستدا بڕۆن، و وزەیەکی ئەرێنی زیاتر پێشکەش بە ئاشتی و گەشەپێدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.
چین وەک هاوڕێیەکی دڵسۆز و هاوبەشێکی ستراتیژی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامادەیە لەگەڵیاندا کار بکات بۆ جێبەجێکردنی "دەسپێشخەریی ئاسایشی جیهانی"، بە جۆرێک کە ئارامی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایش بۆ گەلەکانی و ئاشتی بۆ جیهان بگەڕێنێتەوە.


کەناڵی هەواڵی ئاسیایی (Channel News Asia): چین ساڵی ڕابردوو دەسپێشخەریی حوکمڕانی جیهانیی خستەڕوو. هەندێک لە چاودێران پێیان وایە کە خستنەڕووی ئەم دەسپێشخەرییە و بەشداریکردن لەمیکانیزمەکانی وەک "ڕێکخراوی شانگهای" و "وڵاتانی برێکس" ئەوە دەسەلمێنێت کە چین دەیەوێت ڕۆڵێکی گەورەتر لە حوکمڕانی جیهانیدا بگێڕێت و ڕووبەڕووی ئەو سیاسەت و میکانیزمانە ببێتەوە کە ڕۆژئاوا ڕێبەرییان دەکات. وەڵامی ئێوە بۆ ئەمە چییە؟
وانگ یی: جیهانی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئاڵنگاری یەک لە دوای یەک و کورتهێنانی بەرچاو لە حوکمڕانیدا دەبێتەوە، و فرەلایەنی ڕووبەڕووی شۆکی مەترسیدار بووەتەوە.
دەسپێشخەریی حوکمڕانی جیهانی کە لەلایەن سەرۆک شی جین پینگەوە پێشکەش کرا، لە کاتی خۆیدا هات، و بە خێرایی پشتگیری و وەڵامدانەوەی زیاتر لە ١٥٠ دەوڵەت و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەدەست هێنا. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هەر کە ئاگاداری بوو، ڕایگەیاند کە چەمکە سەرەکییەکانی ئەم دەسپێشخەرییە بە پلەیەکی بەرز لەگەڵ ئەو باوەڕانەدا دەگونجێن کە نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە پێیانەوە. "گرووپی هاوڕێیانی حوکمڕانی جیهانی" کە چین دەسپێشخەریی دامەزراندنی کرد، لە بارەگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک و لە جنیڤ دامەزران، و وڵاتانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی "باشووری جیهانی" بە چالاکییەوە چوونە نێوی.
بۆچی دەسپێشخەریی حوکمڕانی جیهانی وەڵامدانەوەیەکی وەها بەرفراوانی هەبوو؟ پێم وایە کلیلەکە لەوەدایە کە ئەو پێنج چەمکەی ئەم دەسپێشخەرییە جەختیان لەسەر دەکاتەوە، کە ئەوانیش: (یەکسانی سەروەری، سەروەری یاسا لە جیهاندا، فرەلایەنی، دانانی مرۆڤ لە پلەی یەکەم، و جەختکردنەوە لەسەر کارکردن)، وەڵامی خواستە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەنەوە و دەربڕینی دەنگی هاوبەشی گەلانی جیهانن.
ڕوونترین پەیام کە دەسپێشخەریی حوکمڕانی جیهانی ناردوویەتی، بریتییە لە پێویستی پابەندبوون بە پێگەی سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ هیچ لەرزینێک، و پێویستی بەهێزکردنی ڕۆڵی ناوەندیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ لاوازکردنی. هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام ئەم جیهانە لە غیابی ئەو ڕێکخراوەدا خراپتر دەبێت. دروستکردنی هەر پلاتفۆرمێکی نوێ بە جیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یان پێکهێنانی تاقمە بچووکەکان و بازنە تەسکەکان، کارێکی ڕەتکراوەیە و بەردەوام نابێت.
ڕوونترین داواکاری کە دەسپێشخەریی حوکمڕانی جیهانی خستوویەتیە ڕوو، پێویستی هەنگاونانی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم، و پێویستی خۆگونجاندنیەتی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی نێودەوڵەتی لە سەدەی ٢١ و گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە جیهاندا، ئەویش لە ڕێگەی چاکسازی و تەواوکردنی سیستەمی حوکمڕانی، بەتایبەتی پێویستی بەهێزکردنی دەنگ و نوێنەرایەتی وڵاتانی "باشووری جیهانی"، و زیادکردنی گوزارشتکردن لە داواکارییە دادپەروەرانەکانی وڵاتە زۆرەکانی لە حاڵی گەشەسەندن، بە مەبەستی دامەزراندنی سیستەمێکی حوکمڕانی جیهانی دادپەروەرتر و یەکسانتر.
چین وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، بە جێگیری پارێزگاری لە پرسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. ئێمە وەک گەورەترین وڵاتی لە حاڵی گەشەسەندن، زیاتر لە هەر لایەک لە ئاستی چاوەڕوانی و خواستەکانی وڵاتانی باشووری جیهانی تێدەگەین. هەریەک لە "ڕێکخراوی شانگهای بۆ هاوکاری" و "میکانیزمی وڵاتانی برێکس" کە لایەنی چینی بەشداری لە بنیاتنانیاندا دەکات، پابەندبوونی جێگیر بە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گرنگترین بەڵگەی کارکردنی خۆیان دادەنێن، و هەوڵ دەدەن بۆ گەڕان و بەدەستهێنانی ئەزموونی سوودبەخش بۆ چاکسازی و تەواوکردنی حوکمڕانی جیهانی. لایەنی چینی داوا لە وڵاتانی زیاتر دەکات بەشداری لە دەسپێشخەریی حوکمڕانی جیهانیدا بکەن و پشتگیری بکەن، تاوەکو پێکەوە کار بکەین بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پاراستن و گەورەکردنی.
کەناڵی CNN: لەو کاتەوەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی، پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە. چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ سەردانەکەی بۆ چین لە کۆتایی ئەم مانگەدا هەیە. ئایا هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چۆن کاریگەری لەسەر ئەم سەردانە دەبێت؟ و چاوەڕوانییەکانی لایەنی چینی چییە بۆ ئەنجامەکانی سەردانەکەی ترەمپ بۆ چین و پەرەسەندنی پەیوەندییە دوولایەنەکان لە قۆناغی داهاتوودا؟
وانگ یی: پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە و کاریگەری لەسەر جیهان هەیە. پچڕانی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات تەنها دەبێتە هۆی تێنەگەیشتن و هەڵەسەنگاندنی هەڵە، و ئاراستەی هەردوو وڵات بەرەو زۆرانبازی و ڕووبەڕووبوونەوە زیان بە جیهان دەگەیەنێت. چین و ویلایەتە یەکگرتووەکان دوو دەوڵەتی گەورەن، و هیچ کامێکیان ناتوانێت لایەنەکەی تر بگۆڕێت، بەڵام دەتوانن شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر بگۆڕن، ئەویش بریتییە لە پابەندبوون بە هەڵوێستی ڕێزگرتنی دوولایەنە، و بەرگریکردن لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە وەک "هێڵی سوور"، و گەڕان بەدوای ئاسۆی هاوکاری و قازانجی هاوبەشدا؛ ئەم شێوازەیە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگونجێت.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە هەردوو سەرۆکی وڵات هەوڵی شەخسییان داوە، و پەیوەندییەکی باشیان لەسەر بەرزترین ئاست پاراستووە، ئەمەش گەرەنتییەکی ستراتیژی گرنگی بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا دابین کردووە، و یارمەتیدەر بووە لە بەدیهێنانی سەقامگیریی گشتی ئەم پەیوەندییانە دوای تێپەڕبوون بە هەوراز و نشێوەکاندا. ئەمساڵ ساڵێکی پڕ لە چالاکییە بۆ پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا، چونکە ئەجێندای پەیوەندییە ئاست بەرزەکانی نێوان هەردوو وڵات خراوەتە سەر مێز. ئێستا پێویستە هەردوو لایەن ئامادەکاری تەواو بکەن و بارودۆخی گونجاو بڕەخسێنن و کۆنترۆڵی مەترسییە هەبووەکان بکەن و ئەو سەرئێشانە بێبایەخانە دوور بخەنەوە. هەڵوێستی لایەنی چینی هەمیشە ئەرێنی و کراوە بووە، و گرنگە لایەنی ئەمریکیش بە هەمان ئاراستەدا هەنگاو بنێت. من دڵنیام تا ئەو کاتەی هەردوو لایەن بە دڵسۆزی و وەفادارییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن، دەتوانین لیستی هاوکارییەکان درێژ بکەینەوە و لیستی کێشەکان بە بەردەوامی کەم بکەینەوە، و دەتوانین لەژێر سەرکردایەتی ستراتیژی هەردوو سەرۆکی وڵاتدا، بگەینە ئەنجامگەلێک کە جێگەی ڕەزامەندی هەردوو گەل بێت، و بگەینە ڕێککەوتنێک کە هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازی لێ بکات، و وا بکەین ساڵی ٢٠٢٦ ببێتە ساڵێکی وەرچەرخان بۆ ئاراستەکردنی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا بەرەو ڕێڕەوی گەشەکردنی دروست و سەقامگیر و بەردەوام.
