
لە چوارچێوەی چالاکییە نێودەوڵەتییەکان بۆ برەودان بە دیالۆگی نێوان کلتوور و نەتەوەکان، سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی بەشداری لە «دیالۆگی نێودەوڵەتیی ناوەندەکانی بیرکردنەوە بۆ دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی» دەکات، کە لەلایەن «یانەی دۆستانی ڕێگای ئاوریشم لە مالیزیا» ڕێکدەخرێت.
لە میانەی کۆڕبەندەکەدا، بەڕێز نەبەز مستەفا عەبدوڵڵا وەک نوێنەرایەتیی سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی دەکات و وتارێک پێشکەش دەکات لەژێر ناونیشانی: «داناییی شارستانی و بەها مرۆیییە هاوبەشەکان».
بەپێی زانیارییەکان، لە میتینگەکەدا نوێنەری ژمارەیەکی بەرچاو لە ناوەندە فکری و ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان بەشدارن، و وتارەکەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی تیشک دەخاتە سەر گرنگیی دەربازبوون لە تیۆریی «پێکدادانی شارستانیەتەکان» و کارکردن لەسەر بنەمای بەها هاوبەشە مرۆیییەکان، ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی کولتووری و برەودان بە ئاشتی و تەباییی جیهانی.
هەروەها تەوەرێکی سەرەکیی وتارەکە تەرخان دەکرێت بۆ ڕۆڵی ستراتیژی و پێشەنگیی «دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگا» (Belt and Road Initiative)، کە تێیدا جەخت لەوە دەکرێتەوە ئەم دەستپێشخەرییە تەنها ڕێڕەوێکی ئابووری و بازرگانی نییە، بەڵکو پردێکی بەهێزی بەیەکبەستنەوەی گەلان و کلتوورەکانە لەسەر بنەمای «سەرکەوتنی هاوبەش» و بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ڕێگەی گەشەپێدانەوە.
ئامانج لەم دیالۆگە نێودەوڵەتییە، کۆکردنەوەی دیدگا جیاوازەکانی ناوەندەکانی بیرکردنەوەیە (Think Tanks) بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی هاوبەش لەپێناو چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە جیهانییەکان و بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی.