شاری ئینچوان لە هەرێمی نینگشیای وڵاتی چین، میوانداری سیمینارێکی نێودەوڵەتی فراوانی کرد لە ژێر ناونیشانی "هزری شی جین پینگ سەبارەت بە سۆشیالیزم بە تایبەتمەندیی چینی بۆ سەردەمێکی نوێ و پەیوەندیی بە جیهانەوە". سیمینارەکە کە بە دروشمی "ڕێگای بەرەو مۆدێرنەبوون: وانەکانی چین لە تیۆری و کرداردا بۆ نەهێشتنی هەژاری" بەڕێوەچوو، پتر لە ١٢٠ کەسایەتی لە ٥٠ وڵاتی جیاوازەوە تێیدا بەشداربوون، کە پێکهاتبوون لە سەرکردەی پارتە سیاسییەکان، باڵیۆزەکان و لێکۆڵەرانی ناوەندە هزرییە باڵاکانی جیهان.

لە پەراوێزی ئەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەدا، نەبەز مستەفا، وەک بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی، لە وتارێکدا کە پێشکەشی ئامادەبووانی کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە دەرخستەی سەرەکی ئەم سیمینارە و ئەزموونی چین ئەوەمان پێ دەڵێت کە "مۆدێرنەبوون" تەنها یەک ڕێگای دیاریکراوی نییە، بەڵکو چین سەلماندی کە مۆدێلی جیاواز و سەرکەوتوو هەن بۆ گەیشتن بە لوتکەی پێشکەوتن.
لە درێژەی وتارەکەیدا، نەبەز مستەفا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی کارای سەنتەرەکەیان لە بونیادنانی پردی پەیوەندیی فکری و شارستانی لە نێوان گەلاندا. لەم چوارچێوەیەدا ئاشکرای کرد کە سەنتەرەکەیان لە ئێستادا وەک بەشێک لە پڕۆژە زانستی و فکرییەکانی، سەرقاڵی وەرگێڕانی بەرگی چوارەم و پێنجەمی کتێبی (شی جین پینگ؛ لەسەر حوکمڕانی و ئیدارە)یە بۆ زمانی کوردی، تاوەکو خوێنەر و لێکۆڵەری کورد بتوانێت لە نزیکەوە و لە سەرچاوەی سەرەکییەوە ئاشنای فەلسەفەی حوکمڕانی و گەشەپێدانی چین بێت.

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە سەرباری ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و پیشەسازییە گەورەیە، چین دەستبەرداری ژینگە و کەلتوور و بەها ڕەسەنەکانی خۆی نەبووە. ئەم هاوسەنگییە دەری دەخات کە "دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک شی جین پینگ" سەبارەت بە شارستانیەتی جیهانی و شارستانییەتی ئیکۆلۆژی. "، چۆن بوونەتە بنەمایەکی پتەو بۆ پێشکەوتنەکانی چین. ئەم دیدگا فکرییە وای کردووە کە گەشەپێدانی وڵات تەنها لە ڕەهەندی ماددیدا نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە مۆدێلێکی گشتگیر کە مرۆڤ، ژینگە و کەلتوور بەیەکەوە دەپارێزێت.
ئەم بەشدارییە فکرییە لە سیمینارەکەدا، دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە بوو کە ئەزموونی چین لە بنبڕکردنی هەژاری، وانەیەکی جیهانییە بۆ تێپەڕاندنی مۆدێلە چەقبەستووەکانی مۆدێرنە و بونیادنانی پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ مرۆڤایەتی.