ئاژانسی هەواڵی پاکستان: تێبینیمان کردووە کە ژینگەی دەوروبەری چین لە ساڵی ڕابردوودا دوور بووە لە ئاشتی، چونکە گۆڕانکاری سیاسی لە چەندین وڵاتدا ڕوویدا، و ناکۆکی و ململانێ لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا زیادی کرد. لایەنی چینی چۆن دەڕوانێتە بارودۆخی دەوروبەری خۆی؟
وانگ یی: فەلسەفەی هاوکاری و دۆستایەتی و دراوسێیەتی باش لە دابونەریت و کولتووری چینەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێمە هەمیشە وڵاتانی دراوسێ دەخەینە پێشینەی کارە لەپێشینەکانی دیپلۆماسییەتمان بەرامبەر بە جیهان. دوای چوونە نێو سەردەمە نوێیەکە، سەرۆک شی جین پینگ چەمکی دیپلۆماسی بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ خستە ڕوو کە بریتییە لە "گەرمی، دڵسۆزی، قازانجی هاوبەش و لێبوردەیی". لێژنەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چین بۆ یەکەمجار لە ساڵی ڕابردوودا کۆنفرانسێکی سەبارەت بە کارەکانی پەیوەست بە وڵاتانی دراوسێ ئەنجامدا، تێیدا ئامانجی زیاتر سەبارەت بە بنیاتنانی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خرایە ڕوو، ئەمەش نیشانەی تێگەیشتن و بایەخدانی زیاتری ئێمەیە بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ، و هەروەها لەلایەن ئەو وڵاتانەشەوە پێشوازی و پشتگیری لێکرا.
ئێستا جیهان دەچێتە ناو سەردەمێکی پڕ لە زریان و گەردەلوول، بەڵام ناوچەی ئاسیا هێشتا سەقامگیری گشتی و گەشەسەندنی خێرای خۆی دەپارێزێت، و ڕێژەی بەشداریی ئاسیا لە گەشەی ئابووری جیهان لە ساڵی ڕابردوودا ٦٠٪ی تێپەڕاندووە. ئەم دیمەنە بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە، بەڵکو ئەنجامی هەوڵە هاوبەشەکانی چین و وڵاتانی دراوسێیە. ئەوە ناشارینەوە کە وڵاتانی ناوچەکە جار و بار گۆڕانکاری سیاسی بەخۆوە دەبینن، و کێشەی ئاڵۆز و هەستیاریش هەن کە مێژوو لە نێوانیاندا بەجێی هێشتووە، بەڵام بنەماکانی دراوسێیەتی باش نەگۆڕاون، و ئاراستەی گشتی بەرەو هاوکاری و قازانجی هاوبەش وەک خۆی ماوەتەوە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ئاشتی و سەقامگیرییەی وڵاتانی دراوسێ، لە پابەندبوونی ڕەهای چین بە فەلسەفەی "تەبایی لەگەڵ دراوسێ و دڵنیاکردنەوە و دەوڵەمەندکردنیان" سەرچاوە دەگرێت، و جێبەجێکردنی چەمکی "گەرمی، دڵسۆزی، قازانجی هاوبەش و لێبوردەیی" و چەمکی هاوبەشی لە داهاتوویەکی یەکگرتوودا، و بانگەشەکردنی بۆ هەرێمایەتییەکی کراوە و فرەلایەنییەکی ڕاستەقینە. با وێنای بکەین، ئەگەر چین هاوشێوەی هەندێک لە دەوڵەتە زلهێزە نەریتییەکان ڕەفتاری بکردایە کە سەرقاڵی دابەشکردنی ناوچەی هەژموونن لە دەوروبەری خۆیان و نانەوەی ململانێ لە نێوان جەمسەرەکاندا تا ئاستی هەژارکردنی دراوسێکانیان، ئایا بارودۆخی ئاسیا وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەمایەوە؟ ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیتوانی سوود لە دەرفەتەکانی گەشەپێدان لە ئاسیا وەربگرێت؟ ڕاستییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە چین هەمیشە لەنگەرێکی ئاسایش بووە لە ناوچەکەدا و بزوێنەری گەشەپێدان و خۆشگوزەرانییەکەی بووە و پیادەکاری بەها هاوبەشە ئاسیاییەکان بووە. ئێمە هەست بە ئارامی دەکەین بەرامبەر بەم ڕۆڵەمان، و ئامادەین لە داهاتوودا هەوڵی زیاتر لەم بارەیەوە بدەین.


چاینا نیوز سێرڤس (China News Service): لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کۆمپانیا چینییەکان و هاوڵاتیانی چینی کە "بەرەو دەرەوە دەچن"، مەودای بەرژەوەندییەکانی چین لە دەرەوە فراوانتر دەبێت، و بەرپرسیارێتی دیپلۆماسییەتی چین بۆ خزمەتکردنی گەل گەورەتر بووە. وەزارەتی دەرەوە چۆن کار دەکات بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە یاساییەکانی هاوڵاتیانی چینی و کۆمپانیا چینییەکان لە دەرەوە بە شێوەیەکی باشتر؟
وانگ یی: خزمەتکردنی گەل ئامانجێکی جێگیری دیپلۆماسییەتی کۆماری گەلی چینە، و بنیاتنانی سیستەمێکی چینی ئارام لە دەرەوە، هەوڵێکی بێوچانی دیپلۆماتکارانی چینە لە سەردەمە نوێیەکەدا.
لە ساڵی ڕابردوودا، مامەڵەمان لەگەڵ زیاتر لە ١٠٠ ڕووداوی لەناکاوی گرنگ کردووە کە پەیوەست بوون بە هاوڵاتیان و دامەزراوە چینییەکان لە دەرەوەی وڵات، و زیاتر لە ٧٩ هەزار دۆسیەی پاراستن و هاوکاری کونسوڵیمان جێبەجێ کردووە، و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار پەیوەندی تەلەفۆنیمان لە ڕێگەی هێڵی گەرمی (١٢٣٠٨) بۆ پاراستنی کونسوڵی پێگەیشتووە. هەروەها زیاتر لە ٣٠٠٠ ئاگادارکردنەوەی ئەمنیمان لە دەرەوەی چین بڵاوکردووەتەوە، و زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتی چینی ڕفێندراومان لە ئەفریقا ڕزگار کردووە، و لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش هاوکاریمان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قوماری ئۆنلاین و فێڵ و تەڵەکەی ئەلیکترۆنی، کە تێیدا دەەیان هەزار کەس بە زۆر یان بە ئارەزوومەندانە بۆ چین گەڕێنراونەتەوە.
لە ساڵی ڕابردوودا، بە توندی پارێزگاریمان لە ماف و بەرژەوەندییە یاساییەکانی کۆمپانیا چینییەکان لە دەرەوە کردووە، و پاڵمان بە حکومەتی وڵاتانی میواندارەوە ناوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی پڕۆژە چینییەکان و کارمەندەکانیان. لە هەمان کاتدا، ڕێکاری بەرپەرچدانەوەی توندوتمان گرتەبەر بەرامبەر بەو سەرکوتکردنە بێ پاساوانەی کە دەکرانە سەر کۆمپانیا چینییەکان، و یارمەتیمان دان لە بەرزکردنەوەی توانای خۆپاراستن لە مەترسییەکان و پاراستنی مافەکانیان بەپێی یاسا. دیپلۆماتکارانی ئێمە ئەرکەکانیان لە ئەستۆ دەگرن، هەندێکیان بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکانی جەنگ و ئاڵۆزیدا خۆڕاگرن، هەندێکیان ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەڕەشەی پەتا و نەخۆشییە گشتگیرەکان دەبنەوە، تەنانەت هەندێکی تریان لە خانوو کانتێنەرییەکان یان لەو بەرزاییانەی کە کەمیی ئۆکسجینیان تێدایە کار دەکەن و دەژین، بەڵام هەموویان بەبێ ماندووبوون و بەبێ گڵەیی خۆیان تەرخان کردووە بۆ کارەکانیان. لەم ساتەدا، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانمان لە ئێران و وڵاتانی کەنداو بە هەموو جیدییەتێکەوە کار دەکەن بۆ گواستنەوە و دابینکردنی ئاسایشی هاوڵاتیانی چینی. دەتوانرێت بڵێین دیپلۆماتکارانی چین پارێزگاری لە هاوڵاتیانی چینی دەکەن لە هەر شوێنێک ئاڵای چین بشەکێتەوە، و هاوڵاتیانی چینی هەست بە بایەخ و گەرمی پارتی کۆمۆنیستی چین و حکومەتی چین دەکەن تا ئەو کاتەی خاوەن ئاوات و داواکاری بن.
