لە ژێر دروشمی (داڕشتنی داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی)، شاری هەولێر بووە میوانداری دووەم ساڵیادی (ڕۆژی جیهانیی گفتوگۆی نێوان شارستانییەتەکان).
ئەم ئیڤێنتە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧/٦/٢٠٢٦ لەلایەن (سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی) و بە پاڵپشتی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری میللی چین لە هۆتێل ڕادیسۆن ڕێکخرابوو، کۆکەرەوەی بژاردەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومی و سەرکردە سیاسییەکان، دیپلۆماتکاران و ئەکادیمیستانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوو.
لەم کۆڕبەندەدا کە لەسەر بنەمای بڕیارنامەی ٧٨/٢٨٦ی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ساز کرابوو، جەخت لەوە کرایەوە کە هەرێمی کوردستان بەهۆی فرەیی کلتووری و ئایینییەوە، دەکرێت ببێتە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ گفتوگۆی شارستانییەتەکان. ئامادەبووان ئاماژەیان بەوە کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و چین تەنها لە چوارچێوەی ئابووریدا نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی مرۆیی و کلتووری قووڵی هەیە کە دەکرێت ببێتە هەوێنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. ئەم دیدارە پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە تەنها لە ڕێگەی لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانە دەتوانرێت ڕووبەڕووی ئاڵێنگارییە جیهانییەکان ببینەوە.
کارەکانی ئەم کۆڕبەندە بە پێشوازیکردن لە میوانان و کردنەوەی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی دەستیپێکرد. پاش لێدانی سروودی نیشتمانیی وڵاتان، بەڕێز نەبەز مستەفا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری وتاری بەخێرهاتنی پێشکەش کرد. دواتر بە ڤیدیۆ وتاری فەرمی لەلایەن بەڕێز وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین پەخشکرا و پاشان وتاری د. کاوە مەحموود، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەریی شارستانیەتی جیهانی پێشکەش کران.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکاندا، بەڕێز سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، بەڕێز لیو جون، کونسوڵی گشتی چین لە هەولێر و بەڕێز کێنیدی چیبڤۆنگۆدزێ، نوێنەری UNDP لە هەولێر، دیدگای وڵات و ڕێکخراوەکانیان لەسەر گرنگی ئەم دیالۆگە خستە ڕوو.
تەوەری سەرەکی کۆڕبەندەکە لە دوو پانێڵی زانستیدا چڕبووەوە، پانێڵی یەکەم کە تایبەت بوو بە (باوەشگرتن بۆ سەردەمێکی نوێ و قووڵکردنەوەی دیالۆگی نێوان شارستانییەتەکان) لەلایەن بەڕێز مەسعوود محەمەد بەڕێوەبرا. لەم پانێڵەدا هەر یەکە لە پڕۆفیسۆر ما شیاولین، پڕۆفیسۆر لیو ژۆنگمین، پڕۆفیسۆر د. شێرزاد نەجاڕ، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، بەڕێز ئەبو کاروان و وەک پانێڵست بەشدار بوون و تێڕوانینە ئەکادیمی و سیاسییەکانی خۆیان گەنگەشە کرد.
پانێڵی دووەم کە تیشکی خستە سەر (داهاتوویەکی هاوبەش و پەیوەندییە مرۆییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان)، لەلایەن خاتوو ئاڤان جاف بەڕێوەبرا. پانێڵستەکانی ئەم تەوەرە بریتی بوون لە پڕۆفیسۆر دینگ لۆنگ، د. لی مینگبۆ، د. وێی لیانگ، د. سامان حوسێن عومەر ، بەڕێز جینگ چێنگپێنگ و د. سەروەر محەمەد کە هەریەکەیان لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە بایەخی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییەیان ڕوون کردەوە.
کۆتاییهاتنی کارەکان بە ئاوێتەبوونێکی کلتووری بوو لە ڕێگەی نمایشی هونەری کوردی و چینی، و دواتریش بە وتاری کۆتایی لەلایەن بەڕێزان ئەبو ڕافید، جێگری سکرتێری حزبی شیوعی عێراق و جیهاد محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی ئوردن، کۆتایی بە بەرنامەکانی کۆڕبەندەکە هات و میوانان بۆ کاتێکی پشوو و قاوەخواردنەوە بانگهێشت کران.

پەیوەندیکردن

   تەلەفۆن:  ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٤٩٢٢٨٢

   ئەدرێس:  كوردستان - هەولێر - گەرەکی ئازادی

   ئیمێل  info@global-civilization.org