
چین :
لە چوارچێوەی چالاکییە ئەکادیمی و نێودەوڵەتییەکاندا، د.کاوە مەحمود، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی، بەشداری لە کارەکانی «دووەمین کۆڕبەندی ئەکادیمی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مارکسیزم لە سەدەی بیستویەکەمدا» کرد، کە لە وڵاتی چین بە بەشداریی زیاتر لە بیست زانکۆ و ناوەندی توێژینەوەی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو.
بەشداریی سەرۆکی سەنتەر لە کۆڕبەندەکەدا لە ڕێگەی دوو تەوەری سەرەکییەوە بوو:

یەکەم: مێزگردی سەرەکیی کۆڕبەند د. کاوە مەحمود بەشداری لە مێزگردی سەرەکیی کۆڕبەندەکەدا کرد کە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی تەوەری: «بنیاتنانی گوتار و بەردەوامی لە ئاستی نێودەوڵەتی بە مەبەستی وێنەیەکی نوێی شارستانی». لەم پانێڵە گرنگەدا کۆمەڵێک لە پرۆفیسۆر و توێژەرانی ناسراوی نێودەوڵەتی بەشدار بوون، لەوانە:
- پرۆفیسۆر وانگ فان (زانکۆی Jinan)
- پرۆفیسۆر وانگ فینشنگ (زانکۆی Nankai)
- د. کاوە مەحمود (سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی)
- پرۆفیسۆر جۆزیف گریگۆری (زانکۆی ڕۆژهەڵاتی چین - East China)
لە مێزگردەکەدا گفتوگۆی چڕ لەبارەی ڕەهەندەکانی دیالۆگی شارستانی و دۆزینەوەی گوتارێکی هاوبەشی جیهانی بۆ قۆناغی ئێستا ئەنجامدرا.
دووەم: پێشکەشکردنی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی لە بەشێکی دیکەی کارنامەی کۆڕبەندەکەدا، د. کاوە مەحمود بابەتێکی فکری و ئەکادیمی پێشکەش کرد لەژێر ناونیشانی: «هێڵە گشتییەکانی میتۆد لە مارکسیزم بۆ سەدەی بیستویەکەم». لە بابەتەکەیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی نوێبوونەوەی میتۆدۆلۆژیای مارکسی بۆ شیکردنەوەی ئاڵنگارییە ئابووری، فکری و کۆمەڵایەتییەکانی جیهانی هاوچەرخ و پێداویستییەکانی سەدەی نوێ.
شایانی باسە، ئەم کۆڕبەندە بە یەکێک لە ڕووداوە فکرییە گرنگەکان دادەنرێت لە ئاستی ئاسیادا و بە بەشداری فراوانی نوێنەران و مامۆستایانی زیاتر لە بیست زانکۆ و ناوەندی لێکۆڵینەوە بەڕێوەچوو، کە بووە سەکۆیەکی پڕبایەخ بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕای قووڵ لە نێوان توێژەران و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.