دەمەوێت بە هاوڵاتیانمان لە دەرەوە بڵێم: جیهان لە بەردەمتان پڕە لە ئاڵۆزی و پشێوی، بەڵام نیشتمانی دایک لە پشتتانە و سەقامگیری دەپارێزێت و گەرەنتیتان پێ دەدات. ئێمە بەردەوام دەبین لە پابەندبوون بەوەی کە "گەل لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە"، و بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی توانای دابینکردنی ئاسایش لە دەرەوە، و بنیاتنانی سیستەمێکی خۆپارێزی لە مەترسییە ئەمنییەکان کە هەموو جیهان بگرێتەوە.
چاینا دەیلی (China Daily): هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ ئەو ڕۆڵە سەرکردایەتییەی کە وڵاتانی "باشووری جیهانی" دەیگێڕن لە پرۆسەی چاکسازی سیستەمی حوکمڕانی جیهانیدا؟ لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بارودۆخی نێودەوڵەتی گۆڕانکاری گرنگی بەخۆیەوە بینیوە، چونکە پارێزگاریخوازی (Protectionism) و سیاسەتی هێز لە هەڵکشاندایە. چۆن دەکرێت ئەو هاوپشتی و بەهێزکردنی خودەی وڵاتانی باشووری جیهانی بەدی بهێنرێت کە لایەنی چینی هەمیشە داوای دەکات؟
وانگ یی: هەڵکشانی بەکۆمەڵی "باشووری جیهانی" نیشانەیەکی دیاری گۆڕانکارییە گەورەکانی جیهانە. پشکی باشووری جیهانی لە ئابووری جیهاندا لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە ٢٤٪ەوە بۆ زیاتر لە ٤٠٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش وای کردووە ببێتە هێزێکی پاڵنەری بنەڕەتی کە چەرخی فرەجەمسەری جیهانی دەسووڕێنێت.
لە کاتی ئێستادا، مەیلی هەژموونخوازی و سیاسەتی هێز تەشەنەی سەندووە، ئەمەش شۆکێکی توندی بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستا دروست کردووە. بۆیە پێویستە باشووری جیهانی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی بەهێز بکات، و هەوڵی هاوبەش بدات بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە یاساییەکانی و فراوانکردنی مەودای گەشەپێدانی سەربەخۆی خۆی.
ئاژانسی هەواڵی ئیسپانیا: ئەوروپا ناچار بووە پێداچوونەوە بە هەڵوێستی نەرێنی پێشووی خۆیدا بکات بەرامبەر بە چین بەهۆی ئەگەری گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ. لە چەند مانگی ڕابردوودا، چەندین سەرکردەی ئەوروپی سەردانی چینیان کردووە. ئایا لایەنی چینی ئەم سەردانانە وەک دەربڕینێک بۆ هەوڵەکانی لە بەهێزکردنی سەربەخۆیی ستراتیژی دادەنێت؟
وانگ یی: لە ساڵی ڕابردووەوە، گەرمی گەڕاوەتەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان چین و وڵاتانی ئەوروپا. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی گشتی لە تریلیۆنێک دۆلاری ئەمریکی تێپەڕی، و زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیاری ئەوروپی بەبێ پێویستی بە ڤیزا سەردانی چینیان کردووە، لەوەش زیاتر، سەرکردە ئەوروپییەکان یەک لە دوای یەک سەردانی چینیان کردووە. ئاڵوگۆڕەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چالاکتر دەبن و هەردوولا گەیشتوونەتە پاکێجێکی نوێ لە ڕێککەوتنامەکانی هاوکاری. ڕاستییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە هۆکارەکانی سەقامگیری و دڵنیایی لە پەیوەندییەکانی چین و ئەوروپا لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سوودە دوولایەنەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەڵوێستی چین سەبارەت بە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی چین و ئەوروپا ڕوونە. ئێمە هەمیشە ئەوروپا وەک جەمسەرێکی ڕەسەن لە سیستەمی فرە جەمسەریدا دەبینین، و هێزێکی گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیستەمی نێودەوڵەتی، و هاوبەشێکی سەرەکییە بۆ بەدیهێنانی مۆدێرنیزەکردن بە شێوازی چینی. سەقامگیری و سەرکەوتنی پەیوەندییەکانی چین و ئەوروپا بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەوروپا تێگەیشتنێکی دروست بەرامبەر بە چین بنیات بنێت. تێبینیمان کردووە کە ژمارەیەکی ڕوو لە زیادبوونی کەسانی ژیر لە ئەوروپا دان بەوەدا دەنێن کە چین هاوبەشێکی جیهانییە نەک ڕکابەرێکی نەیار، بەتایبەتی نەوەی گەنج لە ئەوروپا بە دیدێکی بابەتییانەتر و ئەرێنیتر سەیری چین دەکەن.
پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەوروپا لە سروشتی خۆیاندا خاوەن تایبەتمەندی تەواوکاریین، و دەتوانن هاوسەنگییەکی دینامیکی تەواو لە پرۆسەی گەشەکردنیاندا بەدەست بهێنن. واقیعی هاوکارییەکانی نێوان چین و ئەوروپا دەریدەخات کە پشتبەستنی یەکتر و تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکان سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشە نییە، و کردنەوە و هاوکاری ئاسایشی ئابووری لاواز ناکەن، و دروستکردنی دیوار و بەربەست تەنها دەبێتە هۆی گۆشەگیریی خود. خۆشحاڵین بە بینینی هاوڕێ ئەوروپییەکانمان کە لە "کابینە تەسکەکەی" پارێزگاریخوازی (Protectionism) دێنە دەرەوە و دەچنە ناو "هۆڵی وەرزشیی" بازاڕی چین، بۆ باشترکردنی "توانای جەستەیی" و بەهێزکردنی توانای کێبڕکێیان لەوێدا.

تۆڕی هەواڵی CGTN: لە ژێر سێبەری بەردەوامی ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل و دۆخی لەرزۆکی ئاگربەست لە غەززە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیاری دامەزراندنی "ئەنجومەنی ئاشتی" کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی غەززە و دانانی ڕێکارەکانی قۆناغی دوای جەنگ. لایەنی چینی چۆن فشار دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین بە شێوەیەکی ڕاستەقینە؟
وانگ یی: بارودۆخی غەززە پەیوەستە بە پاراستنی نزمترین ئاستی ڕەوشتی نێودەوڵەتی. ئەو هەوڵانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئامانجیان بەدیهێنانی ئاگربەستە لە غەززە شایەنی دەستخۆشین، بەڵام هێشتا پێویستمان بە هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست و هاندانی دووبارە ئاوەدانکردنەوە، پاشان دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر و هەمیشەیی بۆ پرسی فەلەستین.
تەنها یەک چارەسەری گونجاو و دانپێدانراوی جیهانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین، ئەویش "چارەسەری دوو دەوڵەت"ە. هەر ڕێکخستنێکی تر یان میکانیزمێکی نوێ دەبێت پشتگیری لە "چارەسەری دوو دەوڵەت" بکات لەبری ئەوەی لاوازی بکات؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبوڵی ناکات جارێکی تر پرسی فەلەستین پەراوێز بخرێت. پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی پێشەنگ لەم پرۆسەیەدا بەتایبەتی.
ژیان لەژێر باری ئاڵۆزی و جەنگەکاندا چارەنووسی نووسراوی گەلی فەلەستین نییە، ئەوان هەمان مافی ڕەوایان هەیە وەک گەلانی ناوچەکانی تری جیهان لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئاشتیانە بەدوور لە ئاگری جەنگ. چین وەک وڵاتێکی گەورەی بەرپرسیار، وەک هەمیشە پشتگیری لە دۆزی ڕەوای فەلەستین دەکات بۆ وەرگرتنەوەی مافە نیشتمانییە ڕەواکانی، و هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات بۆ گەڕاندنەوەی مافەکان بۆ گەلی فەلەستین.

تۆڕی NBC: ئایا لایەنی چینی چوارچێوەی "حوکمڕانی لەلایەن چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" قبوڵ دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جیهانییەکان؟ ئەگەر قبوڵی ناکات، چارەسەری جێگرەوەی چین چییە بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان چین و ئەمریکا، و بۆ ئەوەی جیهان دڵنیا بکاتەوە کە چین مەبەستی نییە کودەتا بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستادا بکات دوای هەڵکشانی هێزەکەی؟
وانگ یی: گومان لەوەدا نییە کە چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاریگەریی گرنگیان لەسەر جیهان هەیە. بەڵام نابێت ئەوە لە یاد بکەین کە لەسەر ئەم هەسارەیە زیاتر لە ١٩٠ دەوڵەت هەن، کە ئەوان پێکەوە مێژووی جیهان دەنووسنەوە، و گەلەکانیان پێکەوە داهاتووی مرۆڤایەتی دەخوڵقێنن. پێکەوەژیان بە جیاوازییەکانەوە سیفەتی ڕەسەنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، و بوونی جەمسەری جیاواز و فرەجەمسەری، دیمەنێکی پێویستی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانە.
ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، دەبینین هەر جارێک کە دەوڵەتە گەورەکان بۆ هەژموونخوازی جەنگیان کردبێت و جەمسەرەکان ڕووبەڕووی یەک بووبێتنەوە، کارەسات و ئازاریان بۆ مرۆڤایەتی هێناوە. بۆیە، چین هەرگیز بە ڕێگەی کۆنی "حەتمیبوونی هەژموونی دەوڵەتە گەورەکان"دا ناڕوات، و لەگەڵ لۆژیکی "حوکمڕانی هاوبەش لەلایەن دەوڵەتە گەورەکان"دا نییە. دەستووری چینیش بە ڕوونی جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوون بە سیاسەتی دەرەوەی سەربەخۆ و پابەندبوون بە ڕۆیشتن بە ڕێگەی گەشەپێدانی ئاشتییانەدا دەکاتەوە. سەرکردەکانی چین چەندین جار لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا جەختیان کردووەتەوە کە چین هەرگیز بەدوای هەژموونخوازی یان فراوانخوازیدا ناگەڕێت، گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی نێودەوڵەتی هەرچۆنێک بن و ئاستی گەشەکردنی چین هەرچەند بێت.
سەبارەت بەوەی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان چۆن گەشە دەکەن، چارەسەری چینی داوای بنیاتنانی فرەجەمسەرییەکی جیهانی دەکات کە تایبەتمەند بێت بە "یەکسانی و ڕێکوپێکی". یەکسانی مەبەست لێی ئەندامییەتی یەکسانی هەموو دەوڵەتانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، جا چ گەورە بن یان بچووک، بەهێز بن یان لاواز، تاوەکو هەمووان بتوانن شوێنی تایبەتی خۆیان لە هاوکێشەی فرەجەمسەریدا بدۆزنەوە و ڕۆڵی پێویستی خۆیان بگێڕن. ڕێکوپێکیش مەبەست لێی پێویستی پابەندبوونی هەموو دەوڵەتانە بەو یاسا نێودەوڵەتییانەی کە لە ئاستی جیهاندا دانیان پێدانراوە، کە ئەوانیش مەبەست و پرەنسیپەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەما سەرەکییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن.
بنیاتنانی فرەجەمسەرییەکی جیهانی یەکسان و ڕێکوپێک دەبێت بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش بێت لەسەر شانی هەموو دەوڵەتان. بەو پێیەی دەوڵەتە گەورەکان خاوەنی سەرچاوە و توانای زیاترن، دەبێت بەرپرسیارێتیی زیاتریش بە سنگێکی فراوانەوە لە ئەستۆ بگرن، و ببنە نموونە بۆ پابەندبوون بە یاساکان و بەجێگەیاندنی بەڵێنەکان و دەستگرتن بە سەروەری یاساوە. چین سوورە لەسەر ئەوەی هێزێکی بونیادنەر بێت لە جیهانێکدا کە گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینێت، و پێکەوە لەگەڵ هەموو دەوڵەتان پێشوازی لە جیهانێکی فرەجەمسەر دەکات.

بەڕازیل دی فاتۆ (Brazil de Fato): "ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانی" کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵی ڕابردوو بڵاوی کردەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە کاری لەپێشینەی ئەمریکا دەستوەردانە لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە ڕێگەی فشار خستنە سەر وڵاتانی ئەمریکای لاتین؛ لایەنی چینی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا دەکات؟
وانگ یی: دروست نییە جارێکی تر شانۆگەرییە کۆنەکەی سەدەی ١٩ لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی سەدەی ٢١ نمایش بکرێتەوە. سەرچاوەکانی ئەمریکای لاتین موڵکی گەلەکانی خۆیەتی، و ئەوان خۆیان ڕێگەی وڵاتەکانیان هەڵدەبژێرن و بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان دۆستەکانیان دیاری دەکەن.
هاوکاریی نێوان چین و ئەمریکای لاتین، هاوکاری و پشتگیرییەکی دوولایەنەیە لە نێوان وڵاتانی "باشووری جیهانی". ئەگەر سەیری ئەوە بکەین کە لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەدا ڕوویداوە، دەبینین کلیلی گەشەسەندنی خێرای پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکای لاتین لەوەدایە کە چین هەمیشە ڕێزی لە گەلانی ئەمریکای لاتین گرتووە، و پابەند بووە بە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین لەسەر بنەمای یەکسانی و بەرژەوەندی هاوبەش و قازانجی دوولایەنە. ئێمە لێکدانەوەی جیۆپۆلەتیکمان نەکردووە، و دەستمان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتانی تر وەرنەداوە، و داوامان لە هیچ دەوڵەتێک نەکردووە کە لایەنگریی ئەم یان ئەو بکات. ئێمە پێکەوە پێنج پڕۆژەی هاوبەشمان لە بوارەکانی "هاوپشتی، گەشەپێدان، شارستانییەت، ئاشتی و پەیوەندییە جەماوەرییەکان" لە کۆبوونەوەی وەزاریی "کۆڕبەندی هاوکاریی نێوان چین و گرووپی دەوڵەتانی ئەمریکای لاتین و کاریبی" ڕاگەیاند، ئەمەش هێڵە گشتییەکانی هەنگاونانی پێکەوەیی چین و ئەمریکای لاتینی بەرەو مۆدێرنە کێشا.
هاوکاریی چین و ئەمریکای لاتین هیچ لایەنێکی سێیەم ناکاتە ئامانج، و نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەری و شڵەژانی لایەنی سێیەمیشەوە. ئێمە متمانەی تەواومان بە داهاتووی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکای لاتین هەیە. چین سوورە لەسەر کارکردنی پێکەوەیی لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین بۆ پاڵپێوەنانی بنیاتنانی "کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەشی چینی-لاتینی" بە هەنگاوی جێگیر، گۆڕانکارییەکانی بارودۆخەکە هەرچۆنێک بن، تاوەکو هاوبەشیی هاوکاری گشتگیر لە نێوان چین و ئەمریکای لاتیندا بە باشترین شێوە خزمەت بە گەلانی هەردوولا بکات.

ئاژانسی هەواڵی شینخوا: ئەو ڕێکارە داهێنەرانە چین کە وەزارەتی دەرەوە دەیانگرێتە بەر بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر جێبەجێکردنی "پلانی پێنج ساڵەی ١٥یەم" و خزمەتکردنی هەوڵەکانی پاڵپێوەنانی مۆدێرنە بە شێوازی چینی لە ڕێگەی گەشەپێدانی کوالێتی بەرزەوە؟
وانگ یی: پلانی پێنج ساڵەی ١٥یەم، نەخشەڕێگەیەکی نوێیە بۆ گەشەپێدانی چین، و دیدگایەکی نوێیە بۆ هاوکاری و قازانجی هاوبەش لە نێوان چین و جیهاندا. ئەمساڵ ساڵی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پلانی پێنج ساڵەی ١٥یەمە؛ بەرەی دیپلۆماسی کار دەکات بۆ کۆکردنەوەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان و سەرچاوەکانی پەیوەست بە کاروباری دەرەوە بۆ ڕەخساندنی بارودۆخێکی دەرەکیی گونجاوتر بۆ خزمەتکردنی گەشەپێدانی کوالێتی بەرز و پاڵپێوەنانی مۆدێرنە بە شێوازی چینی. ئێمە هەوڵەکانمان لەسەر ئەم سێ کارەی خوارەوە چڕ دەکەینەوە:
یەکەم: بەردەوامبوون لە گێڕانی ڕۆڵ وەک خێراکەرێک بۆ کرانەوەی ئاست بەرز. کار دەکەین بۆ پاڵپێوەنانی گەشەپێدانی کوالێتی بەرزی هاوکاری لە بنیاتنانی "پشتێنە و ڕێگا"دا، و فراوانکردنی تۆڕی ناوچەکانی بازرگانی ئازاد بە پێوەرە بەرزەکان، و پاراستنی سەقامگیری و ڕەوانیی زنجیرەکانی پیشەسازی و دابینکردن، و بەستنەوەی ئەمانە بە ئاڵوگۆڕە ئاست بەرزەکان و ئەجێندا دیپلۆماسییە گەورەکان، بە جۆرێک کە ژینگەیەکی بازرگانی دادپەروەر، کراوە و بێ جیاکاری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان لە دەرەوە بڕەخسێنرێت.
دووەم: بەردەوامبوون لە فراوانکردنی "ڕێگەی خێرا" بۆ ئاڵوگۆڕی کەسەکان. ئێمە سیاسەتی بەخشین لە ڤیزامان لە لایەنی خۆمانەوە بەرامبەر بە ٥٠ دەوڵەت گرتووەتە بەر، و ڕێککەوتننامەی بەخشینی دوولایەنەی ڤیزامان بە شێوەیەکی گشتگیر لەگەڵ ٢٩ دەوڵەت واژۆ کردووە؛ ژمارەی ئەو بیانیانەی کە ساڵی ڕابردوو بەبێ ڤیزا هاتوونەتە ناو چین ٧٣٪ی کۆی گشتی گەشتیارە بیانییەکان پێکدەهێنێت. لە قۆناغی داهاتوودا، بەردەوام دەبین لە تەواوکردنی سیاسەتەکانی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی کەسەکان، و سوودوەرگرتن لە سوودەکانی بەخشین لە ڤیزا، و تەواوکردنی خزمەتگوزارییە پشتیوانییەکان، تاوەکو گەشتیاری و ژیان بۆ دۆستانە بیانییەکانمان لە چین ئاسانتر و ئاسوودەتر بێت، و گەشتی هاوڵاتیانی چینیش بۆ دەرەوە ڕەوانتر و ئارامتر بێت.
سێیەم: بەردەوامبوون لە کردنەوەی پەنجەرەی نوێ بۆ کرانەوە و تێکەڵبوون. کار دەکەین بۆ داهێنان و پەرەپێدانی چالاکیی "سەردانی باڵیۆزە بیانییەکانی نێو چین بۆ هەرێمەکانی چین"، و خێراکردنی بنیاتنانی "پلاتفۆرمی زانیاری سەبارەت بە خزمەتگوزاریی گەشەپێدانی کوالێتی بەرزی پلانی پێنج ساڵەی ١٥یەم لە ڕێگەی کارە دیپلۆماسییەکانەوە"، و یارمەتیدانی حکومەتە خۆجێییەکان بۆ گەیشتن بە سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان سەبارەت بە حوکمڕانی و فراوانکردنی هاوکارییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، تاوەکو ڕۆڵی دیپلۆماسی لە بەهێزکردنی گەشەپێدانی ناوخۆیی بە باشترین شێوە چالاک بکرێت.


ئاژانسی هەواڵی نێجیریا: ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ٧٠یەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان چین و ئەفریقا، هەروەها ساڵی ئاڵوگۆڕە جەماوەرییەکانی نێوان چین و ئەفریقایە. لەم ساڵەدا کە خاوەن واتاگەلێکی نائاساییە، چ پەرەسەندن و خاڵە درەوشاوە نوێیەک لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەفریقا دەبینرێن؟
وانگ یی: لە ماوەی حەوت دەیەی ڕابردوودا، دۆستایەتی چین و ئەفریقا لەبەردەم تاقیکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی نێودەوڵەتیدا خۆی گرتووە و زیندووییەکی بەهێزی نیشانداوە. وەزیری دەرەوەی چین پابەندە بەوەی کە ئەفریقا وەک یەکەم شوێنی سەردانی بۆ دەرەوە لە سەرەتای هەموو ساڵێکدا هەڵببژێرێت، ئەمەش نەریتێکە کە بۆ ماوەی ٣٦ ساڵی یەک لە دوای یەک بەبێ هیچ پچڕانێک و بێ گوێدانە سەختی و ئاستەنگەکان پاراستوومانە، ئەمە بووەتە ڕۆح و باوەڕی دیپلۆماسییەتی چین. کاتێک لە سەرەتای ئەمساڵدا سەردانی ئەسیوپیام کرد، خەڵکی ناوچەکە دیمەنە کاریگەرەکانی سەردانی کۆچکردوو "ژۆو ئێن لای" سەرۆک وەزیرانیان بۆ ئەفریقا وەبیر هێناینەوە. کاتێک گەیشتینە تانزانیا، بینیمان ئەو چیرۆکە بەناوبانگەی سەبارەت بە یارمەتی چین لە بنیاتنانی هێڵی ئاسنی "تازارا" هێشتا بە فراوانی لەو خاکەدا دەگێڕدرێتەوە، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندازیار و تەکنیکارە گەنجە چینییەکان کە گیانی پاکی خۆیان لە پێناو ئەو پڕۆژەیەدا بەخت کرد، لەوێ نێژراون. دەتوانرێت بڵێین دۆستایەتی چین و ئەفریقا بە خوێن و ئارەقەی چینییەکان و ئەفریقییەکان دروست بووە، و بە هەستی دڵسۆزانەیان نەوە دوای نەوە دەگوازرێتەوە.
دوای چوونە ناو سەردەمە نوێیەکە، سەرۆک شی جین پینگ بایەخێکی یەکجار زۆر بە پەیوەندییەکانی چین و ئەفریقا دەدات، و ئەو چەمکی "ڕوونی، کرداریبوون، گەرمی و دڵسۆزی" و تێگەیشتنی دروستی بۆ بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و بەرژەوەندی خستە ڕوو، کە وای کرد هاوکارییەکانی چین و ئەفریقا بچنە ئاستێکی نوێوە. تەنها لە ماوەی دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سەرۆک شی جین پینگ سێ نامە و بروسکەی بۆ برایانی ئەفریقا ناردووە: یەکەمیان نامەی پیرۆزبایی بوو بە بۆنەی کردنەوەی "ساڵی ئاڵوگۆڕە جەماوەرییەکانی نێوان چین و ئەفریقا"، دووەمیان نامەی وەڵامدانەوە بوو بۆ جەنگاوەرە دێرینەکانی جەنگی ڕزگاریخوازی زیمبابوی، و سێیەمیان بروسکەی پیرۆزبایی بوو کە ئاراستەی لوتکەی یەکێتی ئەفریقا کرا، کە ئەمە بۆ ١٤ ساڵی یەک لە دوای یەک بەردەوامە. ئەم نامانە دەربڕی ئاواتە دڵسۆزانەکانی سەرکردایەتی چینن لە بەرزترین ئاستدا بۆ گواستنەوەی دۆستایەتی چین و ئەفریقا، و ڕەنگدانەوەی پشتگیری جێگیری چینن بۆ گەشەپێدان و بوژانەوەی ئەفریقا.
پەیوەندییەکانی چین و ئەفریقا لەمساڵدا زنجیرەیەک پەرەسەندنی نوێ بەخۆیانەوە دەبینن، من پێشنیار دەکەم جەخت بکەنە سەر چاودێریکردنی ئەم ٣ لایەنە:
یەکەم: هەنگاوی نوێ دەنێین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەشی چینی-ئەفریقی، بە جۆرێک کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا پێشوازی لە چەندین سەرکردەی دەوڵەتانی ئەفریقا لە چین دەکەین، بە مەبەستی بەهێزکردنی پشتگیری دوولایەنە وەک هاوبەشی هەموو کات و ساتەکان و نووسینەوەی چیرۆکی نوێ سەبارەت بە هاوبەشی لە داهاتوویەکی یەکگرتوودا.
دووەم: چین لە ڕێکەوتی ١ی ئایارەوە، بە شێوەیەکی گشتگیر ڕێکاری "گومرگی سفر" (Zero Tariff) بەسەر ١٠٠٪ی ئەو بەرهەمانەدا جێبەجێ دەکات کە گومرگیان دەچێتە سەر و لە ئەفریقاوە هاوردە دەکرێن. کار دەکەین بۆ زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی کەمکردنەوەی پێناسە گومرگییەکانەوە، تاوەکو سوودەکانی بۆ بژێوی گەل دوو هێندە بێت، و بازاڕە گەورەکەی چین بتوانێت دەرفەتی گەورەتر بۆ ئەفریقا دابین بکات، ئەمەش بە پاڵپشتی کرانەوەی چین لەسەر ئاستی بەرز.
سێیەم: "ساڵی ئاڵوگۆڕە جەماوەرییەکانی نێوان چین و ئەفریقا" دەستی پێکردووە، کە تێیدا نزیکەی ٦٠٠ چالاکی ناوازە و جۆراوجۆر لە ماوەی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچن. لایەنی چینی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەوڵی هاوبەش لەگەڵ برایانی ئەفریقا بۆ قووڵکردنەوەی سوودوەرگرتنی دوولایەنە لە نێوان شارستانیەتەکان و بەهێزکردنی لێکنزیکبوونەوەی گەلان، بە جۆرێک کە دۆستایەتی چین و ئەفریقا نەوە دوای نەوە بگوازرێتەوە.

ڕۆژنامەی گەلی ڕۆژانە (People's Daily): لەبەردەم هەڵکشانی تەوژمی پێچەوانەی جیهانگیریدا، چین چۆن ڕووبەڕووی پارێزگاریخوازی (Protectionism) دەبێتەوە و بە شێوەیەکی باشتر دەرفەتەکان لەگەڵ جیهاندا بەش دەکات و ڕێبەریی گەشەی بەردەوام و سەقامگیری ئابووری جیهانی دەکات؟
وانگ یی: ئابووری جیهانی ڕووبەڕووی ڕەشەبای پێچەوانە بووەتەوە و تەوژمی کۆنەپەرستانە لە پرۆسەی جیهانگیریدا دەردەکەون، بە جۆرێک دەوڵەتێکی دیاریکراو بەربەستی گومرگی دادەنێت و بە هەڕەمەکی هەوڵی پچڕانی پەیوەندی و زنجیرەکان دەدات، ئەمەش وەک ئەوە وایە کەسێک دار و کڵپە هەڵبگرێت بۆ کوژاندنەوەی ئاگر، کە لە کۆتاییدا خۆی دەسووتێنێت. وەک سەرۆک شی جین پینگ فەرموویەتی: گۆڕینی ئاراستەی ئاوی زەریاکان بۆ ناو دەریاچە دابڕاوەکان لە یەکتر کارێکی مەحاڵە و لەگەڵ تەوژمی مێژوودا ناگونجێت. پەنابردن بۆ پارێزگاریخوازی وەک ئەوە وایە کەسێک خۆی لە ژوورێکی تاریکدا گۆشەگیر بکات، وا دیارە کە لە باران و ڕەشەبا دەپارێزرێت، بەڵام لە تیشکی خۆر و هەواش دادەبڕێت.
کێشەکانی سەرچاوەگرتوو لە جیهانگیری ئابووری تەنها لە ڕێگەی گەشەپێدانێکی بەردەوامتر و حوکمڕانییەکی دادپەروەرتر و کاریگەرتر چارەسەر دەکرێن. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک شی جین پینگ جەختی لەسەر پێویستی پاڵپێوەنانی جیهانگیرییەکی ئابووری کردووەتەوە کە تایبەتمەند بێت بە سوودگەیاندن بە هەمووان و گشتگیربوون. ئامانجەکانی بریتین لە بەردەوامبوون لە گەورەکردنی "کێک"ی جیهانگیری ئابووری و پێدانی بایەخێکی زیاتر بە دابەشکردنی بە شێوەیەکی باش و هاوبەش. پرەنسیپەکانیشی بریتین لە بەجێنەهێشتنی هیچ وڵاتێک لە دواوە و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەند. ڕێگەکانیشی بریتین لە هاندانی دەوڵەتان بۆ تەواوکردنی خاڵە بەهێزەکانی یەکتر و بەشکردنی دەرفەتەکان لە گەشەپێدانی کراوەدا، و بەدیهێنانی گەشەپێدانی هاوبەش و سەرکەوتنی دوولایەنە لە ڕێگەی تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکانەوە.
چین تەنها قسەی نەکردووە، بەڵکو قسەکانی وەرگێڕاوە بۆ کار. لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، تێکڕای ڕێژەی گەشەی ساڵانەی ئابووری چین ٥.٤٪ی تێپەڕاندووە، و ڕێژەی بەشداریی لە گەشەی ئابووری جیهاندا لە دەوری ٣٠٪ ماوەتەوە، ئەمەش لە کۆی بەشدارییەکانی "کۆمەڵەی حەوت"ی وڵاتانی ڕۆژئاوا پێکەوە زیاترە. بۆ داهاتوو، چین وەک گەورەترین بازاڕی بەکاربردنی ئەگەری و گەورەترین ئابووری نوێخواز لە جیهاندا، وەک سەرچاوەیەکی سەقامگیرتری هێزی پاڵنەری گەشەی جیهانی دەمێنێتەوە، لەگەڵ بوونی بارودۆخی زیاتر بۆ بەهێزکردنی ئاراستەی ئەرێنی ئابوورییەکەی لەسەر مەودای دوور.
گەورەیی دەوڵەتە زلهێزەکان لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی جیهاندایە. چین کراوەیی ئاست بەرزی خۆی فراوانتر دەکات، و تەنها بەرپرسیارێتی خۆی وەک "کارگەی جیهانی" هەڵناگرێت، بەڵکو ڕۆڵی "بازاڕی جیهانی"یش بە باشی دەگێڕێت. چین بە جێگیری پشتگیری لە ئازادی و ئاسانکاری بازرگانی و وەبەرهێنان دەکات، و پارێزگاری لە سەقامگیری و ڕەوانیی زنجیرە جیهانییەکانی پیشەسازی و دابینکردن دەکات، و بەرگری لە سیستەمی بازرگانی فرەلایەن دەکات کە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی ناوەندەکەیەتی، و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سیستەمی ئابووری و بازرگانی جیهانی کە لەسەر دادپەروەری و کراوەیی دامەزراوە، و بەشداری نوێ لە پێناو گەشەی بەهێز و بەردەوامی ئابووری جیهاندا پێشکەش دەکات.
ئاژانسی هەواڵی کیۆدۆ (Kyodo News): لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا، چین ناڕەزایەتییەکی توندی بەرامبەر بە لێدوانەکانی "سانای تاکایچی" سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن سەبارەت بە تایوان دەربڕی، و ئاڵوگۆڕەکانی نێوان ژاپۆن و چین وەستان؛ لایەنی چینی هیوای چ ئاراستەیەک دەخوازێت بۆ پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و چین لەمساڵدا؟
وانگ یی: ئاراستەی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی چین و ژاپۆن بەندە بە هەڵبژاردنی لایەنی ژاپۆنی.
ساڵی ڕابردوو هاوکات بوو لەگەڵ ٨٠یەمین ساڵیادی سەرکەوتنی جەنگی بەرگری گەلی چین دژی دەستدرێژی ژاپۆن. لەم ساڵەدا کە خاوەن واتاگەلێکی نائاساییە، ئەوەی پێویست بوو ژاپۆن ئەنجامی بدات، پێداچوونەوەیەکی قووڵ بوو بەو ڕێگە هەڵەیەدا کە لە ڕابردوودا گرتبوویە بەر، لەوانەش تۆمارە ڕەشەکانی سەبارەت بە داگیرکردن و کۆلۆنیکردنی تایوان. بەڵام سەرکردەی ئێستای ژاپۆن بانگەشەی ئەوەی کرد کە دۆخی نائاسایی لە تایوان "دۆخێکە هەڕەشە لە مانەوە"ی ژاپۆن دەکات، و ژاپۆن بۆی هەیە لەسەر ئەو بنەمایە پەنا بۆ ئەوەی پێی دەوترێت "مافی بەرگری بەکۆمەڵ" ببات. هەمووان دەزانن کە پەنابردن بۆ مافی بەرگری مەرجدارە بەوەی وڵاتەکە ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری ببێتەوە. لێرەدا دەپرسم: ژاپۆن شەرعییەتی دەستوەردانی لە کاروباری تایوان لە کوێوە هێناوە لە کاتێکدا تایوان بەشێکە لە کاروباری ناوخۆیی چین؟ ژاپۆن دەسەڵاتی جێبەجێکردنی مافی بەرگری لە ئەگەری ڕوودانی هەر دۆخێکی نائاسایی لە ناوچەی تایوانی چینی لە کوێوە هێناوە؟ ئایا ئەوەی پێی دەوترێت مافی بەرگری بەکۆمەڵ، مەبەست لێی بەتاڵکردنەوەی دەستووری ئاشتییە کە تێیدا جەخت لە وازهێنان لە مافی جەنگ دەکرێتەوە؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هێزە میلیتاریستەکانی ژاپۆن لە ڕابردوودا وڵاتانی تریان داگیر کردووە لە ژێر پەردەی "دۆخی هەڕەشە بۆ سەر مانەوە"، گەلی چین و گەلانی تری وڵاتانی ئاسیا ناتوانن تەنها بە نیگەرانییەکی قووڵ و وریاییەکی زۆرەوە بپرسن: ژاپۆن بەرەو کوێ دەچێت؟
ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ٨٠یەمین ساڵیادێکی تر، ئەویش ٨٠یەمین ساڵیادی دەستپێکردنی دادگاییەکانی تۆکیۆیە. پێش ٨٠ ساڵ، دادوەرانی ١١ دەوڵەت بە بەڵگەنامەی یەکلاکەرەوە و دامەزراو دوای دانیشتنەکانی دادگا کە دوو ساڵ و نیوی خایاند، تۆمارێکی پڕ لە تاوانە قێزەونەکانی سەربازیگەری (میلیتاریزم)ی ژاپۆنییان ئاشکرا کرد. ئەوەی دادگای تۆکیۆ دادگایی کرد، ویژدانی مرۆڤایەتی بوو، و ئەو بڕیارەشی کە دەریکرد دەربڕینی دادپەروەری مێژوویی بوو. ئەمڕۆ و دوای ٨٠ ساڵ، مێژوو دەرفەتێکی زێڕین بە ژاپۆن دەبەخشێت بۆ پێداچوونەوەی خودی جارێکی تر. مێژوو ئاوێنەیەکە کە هۆکارەکانی سەرکەوتن و شکستان نیشان دەدات، و ئەوەی وانە لە ڕابردوو وەرنەگرێت، داهاتوو بەزەیی پێدا نایەتەوە. هیوادارین گەلی ژاپۆن خاوەن هزرێکی ڕوون بن و ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدەن کە زیادەڕۆیی لە هەڵسەنگاندنی خوددا بکات و هەڵەکانی ڕابردوو لەمڕۆدا دووبارە بکاتەوە. هەروەها چینی ئێستا کە گەشەی کردووە و بەهێز بووە، و گەلی چین کە ژمارەیان ١.٤ ملیار کەسە، ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەن پاساو بۆ کۆلۆنیالیزم بهێنێتەوە یان داگیرکاری سپی بکاتەوە.

ئاژانسی ANTARAی ئەندۆنیزی: فلیپین سەرۆکایەتی خولیی ئاسیانی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ گرتووەتە دەست، لایەنی چینی چۆن دەڕوانێتە ئاسۆی گەیشتن بە "کۆدی ڕەفتار لە دەریای چینی باشوور" لەگەڵ وڵاتانی ئاسیان؟
وانگ یی: دەریای چینی باشوور لە ئێستادا بە قەرەباڵغترین ئاوی دەریایی بۆ جووڵەی کەشتیگەلی و ئارامترین و ئازادترین ڕێڕەوی دەریایی لە جیهاندا دادەنرێت. لە ساڵی ڕابردوودا، هاوکارییەکان لە دەریای چینی باشووردا گوڕوتینێکی باشیان هەبووە. چین گفتوگۆی قووڵی لەگەڵ ئەندۆنیزیا ئەنجامدا سەبارەت بە گەشەپێدانی هاوبەش لە دەریادا، و دیالۆگی دوولایەنەی لەسەر پرسە دەریاییەکان لەگەڵ مالیزیا کردووە، و هاوکاریی سەبارەت بە گەشەپێدانی بەردەوامی ڕاوەماسی لەگەڵ ڤێتنام دەست پێ کردووە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، پاسەوانی کەناراوەکانی چین توانییان زیاتر لە ١٠ دەریاوانی فلیپینی کە ڕووبەڕووی مەترسی ببوونەوە لە دەریای چینی باشوور ڕزگار بکەن، هەموو ئەمانەش بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنن کە ئاشتی و هاوکاری و دۆستایەتی گوزارشت لە چیرۆکە نوێیەکەی دەریای چینی باشوور دەکەن، و نانەوەی پشێوی جێگەی ڕەزامەندی گەلان نییە، و دروستکردنی کێشە لە نەبووەوە پێشوازی و پشتگیری لێ ناکرێت.
بەدیهێنانی ئاسایش و دڵنیایی هەمیشەیی لە دەریای چینی باشوور، هێشتا پێویستی بە گەرەنتییەکی دامەزراوەیی ڕەها هەیە. لەسەر بنەمای بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی کاریگەری "بەیاننامەی ڕەفتاری لایەنەکان لە دەریای چینی باشوور"، ڕاوێژکارییەکان سەبارەت بە "کۆدی ڕەفتار لە دەریای چینی باشوور" (COC) چووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوە، و هەموو لایەنەکان چاوەڕوانن لە ماوەی ئەمساڵدا ڕاوێژکارییەکان تەواو بکرێن. لایەنی چینی متمانە و ئیرادەی هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ لادانی هۆکارەکانی تێکدان و کۆکردنەوەی خاڵە هاوبەشەکان لەگەڵ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، و گەیشتن بە ڕێککەوتنی گشتی لە زووترین کاتدا، بە جۆرێک کە "یاسایەکی زێڕین"ی کاریگەر بۆ هەموو لایەنەکان دابین بکات بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان و بەهێزکردنی متمانەی دوولایەنە و برەودان بە هاوکاری.
هەروەها هیوادارین فلیپین لە ماوەی سەرۆکایەتی خولیی خۆی بۆ ئاسیان لەمساڵدا، هەست بە بەرپرسیارێتییەکانی بکات و نەکەوێتە دوای بەرژەوەندییە تەسکەکان و ڕۆحی بەرپرسیارێتی پێویست نیشان بدات و ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت لە بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئاژانسی PTI: پەیوەندییەکانی هیندستان و چین دوای ٥ ساڵ لە ساردی، گەڕاونەتەوە سەر ڕێڕەوی ئاساییبوونەوە. هیندستان ئەمساڵ سەرۆکایەتی وڵاتانی برێکس (BRICS) دەکات، لایەنی چینی چۆن دەڕوانێتە بارودۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، و ئەو پێشکەوتنانەی لە پرۆسەی باشترکردنیدا بەدی هاتوون، و ئاراستەی گەشەکردنی لە داهاتوودا؟
وانگ یی: سەرۆک شی جین پینگ لە مانگی ئابی ڕابردوودا لە شاری تیانجين چاوپێکەوتنێکی سەرکەوتووی لەگەڵ نارێندرا مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان ئەنجامدا، ئەمەش وای کرد پەیوەندییەکانی چین و هیندستان دوای دەستپێکردنەوەیان لە چاوپێکەوتنی قازان، بگەنە ئاستێکی نوێ. هەردوو لایەن بە هەموو جیدییەتێکەوە خەریکی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە گرنگەکانی سەرکردایەتی هەردوو وڵاتن، کە تێیدا پەیوەندییەکانی نێوانیان لە هەموو ئاستەکاندا بەهێزتر بووە، و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمار کردووە هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی بەردەوامی پەیوەندییە جەماوەرییەکان، ئەمەش سوودی بەرچاوی بۆ هەردوو گەل هەبووە.
هەریەک لە چین و هیندستان دراوسێیەکی گرنگن بۆ لایەنەکەی تر، و هەردووکیشیان سەر بە "باشووری جیهانی"ن و خاوەن پەیوەندییەکی مرۆیی قووڵ و بەرژەوەندی هاوبەشی بەرفراوانن. متمانەی دوولایەنە و هاوکاری نێوان هەردوو وڵات خزمەت بە گەشەپێدانی هاوبەش دەکات، و دابەشبوون و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوانیاندا خزمەت بە بوژانەوەی ئاسیا ناکات. پێویستە هەردوو لایەن هۆکارەکانی تێکدان لابدەن و بەرەو هەمان ئاراستە هەنگاو بنێن بەپێی ئەو ڕێڕەوەی سەرکردایەتی هەردوو وڵات دیارییان کردووە. یەکەم: پابەندبوون بە تێگەیشتنی ستراتیژی دروست و چەسپاندنی سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەک دوو هاوبەش کە هەر یەکێکیان دەرفەتە بۆ ئەوی تر، نەک وەک دوو نەیار کە هەر یەکێکیان هەڕەشە بێت بۆ سەر ئەوی تر. دووەم: پابەندبوون بە ڕێبازی دراوسێیەتی باش، و کارکردنی پێکەوەیی بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچە سنوورییەکاندا. سێیەم: جەختکردنەوە لەسەر گەشەپێدان وەک گەورەترین خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، و بەدیهێنانی ئەنجامی بەرجەستەی زیاتر بۆ هاوکارییە کردارییەکان. چوارەم: نیشاندانی ڕۆحی بەرپرسیارێتی، و پشتگیریکردنی یەکتر بۆ گرتنەدەستی سەرۆکایەتی خولیی کۆمەڵەی برێکس لەلایەن هەردوو وڵاتەوە لەمساڵ و ساڵی داهاتوودا، و بەخشینی هیوایەکی نوێ بە وڵاتانی زۆری باشووری جیهانی لە ڕێگەی هاوکارییەکی کوالێتی بەرزتر لە چوارچێوەی برێکسدا.

ئاژانسی هەواڵی پێداچوونەوەی چین (China Review News Agency): لەم ماوەیەی دواییدا، دەسەڵاتدارانی "لای چینگ-دێ" چەندین جار بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە تایوان "دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە"، و پرسی تایوان لە کاروباری ناوخۆیی چین نییە. پرسی تایوان و بارودۆخی دەرووی تایوان بەردەوام لە هەڵکشاندایە، ئێوە چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنن؟
وانگ یی: تایوان لە دێرزەمانەوە بەشێک بووە لە خاکی چین، لە ڕابردوودا نەبووە و لە ئێستا و داهاتووشدا هەرگیز نابێتە ئەوەی پێی دەوترێت "دەوڵەت". گەڕانەوەی تایوان بۆ سەر چین ئەنجامی سەرکەوتنی جەنگی بەرگری گەلی چین بوو دژی دەستدرێژی ژاپۆن، و هەروەها بەرهەمێکی سەرکەوتنی جەنگی جیهانی دووەمیش بوو. پێگەی تایوان بە شێوەیەکی بڕاوە لە ڕێگەی زنجیرەیەک بەڵگەنامەی یاسایی نێودەوڵەتییەوە وەک "بەیاننامەی قاهیرە"، "بەیاننامەی پۆتسدام"، "بەڵگەنامەی تەسلیمبوونی ژاپۆن" و بڕیاری ژمارە ٢٧٥٨ی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکلایی کراوەتەوە. هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی ئەوەی پێی دەوترێت "دوو چین" یان "چینێک و تایوانێک" لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، چارەنووسی شکستە.
دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخواز کە پێداگری لەسەر هەڵوێستی جوداخوازی "سەربەخۆیی تایوان" دەکەن، سەرچاوەی ئەو پشێوییەن کە ئاشتی و سەقامگیری لە دەرووی تایوان تێک دەدەن. ڕاستییەکان جار لە دوای جار ئەوەیان سەلماندووە کە هەرچەندە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕەتکردنەوەی هێزە جوداخوازەکانی "سەربەخۆیی تایوان" ڕوونتر بێت، و هەرچەندە هەڵوێستیان بۆ پابەندبوون بە پرەنسیپی چینی یەکگرتوو جێگیرتر بێت، گەرەنتی ئاشتی و سەقامگیری لە دەرووی تایوان زیاتر دەبێت.
پرسی تایوان لە کاروباری ناوخۆیی چینە، و گرنگترین جەوهەری بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی چینە، و دروست نییە ئەم هێڵە سوورە ببەزێنرێت یان پێشێل بکرێت. ئێمە هەرگیز ڕێگە بە هیچ کەسێک یان هیچ هێزێک نادەین تایوان، کە زیاتر لە ٨٠ ساڵ لەمەوبەر لە ژێر داگیرکاری ژاپۆن گەڕێنراوەتەوە، جارێکی تر لە چین جیای بکاتەوە. کۆدەنگییەکی گشتگیر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دروست بووە بۆ پابەندبوون بە پرەنسیپی چینی یەکگرتوو. ژمارەیەکی ڕوو لە زیادبوونی وڵاتان لە لایەنی چین دەوەستن و دووبارە جەخت لە پابەندبوونیان بە پرەنسیپی چینی یەکگرتوو دەکەنەوە و دان بەوەدا دەنێن کە تایوان بەشێکە لە خاکی چین، تەنانەت بە ڕوونی هەموو چالاکییە جوداخوازەکانی "سەربەخۆیی تایوان" ڕەت دەکەنەوە و پشتگیری لە پرسی یەکگرتنەوەی چین دەکەن. ئەمە بە ڕوونی دەیسەلمێنێت کە ڕەتکردنەوەی "سەربەخۆیی تایوان" و پشتگیریکردنی یەکگرتنەوەی چین کارێکە لەگەڵ ڕەوتی گشتی سەردەم و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەگونجێت.
چارەسەرکردنی پرسی تایوان و بەدیهێنانی یەکگرتنەوەی تەواوی نیشتمانی دایک، ڕەوتێکی مێژووییە کە ڕێگری لێ ناکرێت؛ هەرکەسێک لەگەڵی بێت دەگەشێتەوە، و هەرکەسێک دژی بێت لەناو دەچێت.
گڵۆباڵ تایمز (Global Times): لەژێر سێبەری بارودۆخی ئێستادا، ململانێ و ناکۆکییەکان لە جیهاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توندتر دەبن، و ڕێژەی ڕکابەری و ڕووبەڕووبوونەوە لە هەڵکشاندایە، ئەی بۆچی دیپلۆماسییەتی چین بنیاتنانی "کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی" دەکاتە ئامانجی خۆی؟
وانگ یی: بەڵێ، وەک باست کرد مرۆڤایەتی ئێستا لە سەردەمێکدا دەژیت کە پڕە لە ئاڵنگاری. کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، دەبینین هەمیشە پێشەنگگەلێک هەن کە بێوچان بەدوای بەها باڵاکان و ڕووناكیدا دەگەڕێن، ئاڵنگارییەکانی جیهان هەرچۆنێک بن. سەرۆک شی جین پینگ پرسی بنیاتنانی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی خستە ڕوو، ئەمەش گوزارشت بوو لە دووربینی و سنگفراوانیی ئەو وەک سەرکردەی دەوڵەتێکی گەورە، و وەڵامی ئەو پرسیارە سەردەمییەی دایەوە کە "مرۆڤایەتی بەرەو کوێ دەچێت"، و بە جیهانی ڕاگەیاند کە دوژمنی مرۆڤایەتی لە ناوخۆیدا نییە، بەڵکو بریتییە لە جەنگ، هەژاری، برسییەتی و نادادپەروەری. ناکرێت بە تەنیا زاڵ بین بەسەر ئەم ئاڵنگارییانەدا، و مەحاڵە خۆمانی لێ بپارێزین، بۆیە دەبێت هاوپشتی و هاوکاری و پشتیوانی یەکتر لە هەموو جیهاندا هەبێت. گۆشەگیری یارمەتییەکان دەپچڕێنێت، بەڵام هاوپشتی هێز بەرهەم دەهێنێت. گەلانی جیهان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە بەهای سەردەمی و هێزی ڕاستی ئەم چەمکەی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش تێدەگەن، کە وەک چراخانێک وایە و ڕێگەی مرۆڤایەتی بەرەو پێشەوە ڕووناک دەکاتەوە.
هەروەها چەمکی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی، ڕەنگدانەوەی بەرپرسیارێتی چینە وەک دەوڵەتێکی گەورە و پەیامە مێژووییەکەیەتی بەرامبەر بە جیهان. چینییەکان هەمیشە خاوەن دیدگایەکی فراوان بوون بۆ خوڵقاندنی جیهانێک کە هەمووان تێیدا بەشدار بن و تایتمەند بێت بە تەبایی مەزن. ڕێگەی بوژانەوەی مەزنی نەتەوەی چین و هەڵکشانی ئەم دەوڵەتە گەورەیەی کە ژمارەی دانیشتووانی ١.٤ ملیار کەسە، کۆپیکردنەوەی ڕێگە کۆنەکەی دەوڵەتە زلهێزە نەریتییەکان نابێت لە پیادەکردنی هەژموونخوازی و فراوانخوازی، بەڵکو بە ئیرادەیەکی نەهەژاوەوه بە ڕێگەی گەشەپێدانی ئاشتییانەدا دەڕۆین، و هانی هەموو دەوڵەتان دەدەین کە ڕێگەی گەشەپێدانی ئاشتییانە بگرنە بەر و پێکەوە کار بکەین بۆ بنیاتنانی جیهانێکی پاك و جوان کە تێیدا ئاشتییەکی هەمیشەیی، ئاسایشی جیهانی، خۆشگوزەرانی هاوبەش، کراوەیی و گشتگیربوون باڵادەست بێت.
بە خۆشحاڵییەوە دەبینین کە چەمکی بنیاتنانی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دڵی خەڵکدا جێگیر دەبێت، و پشتگیری زیاتر لە ١٠٠ دەوڵەت و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە، و لەلایەن نزیکەی ٨٠٪ی ڕای گشتی نێودەوڵەتییەوە پەسند کراوە. زیاتر لە ٤٠ دەوڵەت و ڕێکخراوی ناوچەیی بەشدارییان لە ڕێزی هاوکاری بۆ بنیاتنانی ئەم کۆمەڵگەیە کردووە. ئەمەش جارێکی تر ئەوە دەسەلمێنێت کە "ئەوەی لە لایەنی ڕاستی و دادپەروەری بێت، یارمەتیی زیاتر بەدەست دەهێنێت"، و پرسی دادپەروەرانە لەلایەن هەموو دەوڵەتانەوە پشتگیری دەکرێت و هێزی گەلان کۆدەکاتەوە.
"داهاتووی مرۆڤایەتی گەشە، بەڵام بە شێوەیەکی خۆکار بەدی نایەت. بنیاتنانی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی ئاسۆیەکی جوانە، لە هەمان کاتدا پڕۆسەیەکی مێژووییشە کە پێویستی بە تێکۆشانی بەردەوام و هەوڵی هاوبەشی نەوە دوای نەوە هەیە. چین بە باوەڕێکی نەهەژاو و هەنگاوی کردەییەوە، دەست لەناو دەست لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کار دەکات بۆ ئەوەی بە بەردەوامی کۆمەڵگەی داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی لە دیدگاوە بگۆڕێت بۆ واقیع."
